سوێد... باشترین وڵات بۆ كچان

له‌ باخچه‌كانی ساوایانی سوێددا ئافره‌ت و پیاو پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن

 

راپرسییه‌كان ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌ونه‌وه‌ كه‌ سوێد باشترین وڵاته‌ بۆ كچان.
پاش سوێد به‌ پله‌ی دووه‌م و سێیه‌م فینلاند و نه‌رویج دێن. واته‌ وڵاتانی ئیسكه‌نده‌ناڤیا و باكوور باشترین وڵاتن بۆ ئه‌وه‌ی كچان ژیانێكی ئاسووده‌ و خۆشگوزه‌ران و داهێنه‌رانه‌ی تێدا به‌سه‌ر به‌رن.
ئه‌م ئاسووده‌ییه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌ خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی خه‌ڵكدا هه‌یه‌. دیاره‌ ستراتیژ و پلانه‌كانی حكوومه‌ت بۆ به‌رقه‌راركردنی ژیانێكی ئاسووده‌ بۆ كچان، بۆ په‌روه‌رده‌یه‌كی باش له‌ وڵاتانی باكووردا ئاشكرا و به‌رچاون.
یه‌كه‌م ستراتیژ كه‌ له‌ پلانی حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا بۆ منداڵ به‌گشتی و بۆ كچان به‌تایبه‌تی پیاده‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دایك و باوك كاتێكی باشیان بۆ منداڵه‌كانیان هه‌بێت. ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌هۆی پێداویستییه‌كانی كاری رۆژانه‌وه‌، به‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كانی رۆژئاوا ده‌ژمێردرێت.
دایك و باب له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌ت، كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش له‌دایكبوونی منداڵ، نه‌ك هه‌ر دایك بگره‌ باوكیش ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌ مووچه‌وه‌ كار نه‌كات و هه‌موو كاتێكی ته‌نیا بۆ منداڵه‌كه‌ی ته‌رخان بكات.
ئه‌مه‌ وا له‌ باوك ده‌كات له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنای منداڵه‌كه‌ی بێت، ئه‌م شێوازه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و باوكانه‌ گرنگه‌ كه‌ هێشتا گه‌نجن. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵه‌ كچ بێت، باوك باشتر ئاشنای ده‌بێت و سۆز و خۆشه‌ویستی پێی ده‌به‌خشێت. ئه‌م پێوه‌ندی و كۆنتاكه‌ به‌هێزه‌ی باوك له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا بۆ سه‌رانسه‌ری ته‌مه‌ن په‌ل ده‌هاوێت. خۆشه‌ویستی و سۆز و رێز له‌لای هه‌دووكیان بۆ یه‌كتر به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌ ئاینده‌شدا ئه‌و منداڵه‌ كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و خێزان پێك دێنێت، ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتێكی باش بۆ منداڵه‌كانی خۆی ته‌رخان ده‌كات.
ئه‌م هۆكاره‌ و گه‌لێ هۆكارى دیكه‌ی ئابووری هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی گه‌نجان، هاوسه‌رگیری بكه‌ن و خێزان پێك بێنن و بایه‌خێكی زۆریش به‌ په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان بده‌ن.
له‌ باخچه‌ی ساوایانی وڵاتی سوێددا، ئافره‌تان و پیاوان پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، ئێستا زۆر هانی ئه‌وه‌ ده‌درێت پیاوان بێنه‌ ناو بواری كاركردن له‌ باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌كانی قۆناخی سه‌ره‌تایی. كۆلێژه‌كانی په‌روه‌رده‌ی بنیات، كه‌ به‌زۆری قوتابییه‌كانی له‌ كچانن، ئاسانكارییه‌كی زۆر بۆ كوران ده‌كه‌ن و هانیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو بواری په‌روه‌رده‌وه‌.
هه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ كه‌ سوێد یه‌كێك بێت له‌ باشترین وڵاته‌كانی جیهان بۆ هێنانه‌دیى منداڵ. چونكه‌ هه‌موو جۆره‌ كارئاسانی و كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌ك بۆ په‌روه‌رده‌ی منداڵ تا راده‌یه‌كی باش مسۆگه‌ر كراوه‌.
