كاتێ گونجاو بۆ ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى

 

 

جارێك به‌رپرسێكى گه‌وره‌ى حكوومه‌تى به‌ریتانیا له‌ مه‌هاتما گاندى سه‌ركرده‌ى به‌ناوبانگى هیندستانى پرسى، ئایا ئێوه‌ بۆ له‌م كاته‌دا داواى سه‌ربه‌خۆیى ئه‌كه‌ن له‌ به‌ریتانیا، كه‌ باش ئه‌زانن سه‌ربه‌خۆیى دۆخى ئابووریى وڵاتتان زۆر خراپتر ئه‌كات؟ له‌ وه‌ڵامدا گاندى گوتى: مه‌سه‌له‌كه‌ نان و خۆراك نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌ به‌ ئازادى، نامانه‌وێت خه‌ڵكێكى تر بڕیار له‌جیاتى ئێمه‌ بدات . به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتێ ئه‌مساڵ به‌ریتانیا بڕیارى دا له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌رچێت، یه‌كێ له‌ فاكته‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان ئه‌وه‌ بوو، زۆربه‌ى به‌ریتانییه‌كان حه‌زیان نه‌ده‌كرد خه‌لكانێكى تر له‌ په‌رله‌مانى ئه‌وروپى له‌ برۆكسیل بڕیار بده‌ن و یاسا ده‌ربكه‌ن و بسه‌پێندرێت به‌سه‌ریاندا، هه‌ستى سه‌روه‌رى و رێزگرتن له‌ پاراستنى ئازادیى خۆیان گرنگتر بوو له‌و كاردانه‌وه‌ نه‌گه‌تیڤیانه‌ى كه‌ ئه‌م جیابوونه‌وه‌ ده‌یبێت له‌سه‌ر ئابووریى به‌ریتانیا.


ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، یه‌كێ له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرنگ و گه‌رمه‌كانى نێو خه‌ڵك و سیاسییه‌كان مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆییه‌، ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ دژ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وه‌ستاون، ئه‌توانریت به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى به‌سه‌ر دوو لایه‌ن دابه‌ش بكه‌ین، لایه‌نى یه‌كه‌م ده‌سه‌لاتدارانى نێو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانن ( ناڵێم هه‌موو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان) له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ئه‌مانه‌ به‌ئاشكرا هه‌ڵویستى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى كوردییان ناوێت و چاره‌نووسى خۆیان به‌ به‌غدا و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌ستووه‌ته‌وه‌ و وا دیاره‌ ئه‌م هه‌ڵویسته‌یان له‌ روانگه‌یه‌كى ته‌سكى حزبایه‌تى و به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى خۆیان هه‌ڵقوڵاوه‌، چونكه‌ ئه‌زانن سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆیى به‌ رابه‌رایه‌تیى سه‌رۆك بارزانى و پارتى دیموكراتى كوردستان ماناى به‌هێزبوونى ئه‌م حزبه‌یه‌ له‌سه‌ر حیسابى ئه‌وان و ئه‌مه‌ش به‌ بۆچوونى خۆیان چاره‌نووسى سیاسیى دواڕۆژیان ئه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ بێ شه‌رمانه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ ئه‌ندامه‌ به‌رچاوه‌كانیان چ له‌ كوردستان و چ له‌ به‌غدا و له‌ شوێنى تر، هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌ده‌ن له‌ پێناو كۆسپ خستنه‌ به‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌، له‌ رێگاى په‌یمان به‌ستن له‌گه‌ڵ ناحه‌زانى كورد و ناشیرین كردنى ده‌سكه‌وته‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم و میلله‌تى كورد و رێزنه‌گرتن له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ و تێكدانى ئاشته‌وایى كۆمه‌ڵایه‌تى، كه‌ هه‌ندێ له‌م كرده‌وانه‌ بێ گومان ئه‌توانرێت به‌ خیانه‌تى نیشتمانى له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.


