بۆچى له‌ ئه‌ڵمانیا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كوردستان؟ 32

"نەموێرا لای هاوڕێکانم بڵێم 200 یۆرم پێیە"

به‌ناچاری خۆم ده‌گونجاند، ورده‌ ورده‌ له‌ ناخه‌وه‌ خۆم ده‌خوارده‌وه‌ له‌وه‌ی مه‌جبوور بووم هه‌وڵ بده‌م به‌و جۆره‌ بژیم. به‌یانییه‌ك نزیكه‌ی سه‌عات 12ی نیوه‌ڕۆ بوو خه‌به‌رم بووه‌وه‌، سه‌یری چوارده‌وری خۆمم ده‌كرد ده‌تگوت زیندانی فیلمه‌ ئه‌كشنه‌كانه‌، هه‌ر یه‌كه‌ و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ به‌ بێزاری پاڵ كه‌وتبوو، كه‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌م بینی هه‌رچی كردم تاقه‌تم نه‌بوو بچم نان بخۆم، هاوڕێیه‌كم له‌و كاته‌دا ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی عه‌لی جێگام هیچ باش نییه‌ و زۆر ناخۆشه‌، نه‌ ئاوی گه‌رم و نه‌ جێگا و رێگایه‌كی وام هه‌یه‌ بتوانم برینی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌می لێ پاك بكه‌مه‌وه‌ (ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ری كرابوو) هه‌موو رۆژێك ده‌بێت ته‌داوی بكه‌م و بیشۆمه‌وه‌، گوتی 8 كه‌س له‌ ژوورێكی سێ به‌ چوارداین، جێگای جانتاكانیشمان نابێته‌وه‌.


هه‌ر ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ پێشتر باسم كردبوو، كه‌ نه‌شته‌رگه‌ریی زیاده‌ مووی بۆ كرا، ئه‌ویش له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی نۆره‌نبێرگ بوو، منیش گوتم، وه‌ره‌ بۆ لای من بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاوی گه‌رم هیچ كێشه‌م نییه‌، هه‌ر چۆنێك بێت جێگایه‌كت بۆ دابین ده‌كه‌م، له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ دۆشه‌كێك یان به‌تانییه‌ك راده‌خه‌ین، یان قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كت بۆ په‌یدا ده‌كه‌م، تا كێشه‌ی ته‌داویكردنت نامێنێ. گوتی باشه‌ ئێواره‌ یان به‌یانی دێمه‌ لای تۆ، ئه‌و رۆژه‌ ته‌واوی بیركردنه‌وه‌م گۆڕدرا، بۆ یه‌كه‌م جار دوای رۆیشتنم، بیرم له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان كرده‌وه‌. گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ چی ده‌بێت؟ بیرم له‌ هه‌مووی كرده‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای هاتنم بۆ ئه‌وروپا تا ئه‌و ده‌قه‌یه‌ی كه‌ له‌ شواباغ دانیشتبووم، ته‌نانه‌ت بیرم له‌ پاره‌ی بلیتی ته‌یاره‌كه‌ش كرده‌وه‌، ئه‌و پاره‌ی پێمه‌ به‌شم ده‌كات یان نا، 200 یۆرم پێ بوو، به‌س نه‌ده‌وێرام لاى هاوڕێكانم بڵێم پێمه‌، چونكه‌ هه‌ندێ كه‌س كه‌ بیان زانیبوایه‌ پاره‌ت پێیه‌ داوای قه‌رزیان ده‌كرد. منیش هه‌میشه‌ هه‌ندێ پاره‌ی له‌و جۆره‌م پێ بووه‌، وه‌ك ئه‌وان رانه‌هاتبووم ئه‌وه‌ی هه‌مبێت هه‌مووى خه‌رج بكه‌م و دواتر بگه‌ڕێم بزانم كێ پاره‌ی هه‌یه‌ تا قه‌رزی لێ بكه‌م. هه‌ر له‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌م پاره‌یه‌م هه‌ڵگرتبوو تا ئه‌وكات هه‌ر پێم بوو، زۆر جار هه‌بوو پێویستم به‌ پاره‌ بوو، به‌ڵام ده‌مگوت بۆ ئیشێكی زۆر زه‌رورتر نه‌بێت خه‌رجی ناكه‌م.


