په‌یماننامه‌ى زه‌هاو له‌ ساڵى 1639 گوڕ و توانای میرنشینێكی به‌ره‌و ونبوون برد

 

گه‌لى كورده‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و مه‌ینه‌تى و ئازارێك كه‌ به‌درێژایی قۆناغه‌كانى مێژوو بینیویه‌تى، ژیانى سه‌ختى تێدا به‌ رێ كردووه‌ و هه‌رگیز چۆكى بۆ دوژمنه‌كانى دا نه‌داوه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا هه‌لێكى بۆ ره‌خسابێت، ئه‌وا به‌دواى مافه‌كانى خۆیدا گه‌ڕاوه‌ .


فه‌رمانڕه‌واى ئه‌رده‌ڵان سه‌رقاڵ بوو به‌ ململانێیه‌كى سه‌خت و دژوار، كۆشكى ده‌سه‌ڵاتى قاجاریى ئێرانى راسته‌وخۆ ده‌ستى خستبووه‌ ناو كاروبارى میرنشینه‌كه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كاره‌كته‌رى ژن و ژنخوازییان ده‌قۆسته‌وه‌.


له‌ سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاتى زنجیره‌ شای زینده‌كان، میرانى ئه‌رده‌ڵان بێ سێ و دوو ملكه‌چیى فه‌رمانڕه‌واى ناوه‌ند بوون، ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ڕه‌كانى كه‌ریم خانى زه‌ند له‌گه‌ڵ پاشاى به‌غدا له‌ خزمه‌تى شادا بوو، به‌ڵام دواى مه‌رگى كه‌ریم خان بۆ میرانى كورد روون بووه‌وه‌ كه‌ زوو یا دره‌نگ، خێڵى قاجار ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست ده‌هێنن، هه‌ر بۆیه‌ خوسره‌و خانى میرى ئه‌رده‌ڵان ئه‌نجومه‌نێكى راوێژكاریی له‌گه‌ڵ پیاوماقووڵانى كورد بۆ ته‌ماشاكردنى بارودۆخه‌كه‌ ساز دا و دواى وتووێژ بڕیار درا كه‌ پشتیوانى له‌ ئاغا محه‌مه‌د خان بكرێت نه‌ك جه‌عفه‌ر خانى زه‌ند، دوای له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتنى ئاغا محه‌مه‌د خانى قاجار، داوایان له‌ خوسره‌و خان كرد بچێته‌ تاران، به‌ڵام تا ساڵى 1203 سه‌رى له‌ تاران نه‌دا، تا وه‌ختێك خان ئه‌حمه‌د خانى كوڕیان وه‌ك جێگره‌وه‌ى ئه‌و دیارى كرد. خوسره‌و خان له‌ تاران نه‌خۆش كه‌وت، وه‌ختێك كوڕه‌كه‌ى له‌ كاتى له‌شكركێشى بۆ سه‌ر هۆزه‌كانى موكرى و بڵباس ده‌ڕوات و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا ده‌كوژرێت.


میرنیشى ئه‌رده‌ڵان یه‌كێكه‌ له‌ میرنشینه‌ هه‌ر به‌ناوبانگ و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى كوردستان، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌ له‌ كوردستان. دامه‌زارندنى میرنشینى ئه‌رده‌ڵان له‌ به‌شى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ ساڵى ((617-1220ز بووه‌، پاشان ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بوو تا گه‌یشته‌ كه‌ركووك.


میرنشینى ئه‌رده‌ڵان یه‌كێكه‌ له‌و میرنشینه‌ به‌هێز و گه‌ورانه‌ى سه‌رده‌مى خۆى، ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كه‌ى بۆ نزیكه‌ى دوو سه‌ده‌ به‌رده‌وام بوو، له‌نێوان ساڵانى (1284- 1867ز)دا بووه‌، به‌ڵام دواتر ورده‌ ورده‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌ و بێهێز بووه‌ تا له‌ كۆتاییدا به‌ره‌و له‌ناوچوون رۆیشتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى چه‌ندین هۆكاره‌وه‌ بووه‌، جا ئه‌و هۆكارانه‌ ناوخۆیی یان ده‌ره‌كى بووبن، كاریگه‌ریى ته‌واویان له‌سه‌ر رووخانى ئه‌و میرنیشینه‌ هه‌بووه‌.


