ئه‌ندێشه‌ی خۆت ڕابهێنه‌

ئه‌ندێشه‌ی چاك هه‌میشه‌ له‌ هه‌ستی پاكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت

 

ئه‌ندێشه‌ی چاك وزه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتوو به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، وزه‌ی وێناكردنی جیهانێكی چاكتر و گه‌شتر. هه‌ر ئه‌م وزه‌یه‌ له‌ په‌ستی و ئاڵۆزی ده‌مان پارێزێت و ده‌روونمان ڕه‌وان و ئاسووده‌ ده‌كات. ئه‌ندێشه‌ی چاك هێزێكی كاریگه‌ره‌ به‌ره‌و شادی و به‌خته‌وه‌ریمان ده‌بات، وامان لێ ده‌كات هه‌ست به‌ كامه‌رانی بكه‌ین.


دید و بۆچوون و ئه‌ندێشه‌ و جیهانبینیمان، وێنه‌ی واقیعمان بۆ داده‌ڕێژێت. ئه‌گه‌ر ئه‌ندێشه‌ت چاك بێت، جیهانێكی چاك وێنا ده‌كه‌یت، راسته‌وخۆ یان به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌، هه‌ر ئه‌و جیهانه‌ دێته‌ رێگات، چه‌ند به‌رامبه‌ر به‌م ئه‌ندێشه‌یه‌ كراوه‌ و دڵفراوان و پۆزه‌تیڤ بین، ئه‌وه‌نده‌ جیهانێكی باشتر له‌ ئه‌ندێشه‌دا وێنا ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌نده‌یش زووتر ئه‌و جیهانه‌ چاكه‌ی كه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینین، له‌ واقیعدا ده‌خه‌مڵێت.


با ئه‌ندێشه‌ی چاك بكه‌ین به‌ میتودێكی رۆژانه‌، وه‌كو نوێژ وێردێكی روحی له‌ ناخه‌وه‌ به‌باوه‌ڕه‌وه‌ بۆ خۆمانی دووپات بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وجا بزانه‌ چ گۆڕانێك به‌سه‌ر خۆت و دواتریش به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر و جیهاندا دێنێت.


با ئه‌ندێشه‌ی چاك له‌بری ئه‌ندێشه‌ی په‌ست و هه‌ست و خه‌یاڵی نێگه‌تیڤ به‌كار بهێنین، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ئه‌ندێشه‌ی چاك بكه‌ین به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ژیانی رۆژانه‌مان، ئه‌وجا بزانه‌ ئه‌ندێشه‌ چه‌ند به‌ قووڵی گوزاره‌ له‌ مانای بوونمان ده‌كات! چه‌ند یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئاسووده‌ و ئارام بین، له‌گه‌ڵ جیهان و گه‌ردوونیشدا كۆك و هاوئاهه‌نگ بژین.


جا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌م ئامانجه‌، پێویسته‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی چاكمان، كه‌ له‌ ناخماندا چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، دوور نه‌كه‌وینه‌وه‌ و تا ده‌كرێت گه‌شه‌ی پێ بده‌ین، لێ نه‌گه‌ڕێین هه‌روا سووك و ئاسان گوزه‌ر بكات، ئه‌مه‌یش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌و ئه‌ندێشه‌ پاكه‌ی له‌ ناخماندا سه‌ر هه‌ڵدێنێت، بایه‌خی بزانین و وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی به‌هاداری تێ بڕوانین و به‌ دیارییه‌كی گه‌ردوون و پاداشتێكی خوایی بزانین، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ك به‌ ته‌نیا خێری تۆی تێدایه‌، بگره‌ خێری هه‌موو ده‌روبه‌ر و جیهانی تێدایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت ته‌نیا به‌ تایبه‌تمه‌ندێتی و خاوه‌ندارێتیی شه‌خسی خۆتی نه‌زانیت.


هه‌ر بۆیه‌ گوتم ده‌بێ ئه‌ندێشه‌ی چاك بكه‌ین به‌ وێرد و میتۆد و كه‌ره‌سته‌ی راهێنانی رۆژانه‌مان، وه‌كو نوێژ به‌رده‌وام دووپاتی بكه‌ینه‌وه‌.


به‌كورتی، ئه‌ندێشه‌ی چاك ده‌بێت به‌رده‌وام له‌ناو ده‌روونتدا گه‌شه‌ بكات و لێی دانه‌بڕێیت، ده‌نا مه‌ترسیی ئه‌وه‌ دێته‌ گۆڕی كه‌ سستی و په‌ستی ناخت داگیر بكه‌ن، ئه‌وجا ئه‌ندێشه‌ی خراپ زه‌فه‌رت پێ به‌رێت و ناخت داگیر بكات، ئه‌وسا ژیان خۆی ره‌ش و نێگه‌تیڤ ده‌نوێنێت.


