توانەوە لە زەریای عیشقی خوادا - 22

سۆفیگەری لە خوراسانەوە سەری هەڵدا

 

(کە خوا دەپەرستیت، وەک ئەوە وایە، چاوت لێی بێت،
ئەگەر چاویشت لێی نەبێت، ئەو چاوی لە تۆیە.)

 

سۆفیگەری لە خوراسانەوە و لەو دەڤەرانەی تورکستانەوە کە شوێنی پێکگەییشتنی ئایین و کولتوورە خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتییەکان بوو، سەری هەڵدا. خەڵوەت و تەسبیح بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام، لای ئایینە هیندییەکان هەبوون. وەک چۆن دانتی کاریگەریی فیکری مەعەڕی و ئیبن عەرەبیی لەسەر بووە، هەروایش فیکر و فەلسەفەی ئەورووپایی بۆ ناو ئیسلام پەڕیونەتەوە. سۆفیگەری لای ئیسلام، لەگەڵ ڕێبازی غەنووسی، فەلسەفەی یونانی، تەسەووفی مەسیحی، هیندی و فارسیدا، هەمان سەرچاوەیان هەبێت، یان نا، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، کە لایەنی هاوبەش و لێکچوویان هێندە زۆرن، ناکرێت چاوپۆشییان لێ بکەین. زوهد لایەنێکی گرینگی سۆفیگەرییە، هەمان ئەو زوهدەی ڕابیعەی عەدەوی ڕەچاوی دەکرد، پێشتر لای کریستیان و بوداییەکانیش هەبووە. ئەوانەی سۆفیگەرییان هێنایە نێو ئیسلامەوە، بە بنەچە عەرەب نەبوون، وەک بەڵخی، بەستامی و ڕازی.

 

ناستیسیزم: Gnosticism عیرفانە، بەر لە کریستیانیزم سەری هەڵداوە، شوێنکەوتووانی پشتیان دەکردە دونیای ماددە و لە دونیای ڕۆحدا بزر دەبوون. ناستیسیزم گەییشتنە بە ڕۆشنبوونەوە، ڕزگاری، ئازادی و یەکگرتن لەگەڵ خوادا کە بە هۆی زوهدەوە فەراهەم دەبێت. لای غەنووسییەکان دونیای جەستە و ماددە کە کورتخایەنە، دونیای بنەوەیە، بەڵام دونیای خوا کە ڕۆح بۆ لای هەڵدەکشێت، دونیایەکی باڵایە و ئەزەلییە. زۆرێک لە باسکاران، ناستیسیزم بە یەکێک لە سەرچاوەکانی سۆفیگەری هەژمار دەکەن. ڕینۆڵد نیکڵسن پێی وایە، وێڕای غەنووسی، سۆفیگەریی لای ئیسلام کەم و زۆر کاریگەریی فەلسەفەی یۆنانی، ئایینە فارسی و هیندییەکان، یودیزم و کریستیانیزمیشی لەسەر بووە. لای مەسیحییەکان جەستە خۆی بەد نییە، ئارەزووەکانی بەدن، بەڵام لای غەنووسییەکان جەستە خۆی لە خۆیدا بەدە. سۆفیی کریستیان چۆن لەگەڵ خوادا یەک دەگرێت؟ بە خۆ ڕزگارکردن لە گوناهـ، بە پاراستنی جەستە لە ئارەزوو، بە بێفیزی، بە پاکژکردنەوەی ناخ لەڕێی نوێژ و نزاوە، بە هەڵگرتنی شوێنپێی عیسا و بە نوقمبوونی تەواو لە زەریای خۆشەویستیی خوادا.

 

ئەوەی سۆفی خۆی ڕادەستی خوا دەکات و لەنێویدا فانی دەبێت، کەم و زۆر لە (نیرڤانا) دەچێت. کە بوودایی دوای ڕامانێکی درێژ و قووڵ، لە زەین و جەستەی خۆی و لە دونیای دەرەوەی خۆی جودا دەبێتەوە، ئیدی هەست بەوە ناکات، چی لە دەوروبەری ڕوو دەدات، ئەوسا ڕۆحی ڕۆشن دەبێتەوە، دەگاتە ئەوپەڕی ئاسوودەیی، هەست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات و لە دەست ڕق، تووڕەیی، گومان، وەهم و هەڵپەکردن بۆ خۆشییەکانی دونیا، ڕزگاری دەبێت.