هه‌ر بۆیه‌ وڵاتانی ئیسكه‌نده‌ناڤیا و باكوور له‌ رووی ئاسووده‌یی و دڵنیاییه‌وه‌ له‌ جیهاندا به‌ به‌باشترین وڵاتانی دونیا ده‌ژمێردرێن.
به‌پێی راپرسییه‌كانی رێكخراوی (منداڵپارێز)ی جیهانی، سوێد باشترین وڵاته‌ بۆ كچان، پاشتریش كه‌ گه‌وره‌ ده‌بن و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كوڕان و پیاوان دروست ده‌كه‌ن، به‌رله‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بكه‌ن و خێزان پێك بێنن.
دیاره‌ سوێد و فینلاند و نه‌وریج، ئه‌م سێ وڵاته‌ زۆر سیما و تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، گه‌لێك ره‌هه‌ندی مێژوویی له‌ چه‌شنی یه‌كدییان هه‌یه‌، كه‌ وایان لێ ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی شارستانییه‌دا هه‌نگاوی باش بنێن.
یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ گرنگانه‌ كه‌ گه‌شه‌ی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ داوه‌ و وڵاتی پێشخستووه‌، به‌شداریكردنی كارا و چالاكی ئافره‌تانه‌ له‌ بینای كۆمه‌ڵگه‌ و تێكڕای بواره‌ گرنگه‌كانی ژیان.
هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ناكرێت له‌بار بێت بۆ په‌روه‌ردی كچان، هاوكات ته‌نیا و ته‌نیا پیاوان بیبه‌ن به‌ڕێوه‌.
خاتوو ئێلێزابێس دالین، كه‌ سكرتێری گشتیی رێكخراوی منداڵپارێزه‌، ئه‌م پرسه‌ به‌م شێوه‌یه‌ روون ده‌كاته‌وه‌:
له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ و گه‌وره‌بوونی كچان له‌ بنی بنه‌وه‌ى لیسته‌كه‌دان، كچان له‌و وڵاتانه‌دا به‌ بازنه‌یه‌كی خراپدا تێده‌په‌ڕن، واته‌ به‌گشتی زوو دووچاری هاوسه‌رگیری و ژیانی خێزانییان ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا هۆكارێكه‌ بۆ دووگیانی و سكرپڕبوون له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا، بۆیه‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ كچانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌توانن له‌ خوێندن به‌رده‌وام بن.
فێمێنسته‌كانی سوێد سه‌ره‌ڕای هه‌موو پێشكه‌وتن و ده‌سكه‌وته‌كانیان له‌ بواری مافی ئافره‌تاندا، هێشتا ره‌خنه‌یان هه‌یه‌ و ده‌خوازن هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بنێن، ئه‌وان تێده‌كۆشن بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی ئافره‌تان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا یه‌كسان بێت به‌ مووچه‌ی پیاوان، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یه‌كسانییه‌ تا ئێستا له‌ هه‌ندێك بواردا ئه‌نجام نه‌دراوه‌. نه‌ك ته‌نیا له‌ بوای كار و مووچه‌دا، بگره‌ له‌ چه‌ندین بواری دیكه‌ی و وه‌كو زانكۆ و خوێندنی باڵا و وه‌رزشیشدا.
سیناریۆ:
رۆژانه‌ له‌ ستۆكهۆڵم سه‌رنجی پیاوان ده‌ده‌م كه‌ به‌ ئاسووده‌ییه‌وه‌ پاڵ به‌ عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌نێن. باوكان ده‌بینم له‌گه‌ڵ كچه‌كانیان پیاسه‌ ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ شانۆ و سینه‌ما و ئۆپێرا، زۆر جاریش باوكان نزیكترین هاوڕێی كچه‌كانیانن.
بیست و دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌سه‌ر شه‌قامێكی ستۆكهۆڵم پاڵم به‌ عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌نا، له‌ناكاو ناسیاوێكم سڵاوی لێ كردم و خێرا تێپه‌ڕی.
پاشان ته‌لیفۆنی بۆ كردم:
- دكتۆر ئه‌مڕۆ كه‌ بینیتم پاڵ به‌ عه‌ره‌بانه‌ی منداڵه‌كه‌ته‌وه‌ ده‌نێیت، گه‌لێك خه‌مبار بووم!
-بۆ؟
- ئه‌ی دایكی له‌ كوێ بوو؟
- دایكی له‌ ماڵ بوو.
- ئاخر ئه‌وه‌ ئیشی پیاو نییه‌، ئای چیمان لێ به‌سه‌رهات له‌م وڵاته‌!
- كێشه‌ نییه‌.
- منداڵه‌كه‌ت كوڕه‌ یان كچه‌؟
- كوڕه‌.
- كه‌واته‌ كێشه‌ نییه‌.