هه‌واڵگریى له‌ كۆمارى دیموكراتی كوردستاندا

كۆترى نامه‌به‌ر له‌ لایه‌ن كۆمار و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندیش بۆ كاری هه‌واڵگری به‌كار ده‌هێنرا

 

یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانى كۆمارى دیموكراتی كوردستان له‌ ماوه‌ى (330) ڕۆژى ده‌سه‌ڵاتیدا له‌ ناوچه‌ى موكریانى خۆرهه‌ڵاتى كوردستان، شێوازى كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریى هه‌واڵگرى و سیخوڕیكردن بوو به‌سه‌ر دوژمنه‌وه‌. ئه‌و كاره‌ش ئه‌گه‌رچى له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى تایبه‌تى حكوومه‌تدا ڕێك نه‌خرابوو، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌ك كارى خۆبه‌خش له‌لایه‌ن به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كۆماره‌وه‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خزمه‌تێكى باشیان پێشكه‌ش به‌ كۆمار كرد. كاره‌كه‌ش سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هه‌ستیار و ورد بوو، به‌ڵام به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كى باش ئه‌نجام ده‌درا، ڕژێمى په‌هله‌ویی ئێران نه‌یده‌توانى وه‌ك پێویست ڕێگرى لێ بكات. له‌ كاتێكدا ئاستى ده‌سه‌ڵات و تواناى سیاسی و سه‌ربازى و كارى هه‌واڵگریى ده‌وڵه‌تى شاهه‌نشاهیى ئێران زۆر له‌ هی كۆمار به‌هێزتر و به‌تواناتر بوو. كاره‌كه‌ش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجام ده‌درا، كه‌ به‌رپرسانى كۆمار ده‌یانویست به‌ چه‌ندین شێواز هه‌وڵى پاراستنى هێزه‌كانیان و ده‌سكه‌وته‌كانى كۆمار بده‌ن له‌به‌رامبه‌ر پیلان و ده‌ستدرێژیى هێزه‌كانى ده‌وڵه‌تى شاهه‌نشاهى، چونكه‌ ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندى له‌ ڕێگاى بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و هه‌واڵى نادروست و دزه‌كردنى سیخوڕه‌كانیان بۆ ناو سنووره‌كانى كۆمار، هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییان له‌سه‌ر كۆمار و دامه‌زراوه‌كانی ده‌دا. له‌م بواره‌دا بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى نادروست و پڕوپاگه‌نده‌ له‌ دیارترین ئه‌و سیمایانه‌ بوو كه‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت له‌ دژی كۆمار به‌كاریان ده‌هێنا، بۆیه‌ ده‌بووا به‌رپرسانی كۆماریش له‌به‌رامبه‌ردا كاری دژ ئه‌نجام بده‌ن. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كى سه‌رده‌مى كۆماریش، كه‌ مێژووه‌كه‌ى بۆ (22ی نیسانى 1946ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ (دوو) كه‌س كراوه‌ به‌ ناوه‌كانی (حاجی ئه‌میری و مه‌حسوب وه‌زیری)، كه‌ هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی نادروست و تۆقێنه‌ریان له‌ دژی كۆمار له‌ شاره‌كانی (مه‌هاباد و بۆكان) داوه‌ و كاره‌كه‌شیان بۆ حكوومه‌تی ئێران كردووه‌. هه‌روه‌ها باسى له‌ هه‌وڵه‌كانی (عه‌لی ئاغای ته‌موته‌)ش كراوه‌، به‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ى بۆ ده‌وڵه‌تى شاهه‌نشاهى له‌ دژی كۆمار كردووه‌. دیاره‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش پێشتر پشتیوانێكى (پێشه‌وا قازى محه‌مه‌د)ى سه‌رۆك كۆمار بوو، به‌ڵام دواتر له‌ دژى كۆمار وه‌ستایه‌وه‌.


سه‌رباری ئه‌وانه‌ی باسكران، هێزه‌كانی ئێرانیش له‌پشت سه‌ری ئه‌و كارانه‌وه‌ بوون و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان خستبووه‌ گه‌ڕ، تا له‌ ڕێگای كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆز و سه‌رۆك خێڵ و گوندنشین و شارنشینه‌كانی سنووری كۆماره‌وه‌ هه‌واڵ و پڕوپاگه‌نده‌ی خراپ له‌ دژی كۆمار و به‌رپرسه‌كانی بڵاو بكه‌نه‌وه‌. له‌م بواره‌دا (مه‌نسوور پوور)، كه‌ ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی هێزه‌كانی ئێران بوو له‌ به‌ره‌ی سه‌قز، هه‌وڵیدا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌قز بۆ كاری بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی خراپ له‌ دژى كۆمار و به‌رپرسه‌كانى هان بدات و به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك رابگه‌یه‌نن، كه‌ باری كۆمار و به‌رپرسه‌كانی باش نییه‌ و به‌م نزیكانه‌ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان. هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌ى دابوو كه‌ خۆشه‌ویستیی ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ هاووڵاتییان بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ده‌وڵه‌ت به‌هۆی به‌هێزیی كاری هه‌واڵگریی هێزه‌كانی كۆماره‌وه‌ شكستیان هێنا.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌رپرسانی كۆمار بۆ لێدانى پروپاگه‌نده‌كانی دوژمن، هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ی زانیارى ده‌دا به‌سه‌ر دوژمنه‌وه‌ له‌نێو شار و گونده‌كانی هاوسنوور له‌گه‌ڵ كۆمار و ته‌نانه‌ت له‌ناو سنووره‌كه‌شیدا، چونكه‌ له‌ناو سنوورى كۆمار چه‌ندین كه‌س و كۆمه‌ڵ كاریان بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كرد. هه‌واڵ و زانیارییه‌كانیش زیاتر له‌سه‌ر تواناى هێزه‌كانى دوژمن و ژماره‌یان و ئه‌و كوردانه‌ بوو، كه‌ كاریان بۆ ده‌وڵه‌ت له‌ دژى كۆمار ده‌كرد. له‌پاڵ چاودێریكردنى ئه‌و كه‌سانه‌یش له‌ناو سنوورى كۆمار كاریان بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كرد، ئه‌وانیش چه‌ندین كه‌سایه‌تی ئاسایی كورد بوون، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندى هاتبووه‌یه‌ك.


