دۆڕانی كلنتۆن و بردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌مه‌ریكی

 

 

ته‌مه‌نی 69 ساڵانه‌ و یاسای خوێندووه‌، له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئۆباما له‌ ساڵانی 2009-2013 پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای به‌ڕێوه‌ بردووه‌. له‌ ساڵانی 1993-2001 خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا بووه‌، یه‌كه‌م خانمه‌ له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی وڵات كاندید كردووه‌.


ئه‌مه‌ له‌ زه‌مه‌نێكدا رووی داوه‌، له‌ وڵاته‌كه‌ی من، هێشتا ژن به‌ كه‌م ئه‌قڵ ناو ده‌برێت، نه‌ك ته‌نیا به‌ زار، به‌ڵكو به‌ یاساش تا هه‌نووكه‌ ژن له‌ دادگا یه‌كسان به‌ پیاو شایه‌دی وه‌رناگیرێت! سه‌مه‌ره‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان قایلین به‌وه‌ی 29%ی په‌رله‌مانمان بریتییه‌ له‌ ناقس ئه‌قڵ، ئاخر ئه‌گه‌ر ژنانی په‌رله‌مان ناقس ئه‌قڵ نه‌بن، پرسیار ئه‌كه‌ن، به‌ كامه‌ ئه‌قڵ و یاسا له‌ كاتی ده‌نگدانیدا له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌نگیان به‌ ده‌نگی یه‌ك مرۆڤی ته‌واو هه‌ژمار ئه‌كرێت، كه‌چی له‌ دادگا به‌ نیوه‌ی نێرینه‌یه‌ك حساو نین. (بێ گومان ئه‌م ورده‌ گله‌ییانه‌م بۆ زه‌مانێكه‌ كه‌ خڕی په‌رله‌مان وه‌ك ناقس ئه‌قڵه‌كان نه‌بووبوون به‌ خانمی ماڵه‌وه‌ی ساڵی چوار وه‌رز له‌ مۆڵه‌تی كراوه‌)!


وه‌كو هه‌ر كه‌سێك چاودێریی هه‌واڵ و پێشهاته‌كان ئه‌كه‌م، زیاتریش وه‌كو ژنێكی فێمینست چاو و هه‌ستم له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ژنان تیژترن.


له‌م بابه‌ته‌، له‌ دوو روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ لێی ورد بوومه‌وه‌ و تێبینیم كرد هیلاری له‌ هه‌ردووكیاندا سه‌ركه‌وتووه‌:


1- له‌ روانه‌گه‌ی تاكگه‌رایی و كلینتۆنیی خانم. یه‌كه‌م ژنه‌ له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا خۆی كاندید ده‌كات بۆ سه‌رۆكی وڵات و به‌و سه‌ختییه‌ تا كۆتایی جه‌نگی هه‌ڵبژاردن به‌هێز و خۆڕاگر ده‌بێت. بێ له‌وه‌ی له‌ كاتی لاوێتیدا له‌پاڵ خوێندن و كاری ئاساییدا، كاری رێكخراوه‌ییشی كردووه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی ژنان و منداڵان له‌ بواری مووچه‌ی یه‌كسان و مۆڵه‌تیی دایكایه‌تی به‌ مووچه‌ی ته‌واوه‌. خاتوون تا ئه‌م چركه‌یه‌ش وازی نه‌هێناوه‌ له‌ پرنسیپه‌ فێمینیستیانه‌كانی خۆی و جوانترین شتی ئه‌وه‌ بوو له‌ كاتی جه‌نگه‌كه‌دا تره‌مپ تۆمه‌تباری ده‌كرد به‌وه‌ی كارتی مافه‌كانی ژنان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كار دێنێت، ئه‌وه‌ بوو له‌ وه‌ڵامدا خاتوو هیلاری گوتی من حاشا ناكه‌م له‌و تۆمه‌ته‌ و پرسی ژنان یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ی كه‌ زۆریش بایه‌خم پێى داوه‌ و له‌ داهاتووشدا هه‌ر جێگه‌ی بایه‌خم ده‌بێت. به‌های ئه‌م خاڵه‌ له‌وه‌دایه‌ خانم له‌ كاتی وتاری دۆڕاندنی، ژنانی بیر نه‌چووبووه‌ و له‌په‌یامه‌كه‌یدا هیوایه‌كی هێنده‌ به‌رز و راستگۆ و پاكی پێ راگه‌یاندن كه‌ جگه‌ له‌ چه‌پڵه‌ڕێزان فرمێسكی خانمانی ده‌نگده‌ری دۆڕاو، بوون به‌ بریسكه‌یه‌كی پڕ له‌ ئومێد به‌ داهاتووی گه‌ش و پڕشنگدار. خاتوو كلنتۆن گوتی "ئه‌وپه‌ڕی شانازیمه‌ ژنان و به‌تایبه‌تی ژنانی لاو له‌م ماوه‌یه‌ منتان كردووه‌ به‌ پاڵه‌وانی خۆتان و ده‌نگتان داومه‌تێ. ئه‌مڕۆ من وه‌كو كه‌س له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ دۆڕام، به‌ڵام بیرتان نه‌چێت، هه‌موو كاری ئێوه‌ و من له‌ پێناو سه‌رخستنی به‌های كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ به‌های دیموكراسیی ئه‌مه‌ریكا. خۆم، تێر گریام له‌دیار به‌های دیموكراسیی كوردیی بێ ده‌نگ و ره‌نگ و بۆن! ناهه‌قم مه‌گرن، په‌رله‌مانێك خۆی و من بكات به‌ ناقس ئه‌قڵ و ئیراده‌، هه‌بوون و نه‌بوونی وه‌كو یه‌كه‌.


2- خاتوو كلینتۆن وه‌كو كاندیدی حزبی دیموكراتی، هه‌ندێ كه‌س ئه‌ڵێن سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش كراوه‌، هه‌شت ساڵ بۆ كۆمارییه‌كان و هه‌شت ساڵ بۆ دیموكراسه‌كان. واتا، هیلاری له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌یزانی نۆره‌ی كۆمارییه‌كانه‌ و هه‌ر ده‌رناچێت. هه‌روه‌ها له‌كۆتاییشدا، سه‌رچاوه‌ی بڕیار له‌ ئه‌مه‌ریكا لای كۆنگرێسه‌ نه‌ك سه‌رۆك به‌ته‌نیا. مانای ئه‌وه‌یه‌، هیلاری له‌ هه‌ردوو باردا ئه‌م هه‌موو به‌زمه‌ی له‌پێناو سه‌رخستنی به‌های دیموكراسیی ئه‌مه‌ریكی كردووه‌ و له‌ئێستاوه‌ ئه‌بێ جیهان خۆی ئاماده‌ بكات، ئه‌مه‌ریكا چۆن توانیی سه‌رۆكی ره‌شپێستی هه‌بێت، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش سه‌رۆكی داهاتووی ژن ئه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موویان سه‌لماندییان كه‌ لای ئه‌مه‌ریكییه‌كان، به‌های دیموكراسیی له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دیكه‌وه‌یه‌.