 

باسکردنی ڕاهیب لە شیعری جاهیلیدا، بەڵگەیە بۆ ئەوەی بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام، بەهۆی مەسیحییەکانەوە، زوهد لە نیمچە دوورگەی عەرەبدا نامۆ نەبووە. لەڕێی زوهدی مەسیحییەکانەوە، لای عەرەب کە ئەوسا بتپەرست بوون، گومان لە بتپەرستی چەکەرەی کرد. هەرچەندە لە سەرەتای پەیدابوونی ئیسلامدا، موحەممەد و یاوەرانی، بەشێک لە شەویان بۆ خواپەرستی تەرخان دەکرد، بەڵام دواتر نە پەیامهێن و نە یاوەرانی بایەخیان بە زوهد نەدەدا و هێندەی بە گونجاویان زانیبا، چێژیان لە خۆشییەکانی دونیا دەبینی.

 

سۆفیگەری هەر لە سەدەی یەکەمی هیجرییەوە، بە زوهد سەری هەڵدا. زوهد زادەی هەستکردن بە ئازاری ویژدان و ترس لە ئەشکەنجەی قەبر و سزای ئەو دونیابوو. پۆشاکی سۆفییەکان کە لە خوری بوو، هێندە هەژارانە بوو، ئاماژەبوو بۆ زوهد. ئەوسا خاڵی هاوبەشی سۆفییەکان ئەوەبوو، ویستی خۆیان دابووە دەست ویستی خوا و بە قەدەری خۆیان قایل بوون. مەعرووفی کەرخی یەکێکە لە سۆفییە ناودارەکانی سەرەتای سۆفیگەری، ئەوەندە تامەزرۆی خوابوو، بە ئەوینی وەها مەست بووبوو، خۆی گوتەنی: تەنیا بە دیداری هۆشیار دەبووەوە.

 

لە قورئاندا باس لە هیچوپووچیی دونیا هەیە، بەڵام بە دەگمەن تووشی ئایەتێک دێین، تایبەت بێت بە زوهد. ڕۆژوو کە زوهدە، هەندێک جار، وەک سزایش بۆ پاکژکردنەوەی گوناهـ وەگەڕ خراوە. یەک جار لە قورئاندا ناوی زوهد هاتووە، ئەویش بە مانایەکی نێگەتیڤ و وەک سەرزەنشت، (وشروه بثمن بخس دراهم معدودة وکانوا فیه من الزاهدین. سوورەتی یوسف ٢٠) بەڵام گەلێک جار باس لە زیکر کراوە. ئەوە بەلای پەیامهێنەوە پەسەند نەبووە، ئینسان ئەشکەنجەی خۆی بدات، بەو ئومێدەی بەو جۆرە قەرەبووی کارە خراپەکانی بکاتەوە. ئەبووبەکر ئەو جۆرە تۆبە و پەشیمانبوونەوەیەی قەدەغە کردووە، کە حەج بە پێی پەتی بکرێت، یان حاجی سەروەختی تەواف ئەڵقە بکاتە لووتی، پەتی تێ بخات و وەک حوشتر کەسێک ڕایبکیشێت.

 

حەسەنی بەسری کە لە ١١٠ی هیجریدا کۆچی دوایی کردووە، یەکێکە لە زاهیدە ناودارەکانی سەرەتاکانی ئیسلام. بۆچی زوهد لە ئیسلامدا سەری هەڵدا؟ هەم کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو ترسەی قورئان لەبارەی ئەشکەنجەی قەبر و ئاگری دۆزەخەوە، خستییە دڵی موسوڵمانانەوە و هەم موسوڵمان هەستی بە ئازاری ویژدان دەکرد، ئاخر پێی وابوو کەم و زۆر سەرپێچیی لە فەرمانەکانی خوا کردووە، بۆیە هانای بۆ تۆبە دەبرد و سزای خۆی دەدا. (ترس لە خوا نەبووایە، خواپەرستی بە کەس نەدەکرا.) ئەم گوتەیە دراوەتە پاڵ سوفیانی شۆڕشگێر کە لە ١٦١ی هیجریدا، کۆچی دوایی کردووە. هەندێک لە زاهیدان، بە جۆرێک زەندەقیان لە سزای قەبر و قیامەت چووبوو، بارانی گریانیان خۆشی نەدەکردەوە و بە گرینۆکەکان ناویان ڕۆییشتبوو.