به‌شه‌كه‌ى تر پاساوى ئه‌وه‌ ئه‌هێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ بۆ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى و ئاماژه‌ به‌ بارى ناله‌بارى ئابوورى و نه‌بوونى یه‌كڕیزیى هێزه‌ سیاسییه‌كان و هه‌ڵویستى دوژمنكارانه‌ى وڵاتانى دراوسێ و شه‌ڕى دژ به‌ داعش.... هتد، وه‌كو چۆن ئه‌وان به‌شێكى كاریگه‌ر نه‌بن له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ى هه‌رێم. لێره‌دا ده‌پرسین، ئایا ئیتر چ كاتێك كاتێكى گونجاو ئه‌بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیى؟ بێ گومان وه‌ڵامیان پێ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌بیر خۆیان ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ هۆى سه‌ره‌كیى ئه‌زموونى ناله‌بارى ئێستاى هه‌ریم نه‌بوونى سه‌روه‌رییه‌، كاتێ له‌ به‌غدا به‌ بڕیارێكى تاكڕه‌وانه‌ى نوورى مالیكى، به‌ نووكه‌ قه‌ڵه‌میك قووتى میلله‌تێكى بڕى، نه‌ یاسا و نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ فیدرالیه‌ت و نه‌ سه‌ركۆمار و نه‌ وه‌زیره‌كاى كورد و دۆستان كه‌ڵكیان هه‌بوو له‌ راگرتنى ئه‌و بڕیاره‌، كاتێ هێزى پێشمه‌رگه‌ كه‌ هێزى به‌رگرى له‌ شه‌ره‌فى كوردستانه‌، نه‌توانێت یه‌ك فیشه‌ك به‌بێ ره‌زامه‌ندیى كابراى ناحه‌ز كه‌ له‌ به‌غدا دانیشتووه‌ بۆ خۆى هاورده‌ بكات، باسى چ جۆره‌ ئه‌منییه‌تێك ئه‌كه‌ین. كاتێ كه‌ ئاسمانى خۆت و ده‌روازه‌كانى خۆت به‌ده‌ست خۆت نه‌بێت باسى چ جۆره‌ ئازادییه‌ك ئه‌كه‌یت! هه‌رێم ته‌نیا شوێن نییه‌ تووشى قه‌یرانى دارایى بووه‌، به‌ڵام وڵاتانى خاوه‌ن سه‌روه‌رى، ده‌یان رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌وڵه‌ت هه‌ن ئاماده‌ن ده‌ستى یارمه‌تییان بۆ درێژ بكه‌ن، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ى كورد ده‌بێ چاوه‌ڕوانى ره‌زامه‌ندیى ناحه‌زانى به‌غدا بكه‌ین تا هه‌ر یارمه‌تییه‌كى ده‌ره‌كى پێمان بدرێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى ره‌زامه‌ندیى وڵاتانى دراوسێ و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌ین بۆ مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆیى، هه‌رگیز ئه‌مه‌ به‌ چاوى خۆمان نابینین.


نووسه‌رێكى بێگانه‌ له‌م دواییه‌دا نووسیویه‌تى، نائارامى له‌ ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باشترین دۆستى كورده‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافى سه‌ربه‌خۆیى، بێ گومان ئه‌مه‌ سه‌رنجێكى زۆر راسته‌، ده‌وڵه‌تان ته‌نیا له‌ سه‌رده‌مى ئاشووب و بارێكى شێواو و جه‌نگ و ئازارێكى زۆر له‌دایك ئه‌بن یا ده‌مرن، ته‌ماشاى شه‌ڕه‌ جیهانییه‌كان بكه‌ن به‌درێژایى مێژوو، ته‌ماشاى رووخانى رژێمى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت و ناوچه‌ى به‌ڵكان بكه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تى تازه‌ى لێ په‌یدا بوو، هاتنى داعش و ئه‌نجامه‌كانى دواى شه‌ڕى داعش و ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ى كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ماندا هه‌یه‌ باشترین هه‌له‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى كوردستان، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر ئیراده‌ى سیاسى هه‌بێت.