ته‌كنیكێكی ساده‌
ئه‌ندێشه‌ی چاك هه‌رگیز له‌ هه‌ستی خراپه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت، بۆ نموونه‌، كاتێك په‌ستی و سستی و بێزاری و تووڕه‌بوون داتده‌گرێت، مه‌حاڵه‌ بگه‌یت به‌ ئه‌ندێشه‌ی چاك، ئه‌ندێشه‌ی چاك هه‌میشه‌ له‌ هه‌ستی پاك و چاكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئه‌وانه‌ی گۆمڕا و نابه‌كارن، ده‌روونیان به‌ رك و كینه‌ ته‌نراوه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ ناخیان به‌زه‌حمه‌ت په‌ی به‌ ئه‌ندێشه‌ی چاك ده‌بات.


مرۆڤ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ده‌بێت پێوه‌ندی و كۆنتاكتی له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا به‌هێز بكات، بۆ ئه‌مه‌یش ده‌بێ دوور بێت له‌ گرژی و په‌ستی و حه‌ساده‌ت و ئاڵۆزی.
هه‌موو ئه‌م هه‌سته‌ نێگه‌تیڤانه‌ كاریگه‌ریی خراپیان هه‌یه‌، چونكه‌ پێوه‌ندیی وزه‌به‌خشانه‌ت به‌ خودی خۆته‌وه‌ تێكده‌دات، رێگایشت نادا بگه‌یت به‌ ئه‌ندێشه‌ی چاك.
له‌بیرت نه‌چێت، ئه‌ندێشه‌ی چاك ته‌نیا له‌ دۆخێكدا دێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی و ئارامیی بكه‌یت له‌گه‌ڵ خۆتدا، سه‌د له‌ سه‌د له‌ بارودۆخی هۆشمه‌ندی و ئاگایی و هه‌ستكردن به‌ بوون دێته‌ كایه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ ملیۆنه‌ها كه‌س په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر تێڕامان (میداتاسیۆن) و یۆگا و عیباده‌ت و سرووتی جیاجیا، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ كۆنتاكتی راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا.


ئه‌مه‌یش له‌ راستیدا وه‌نه‌بێت زۆر به‌ئاسانی بێته‌ دی، ئه‌وه‌نده‌ ئاسان، وه‌كو ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ به‌ دوگمه‌یه‌كدا بنێیت یه‌كسه‌ر فانتازیا و خه‌یاڵت وێنای ره‌نگاوڕه‌نگی جیهانێكی دیكه‌ت بۆ بهێننه‌ ئه‌نجام. نه‌خێر، دروستكردنی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆتدا كارێكی درێژخایه‌نه‌ و هه‌موو ته‌مه‌نت ده‌گرێته‌وه‌، ره‌نگه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ مه‌رگدا كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام ئه‌ركێكی بونیاتنه‌ره‌ و رۆڵێكی كارای له‌ گه‌شه‌ی ژیانماندا هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا چێژ و شادییش ده‌به‌خشێت، چونكه‌ خۆی له‌ خۆیدا راهێنانێكه‌ وه‌كو یۆگا و میدیتاسیۆن، دیدی پۆزه‌تیڤی ژیانمان فراونتر ده‌كات، تا دێت ره‌نگه‌ جوانه‌كانی جیهانمان بۆ تێر ده‌كات و پتر ره‌نگاوڕه‌نگیان ده‌كات.
ته‌نانه‌ت زانستی سه‌رده‌میش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ هێوری و ئاسووده‌یی ناخ له‌ زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌ سه‌خته‌كانمان ده‌پارێزێت، چونكه‌ له‌ په‌ستان و گۆشار و خه‌مۆكیمان دوور ده‌خاته‌وه‌.


ئه‌ندێشه‌ی چاك و كۆنتاكت له‌گه‌ڵ ئێستادا
بیناكردنی دیدی پۆزه‌تیڤانه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ئێستا و ئێره‌، هه‌رچه‌نده‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی په‌لوپۆ بۆ ئاینده‌یش ده‌هاوێژێت، به‌ڵام ئاینده‌ به‌و شێوه‌ گه‌شه‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین هه‌رگیز نایه‌ته‌ دی، ئه‌گه‌ر ئێستا وێناكردنی تۆخ و تێر و گه‌ش نه‌بێت، چونكه‌ وێنه‌ی ئاینده‌ ده‌بێت لێره‌ و له‌ ئێستا به‌ روونی و به‌ ئه‌ندێشه‌یه‌كی چاك زاخاو درابێت، ته‌نیا ئه‌و ده‌مه‌ وه‌كو یاسایه‌كی خۆڕسكی سروشت دێته‌ دی.