به‌پێی تۆمارێكى مێژوویى له‌ گوندی (سه‌را)، كه‌سێك به‌ ناوی (كانه‌بی) هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ر هێزه‌كانی كۆمار له‌و ناوچه‌یه‌ بۆ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت كۆده‌كرده‌وه‌. (دوو) كه‌سى تریش به‌ ناوه‌كانی (سه‌ید ئیبراهیم و ڕه‌فیق ده‌روێش) به‌ ناوی سواڵكردنه‌وه‌ هه‌وڵی سیخوڕییان بۆ دوژمن ده‌دا. (سه‌ید ئیبراهیم) خه‌ڵكی گوندێكى سه‌ر به‌ لیواى كه‌ركووك و (ره‌فیق ده‌روێش)یش دانیشتووی گوندی (مامه‌شا)ى نزیك سه‌قز بوو. هه‌ردووكیشیان ئه‌و كاره‌یان بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كۆماره‌وه‌، دوای چاودێریكردنێكى ورده‌وه‌ ده‌ستگیركران و ڕه‌وانه‌ی (مه‌هاباد)ى پایته‌خت كران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان و سزادانیان.


(كۆترى نامه‌به‌ر)یش شێوازێكی تری كاری هه‌واڵگری كۆمار و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندیش بوو. ئه‌وه‌ش وه‌ك هۆكارێك بۆ گه‌یاندنی نامه‌ و هه‌واڵێكی گرنگ له‌سه‌ر یه‌كتری. له‌م بواره‌دا به‌رپرسانی كۆمار له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگ له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانى ده‌وڵه‌ت كۆتریان بۆ گه‌یاندنی زانیاری و هه‌واڵ بۆ به‌ره‌كانى شه‌ڕ و هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كان به‌كار ده‌هێنا. به‌تایبه‌ت له‌كاتى گه‌مارۆدانى هێزه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ و خودى به‌رپرسانى ده‌وڵه‌تیش ئه‌و كاره‌یان له‌ دژى كۆمار و هێزه‌كانى ده‌كرد. به‌پێی تۆماره‌ مێژووییه‌كانیش هه‌ندێك جار كۆتره‌ نامه‌به‌ره‌كانى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه‌یان ده‌كرد و له‌ بری ئه‌وه‌ی نامه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ده‌ست هێزه‌كانی خۆیان، ده‌كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانى كۆمار. ته‌نانه‌ت جارێكیان یه‌كێك له‌ كۆتره‌ نامه‌به‌ره‌كان كه‌وتبووه‌ ده‌ست هێزه‌كه‌ی (مه‌جیدخانی كوڕی حه‌مه‌ڕه‌شیدخان) فه‌رمانده‌ى هێزى بانه‌. ئه‌ویش نامه‌كه‌ی گه‌یاندبووه‌ فه‌رمانده‌كه‌ی (جه‌نه‌ڕاڵ حه‌مه‌ڕه‌شیدخان). له‌ نامه‌كه‌شدا، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌ شاری (سه‌قز) ئاراسته‌ی هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كانیان له‌ شاری (بانه‌) كرابوو، له‌سه‌ر ڕوویه‌كی كاغه‌زه‌كه‌ و به‌ زمانی فارسی نووسرا بوو (در این نزدیكها به‌ فریاد شما میرسیم. بی غم باشید) واته‌ (به‌م زووانه‌ فریاتان ده‌كه‌وین و بێ خه‌م بن). به‌و ڕووداوه‌ش هێزه‌كانى كۆمار له‌وه‌ ئاگادار بوون، كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌نیازى گه‌یاندنی هێزه‌ بۆ هێزه‌ گه‌مارۆدراوه‌كانیان له‌ شارى (بانه‌)، بۆیه‌ كه‌وتنه‌ توندكردنی گه‌مارۆكه‌ له‌سه‌ر هێزه‌كانی دوژمن و كۆسپ دروستكردن بۆ ئه‌و پیلانه‌ی ده‌وڵه‌ت.


لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ كۆمارى دیموكراتی كوردستان له‌و ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى تێكشاندنی پیلانه‌كانی ده‌وڵه‌تى ناوه‌ندیی تاراندا بووه‌. ئه‌وه‌ش كارێكى قورس بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی له‌ سنوورێكی به‌رته‌سكی جوگرافیدا رووبه‌ڕووی پیلان و پروپاگه‌نده‌ و هێزى ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ئێراندا بوه‌ستێت، بۆیه‌ دوای ته‌نیا (یازده‌) مانگ لێى درا و ڕووخا.

 

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:
مه‌حموودى مه‌لا عززه‌ت: ده‌وڵه‌تى جمهورى كوردستان.
میرزا محه‌مه‌د ئه‌مینى مه‌نگورى: به‌سه‌رهاتى سیاسیى كورد.
د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر :حه‌مه‌ڕه‌شیدخانى بانه‌.