 

زاهید وەک ڕاهیب، بەرگی لە خوری بوو، خۆراکی دەبوو حەڵاڵ و بێ منەت بێت، هەیانبوو هەر نانی وشکی دەخوارد، گۆشتی لە خۆی حەرام دەکرد و تەنانەت توخنی خورمایش نەدەکەوت. زاهید پێی وابوو، ڕۆح بەوە گەشە دەکات، خۆت لە خۆراک بپارێزیت. سەهلی توستەری دەیگوت: (لە برساندا خواپەرستیت بۆ نەکرێت، لەوە باشترە بە سکی تێرەوە بیکەیت.) زاهید هەر دڵی بەوە تێرئاو نەدەبوو، پێنج فەرزە نوێژ بکات و تەواو، بەڵکوو زیکر و نزا و نوێژی غەیری پێنج فەرزەیشی دەکرد. لە سەرەتاوە، زیکر لە بەسرە برەوی هەبوو، بەڵام لە بەغدا بە پاساوی ئەوەی هەم گوتنەوەیەکی میکانیکی بوو، هەم (ڕێ)ی بۆ (ڕیا)یش خۆش دەکرد، هەواداری کەم بوو.

 

زوهد هەر ئەوە نییە، کەم بخۆین، ئەوەیشە کەم بخەوین، ئەوەیشە کەم تێکەڵی خەڵک ببین و کەم بدوێین و خۆمان لە خۆشییە بێگەردەکانیش بێبەش بکەین. زوهد پێوەندیی بە دڵەوە هەیە، نەک بە گەدەوە، ئاخر زوهد ئەوەیە، دڵمان لە غەیری خوا، بە هیچی دیکەوە سەرقاڵ نەبێت. زوهدی نەفس بریتییە لەوەی دەست لە ئارەزووەکانی خودی خۆمان هەڵبگرین و بە بەشی هەرە کەمی خۆمان ڕازی ببین. سەری ئەلسەقتی گوتوویەتی: (زوهد ئەوەیە، هیچ لە کەس وەرنەگریت، داوای هیچ لە کەس نەکەیت و هیچت پێ نەبێت، تا لێی بدەیت بە کەس.) لای نەقشبەندییەکان: زیکری ناوی خوا بە بێدەنگی دەکرێت، ڕۆحی پاکژ بە لایانەوە گرنگە، نەک چەپاندنی نەفس، بە پەروەردەکردنی دڵیانەوە خەریک دەبن، نەک کەویکردنی نەفسی بەدخوو.

 

تەوەکول: ئەوەیە نە خاوەنی ویست بیت، نە هیچ ئیشێک بکەیت، هەموو شتێک لێ گەرێیت بۆ خوا و قایلیش بیت بە بەشی خۆت، ئاخر عەبد لەبەر دەستی خوادا، دەبێت وەک مردوو وابێت لەبەر دەستی مردووشۆردا. ئەوی بڕوای بەم لێکدانەوەیە هەبووایە، دەبوو هیچ هەوڵێک بۆ دابینکردنی بژێوی نەدات، چاوەڕیی خوا بێت کە خاوەنی گەنجینەکانی ئاسمان و زەمینە، بەشی بنێرێت. ئەم جۆرە لە زاهید ئەگەر بەرەو حەج بەڕێ کەوتبان، خۆراکیان لەگەڵ خۆیان نەدەبرد، دڕکێک بە پێیاندا چووبا، لێی دەگەڕان و کەوتبانە نێو بیرێکەوە، هاواری کۆمەکیان نەدەکرد. لە داخی ئەم چەشنە لە سۆفی، سوفیانی شۆڕشگێڕ گوتبووی: (ئەوی لە برساندا بمرێت و داوای خواردن لە کەس نەکات، خوا دەیخاتەوە دۆزەخەوە.)

 

ئایا دەوڵەمەندێکی سوپاسگوزار بین، باشترە یان هەژارێکی ڕازی؟ دەوڵەمەند یەکێکە لە سیفەتەکانی خوا و هەژار یەکێکە لە سیفەتەکانی عەبد. بەگوێرەی ئینجیل، (تێپەڕبوونی حوشتر بە کونی دەرزیدا، ئاسانترە لەوەی دەوڵەمەند بچێتە بەهەشتەوە.) بەپێی گوتەی پەیامهێنی ئیسلامیش، (هەژار پێش دەوڵەمەند بە بەهەشت شاد دەبێت.) دەشێت پەیامی ئەم دوو گوتەیە وا لێک بدرێتەوە، کە بانگکردنی هەژارانە بۆ ئەوەی، بە بەشی کەمی خۆیان قایل بن، تا سامانی زۆری دەوڵەمەندان، هەر پارێزراوبێت.