هۆكارى ناوخۆیی به‌ ئاشكرا رۆڵى خۆى بینیوه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكى نه‌گۆڕ بووه‌ له‌ رووخانی هه‌موو میرنیشینه‌كاندا.


هه‌روه‌ها له‌ میرنشینى ئه‌رده‌ڵان ته‌نیا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رده‌ڵان له‌سه‌ر ڕێبازى مه‌زهه‌بى شیعه‌ بوون و خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ گشتى له‌سه‌ر ڕێبازى مه‌زهه‌بى سوننه‌ بوونه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا جۆره‌ دژایه‌تییه‌ك بووه‌ له‌نێوان و خه‌ڵك و فه‌رمانڕه‌وادا، ئه‌مه‌ بۆ دوژمنیش خاڵیكی لاواز بوو تا زه‌فه‌ر به‌و میرنشینه‌ بهێنێ.


ئه‌و حكوومه‌ته‌ كوردییه‌ى كه‌ دامه‌زاربوو، هیواى دڵخۆشى بوو بۆ هه‌موو كوردان، به‌ڵام پاش دوو ساڵ له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌، كورده‌ خۆفرۆشه‌كان هاوكاریى حكوومه‌تى فارس و توركیان كرد و به‌پێش له‌شكره‌كه‌ی ئه‌وان كه‌وتن، به‌هۆی ئه‌م خیانه‌ته‌ قێزه‌ونه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییان له‌ده‌ست دا.


ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ میره‌كانى ئه‌رده‌ڵان له‌جیاتى پشتى زه‌ندییه‌كان بگرن كه‌ كورد بوون، هاوكاریی قاجاره‌كانیان ده‌كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ به‌شێك له‌ میره‌كانی ئه‌رده‌ڵان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و خانه‌دانییه‌كه‌ى خۆیان میرنیشینه‌كه‌یان به‌ره‌و نه‌مان برد. ئه‌مه‌ش لاوازیى به‌شێك له‌ میره‌كانى ئه‌رده‌ڵان نیشان ده‌دات، كه‌ دواتر به‌هۆى لاوازیى خۆیان چوونه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى ئێرانى، تا له‌كۆتاییدا له‌ناو چوو.


جگه‌ له‌وانه‌ چه‌ندین هۆكارى تر هه‌بوون كه‌ وایان كرد ئه‌و میرنشینه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ناو بچێت كه‌ به‌ پاڵنه‌رى ده‌ره‌كى ده‌ژمێردرێـن بۆ سه‌ر ئه‌م میرنشینه‌ كوردییه‌.


گرنگترین هۆكاری ده‌ره‌كی بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و میرنشینه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ده‌ركه‌وتنى قزلباشه‌كان میرنشینى ئه‌رده‌ڵانیان تووشى شڵه‌ژان كرد، هه‌روه‌ها تێكچوونى بارى ئابووریى ئه‌و میرنشینه‌، به‌هۆى ئه‌و یاریكردنه‌ كه‌ میره‌كان ده‌یانكرد، هه‌ر جاره‌ و له‌لاى یه‌كێك له‌و دوو زلهێزه‌ى عوسمانى و سه‌فه‌وییه‌كان بوون، پشتگیرییان ده‌كردن. جگه‌ له‌وه‌، به‌هۆى به‌ستنى په‌یماننامه‌ى زه‌هاو له‌ ساڵى 1639ز گوڕ و تواناى ئه‌و میرنشینه‌ كز بووه‌وه‌، تا دواتر ده‌سه‌ڵاتیان كه‌م كرد و له‌ كۆتاییدا له‌ ساڵى 1867ز له‌ناو چوو. له‌دواى ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌، میره‌كانى میرنشینى ئه‌رده‌ڵان بوونه‌ كاربه‌ده‌ستى ده‌وڵه‌تى ئێران.


.
سه‌رچاوه‌كان:
-میر شه‌ره‌ف خانى به‌دلیسى: شه‌ره‌فنامه‌
-مه‌لا خالیدى فریزى: پوخته‌ى مێژووى كورد.
-محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د باقى: میرنشینى ئه‌رده‌ڵان، بابان، سۆران.