دوو خێزانی خه‌ڵكی لای سلێمانیم ناسی، كه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵیان كرد، به‌تایبه‌ت یه‌كێكیان كه‌ قاچێكی ده‌شه‌لی، به‌ جۆرێ باسی خراپیی كوردستانی ده‌كرد ده‌تگوت دوژمنی كوردستان و سه‌ركرده‌ كورده‌كانه‌، زۆر پێم سه‌یر بوو ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ئه‌و هه‌موو رقه‌یان له‌ دڵدا بێت، ده‌مگوت چۆن به‌و هه‌موو رقه‌وه‌ توانیویانه‌ بژین! به‌لای منه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ مرۆڤ به‌رپرسانی وڵاتی خۆش نه‌وێت و له‌وه‌ش ئاساییتر ئه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌یان لێ بگرێت و دژی سیاسه‌ت و سیسته‌م و حزبه‌كانیشان بێت، به‌ڵام پێم ئاسایی نییه‌ كه‌ مرۆز ئه‌و هه‌موو رقه‌ی له‌ دڵدا بێت به‌رامبه‌ر وڵاتی خۆی و خه‌ڵكانی جیاواز له‌ خۆی، لێم پرسی له‌ كوردستان چیت ده‌كرد ئاوا له‌ سه‌ركرده‌ و حكوومه‌ت داخ له‌دڵی؟ گوتی پیكابم پێ بوو و شووتی و كاڵه‌ك و له‌و جۆره‌ شتانه‌م ده‌فرۆشت، رۆژ هه‌بوو 10 هه‌زار دینارم قازانج نه‌كردووه‌، داهاته‌كه‌یشی به‌شی نه‌كردووم بۆیه‌ هاتووم بۆ ده‌ره‌وه‌، كه‌ وای گوت بێده‌نگ بووم، چونكه‌ من نه‌مده‌توانی ئه‌و تێ بگه‌یه‌نم.


خه‌ڵكی شواباغ چاره‌ی ئێمه‌یان نه‌ده‌ویست، خه‌ڵكی گونده‌كان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شاره‌كان بۆ په‌نابه‌ر باشتر بوون، هه‌ر له‌ سه‌یركردن و مامه‌ڵه‌كردنیان هه‌ستت پێ ده‌كرد، ئێواره‌ هات و هاوڕێكه‌شـم هاته‌ لام، تا لای وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان به‌ پیریه‌وه‌ رۆیشتم و هێنامه‌ كه‌مپه‌كه‌، پێشتر پێم گوت خۆت تێك مه‌ده‌ با شك نه‌كه‌ن هی ئه‌و كه‌مپه‌ نیت، با وا بزانن هه‌ر له‌ تازه‌كانی. هاتینه‌ ژووره‌وه‌ پێی سه‌یر بوو، كه‌ كه‌مپه‌كه‌ و جێگاكه‌ی منی بینی خه‌ریك بوو شێت بێت. پێم گوت، جانتاكه‌ت لای ئه‌وه‌ی من دابنێ و با بچینه‌ كافتریاكه‌، به‌ كوڕه‌ كورده‌كانم ناساند. شه‌ویش له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی خۆم جێگام بۆ راخست و خۆم چوومه‌ سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی تر، پێم گوت لێره‌ بمێنه‌وه‌ تا پێى ده‌زانن، یان تا لایه‌ك به‌ لایه‌كدا ده‌كه‌وێت. كه‌مپه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌یرت ده‌كرد بینایه‌كی جوان و تا راده‌یه‌ك سه‌رنجڕاكێش بوو، به‌ڵام كه‌ ده‌چوویه‌ ژووره‌وه‌ دونیایه‌ك نه‌هامه‌تی و خه‌ڵكی بێزار و پڕ له‌ ده‌رده‌سه‌ری بوو. بۆ زۆربه‌ی په‌نابه‌ره‌كان كه‌مێك له‌ زیندان باشتر بوو.


ئه‌و كوڕه‌ش باسی هاتنه‌وه‌ی بۆ كوردستان ده‌كرد، له‌ من زیاتر بێزار بوو نه‌یده‌زانی چی بكات، به‌ هۆى نه‌شته‌رگه‌ریشه‌وه‌ ژیانی زۆر سه‌خت بووبوو. رۆژێكیان له‌ كافتریا پیاوێكی خه‌ڵكی دهۆكم بینی، ئه‌ویش هه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانی ئانس باغ و رۆتوو ئه‌وانه‌ بوو، گوتی من بۆیه‌ هاتووم بۆ ئه‌ڵمانیا تا نه‌شته‌رگه‌ری بكه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كوردستان، له‌ كوردستان پێیان گوتم ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی تۆ یه‌ك ده‌فته‌ر و نیوی ده‌وێت، به‌ڵام خۆم تا گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا نزیكه‌ی 70 وه‌رقه‌م خه‌رج كردووه‌. لێره‌ خه‌رجیشم ده‌كه‌ن و نه‌شته‌رگه‌ریشم بۆ ده‌كه‌ن، هه‌م دونیاشم بینی، به‌ڵكو ئیقامه‌ش وه‌ربگرم، واتا له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا قازانج ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر چاكیش بوومه‌وه‌ و ئیقامه‌م وه‌رگرت یان نا، هه‌ر ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، هه‌م سه‌فره‌ و پیاسه‌كردن و هه‌م چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌م ده‌كه‌م، كوردیش ده‌ڵێت هه‌م زیاره‌ت و هه‌م توجاره‌ت.


كه‌ من بوومایه‌ قه‌ت وام نه‌ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت حه‌سوودیم به‌و پیاوه‌ ده‌برد كه‌ توانیویه‌تی قه‌ناعه‌ت به‌ خۆی بێنێت له‌و ژیانه‌ زه‌ره‌ری نه‌كردووه‌، چونكه‌ من ساغ بووم و نه‌خۆش كه‌وتبووم، ئه‌ی كه‌سی نه‌خۆش ده‌بێ چۆن ئه‌و رێگایه‌ی بڕیبێت؟!