 

ڕەبەنی ئەوەیە بە عەرەبی ڕەهبەنەی پێ دەڵێن، ڕاهیب کریستیانێکی ڕەبەنە، لە دێرێکدا خۆی دوورەپەرێز کردووە و بە خواپەرستی ژیان بەڕێ دەکات. حەسەنی بەسری گوتوویەتی: (ئەگەر خوا خێری عەبدی خۆی بوێت، بە ماڵ و منداڵەوە سەرقاڵی ناکات.) ئەبوو سولەیمانی دارانی دەیگوت: (ژنهێنان گەڕانەوەیە بۆ لای خۆشییەکانی دونیا.) ئەو تێزانە لەگەڵ ئیسلامدا ناکۆکن، ئاخر لای دینی موحەممەد، بایەخی ئەوەی پیاو ئەرکی سەرشانی بەرانبەر بە ماڵ و منداڵ جێبەجێ بکات، وەک بایەخی بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینییەکان وایە. ئەبوو تورابی نەخشەبی دەڵێت: (ئەوی خانەقا، یان مزگەوتنشین بێت، وەک ئەوە وایە دەرۆزە بکات، ئەویشی بە دەنگی بڵند قورئان بخوێنێت، هەر وەک ئەوە وایە دەرۆزە بکات.)

 

لە سەدەی پێنجەمی کۆچییەوە، ئەوە ئاساییبوو، چەندان مورید لە خانەقایەکدا لە دەوری شێخێک خڕ ببنەوە. لە ڕووی مەعنەوییەوە پێوەندیی مورید بە شێخەوە، وەک پێوەندیی کوڕ و باوک وابوو. مورید هێندە هۆگری شێخ دەبوو، مەگەر کۆرپە هێندە هۆگری دایکی ببێت. مورید لە دەستپێکدا لە خانەقادا خزمەتی دەکرد، ئەو خزمەتەی وەک خواپەرستی بۆ هەژمار دەکرا. دواتر کە دەچووە خەڵوەتەوە چل ڕۆژی پێ دەچوو، ئەو ماوەیە لە دونیا دادەبڕا، هەر خەریکی نوێژ و زیکر و نزا دەبوو، تەنیا بۆ کۆنوێژی هەینی دەهاتە دەرەوە. مورید لە خەڵوەتدا نەدەخەوت، مەگەر خەو زەفەری لێ هێنابا، دەستی لە زیکر بە زمان هەڵنەدەگرت، تا زمانی شل دەبوو، ئەوسا بە دڵ زیکری دەکرد. مورید نابینایانە گوێڕایەڵی شێخ دەبێت و هەر چی بە بیریدا بێت، شێخی لێ ئاگادار دەکاتەوە. بۆچی مورید سەروەختی زیکر، بێ بڕانەوە، ئەڵـڵای لەسەر زارە؟ بۆ ئەوەی دڵی پڕ ببێت لە مانای ڕاستەقینەی خوا و بۆ ئەوەیشی دڵی بە نووری خوا ڕۆشن ببێتەوە. مورید کە هەموو وێستگەکانی بڕی، وەک ئەوە وایە میعراجی ڕۆحیی کردبێت.

 

١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦
ستۆکهۆڵم

 

(١) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.
(٢) رینولد نیکولسون، في التصوف الإسلامي وتأریخە، نقلها إلی العربیة وعلو علیها: أبو العلا العفیفي، منشورات الجمل ٢٠١٥ بغداد.
(٣)عیدالقادر عیسی، حقائق عن التصوف.
(٤)عبد الوهاب الشعراني، أليواقيت والجواهر.
(٥) عبد القادر عيسى، تأريخ الصوفية.
(٦) أبو ألعلا عفیفي، التصوف، الثورة الروحیة في ألإسلام.
(٧) الدکتور مختار الفجاري، تفاسیر صوفیة غیر منشورة.
(٨) لویس ماسینیون و مصطفی عبدالرزاق، التصوف.