یەکیەتی ئەوروپا  و نەبونی سیاسەتێکی ھاوبەش

دوای بە کۆتاھاتنی جەنگی جیھانی دووەم، کەسایەتی وەک (رۆبەرت شومان و کۆنارەد ئادیناوەر و ژان مۆنیت و ئەلیجیدێ دێگاسپەری و جۆزێڤ بێچ و ژان ویلیەم بێیان و پۆڵ ھێنری سپاک)، لە ژێر کاریگەری فاکتەر و ئاکام و دەرھاویشتەکانی ئەو جەنگەدا،ھەوڵیاندا بەردی بناغەیەک بۆ یەکێتی ئەوروپا دابنێن، لەم رووەوە دەستیان بە ئەنجامدانی  گۆڕانکاری کرد، لە بوارەکانی دیپلۆماسی و چەسپاندنی مافی مەدەنی و گەشەپێکردنی بزاڤێکی ئەوروپایی ئەوتۆ، کە بتوانێت یەکێتییەکی تۆکمە دابمەزرێنێت. پاش پەنچاو یەک ساڵ لەگەڵ تەواوبوونی ساڵی(٢٠٠٢)دا،ئەوروپا باوەشی خۆی بۆ دراوی یەکگرتووی نوێ کردەوە و ١٢ ووڵاتی یەکێتییەکە لە دراوی یەکگرتووی یۆرۆدا پشکدار بوون، بەمەش  بە یەکجاری  مالئاواییان لە دراوی نیشتیمانی کرد. ھەرچەندە دراوی نوێی یەکێتی ئەوروپا تاکە فاکتەر و فینۆمینای گوزارشتکار لە یەکگرتنێکی راستەقینەی وڵاتانی ئەوروپا نەبوو، بەڵکو چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان و بەرەوپێش بردنی قۆناغەکانی یەکگرتن، پێویستی بە یەکێتییەکی سیاسی تۆکمە و گشتگیر ھەبوو ‌. ئێمە کە باسی کیشوەری ئەوروپا بەگشتی دەکەین، باسی فاکتەرێکی سەرەکی دەکەین ئەویش دیموکراسییە،ئەمرۆ  لە  کۆی ئەو ٤٢ وڵاتانەی کە لە کیشوەری ئەوروپادا ھەن ٦٠%یان خاوەنی دەستورێکی دیموکراسین،کەچی لە ھەموو جیھان رێژەی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی دیموکراسی پەیرەو دەکەن لە ٥٠% کەمترە،ئەوەش وایکردووە ئەوروپا تایبەتمەندییەکی خۆی ھەبێت،ھەر ئەوەش بۆتە مەرجی فراوانبوونی یەکێتی ئەوروپا،چونکە ئەو وڵاتانەی داوای ھاتنە ناو یەکێتی ئەوروپایان کردووە و دەیکەن،ئەو سیستەمەی کە ھەیانە لە رووی دیموکراسیەوە نەبۆتە جێگای متمانە. بە بۆچوونی یەکێتی ئەوروپا ھەر رژێمێکی دیموکراسی واتای وولاتێکی ئاشتی خواز دەگەیەنێت، بە مانایەکی دی وڵاتێکی دژ بە (شەڕ).

 

لەگەل ئەوەشدا یەکیەتی ئەوروپا  کێشەی ناوخۆیی زۆری ھەیە، ھەر ولاتێکی ئەندام  لە رووی سیاسەتی دەرەکی بە پێی بەرژەوەندی خۆی ھەلسوکەوت دەکات ، ئەمەش لە کاتێکدا کە بەرپرسێک  دیاری کراوە  لەلایەن خودی یەکیەتی ئەوروپا بۆ بەرێوەبردنی کاروباری سیاسەتی دەرەکی یەکێتی وەک خاتوو(فێدریکە مۆگەرینی)بە رەگەز ئیتالی.

 

لە رووی قەیرانی ھاتنی بە ڵێشاوی کۆچبەر و پەنابەری نایاسایی بۆ ئیتالیا،کە تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتە بە تەنیا جێھێشتراوە بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو کێشەیە،ئەوەش ھەر دەگرێتەوە بۆ نەبونی پلانێکی ھاوبەش لە نێو ولاتانی ئەندام ، کە رۆژ لە دوای رۆژ کێشەکە سەختتر دەبێت، بۆتە ھۆی سەرھەڵدانی شەرێکی سارد لە نێوان ھاوڵاتیانی بێ دەرامەتی ئیتالی و کۆچبەرانی نایاسایی. بێ گومان ھۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو قەیرانە ئابورییەی کە زیاتر لە سێ ساڵە ئیتالیای ھەراسان کردووە و کاری کردۆتە سەر بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری کە لە ئەنجامیدا رێژەیەکی زۆری گەنجانی ئەو وڵاتە روو لە ولاتانی تری ئەوروپا دەکەن بەتایبەتیش بۆ بەریتانیا ،بەمەبەستی وەدەستھێنانی کار. بە پێی دوایین ئامار تەنھا لە ساڵە ٢٠١٥ زیاتر لە ١٠٠ ھەزار خوێندکار و گەنجی ئیتالی بەمەبەستی کارکردن روویان لە ولاتی بەریتانیا کردوە ، ئەگەرچی دوای جیا بونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، ژیانیان لەوێ سەخت دەبێ ، بەھۆی ئەو گۆرانکارییانەی کە بریارە لە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو، لە یاسای بەریتانیا ئەنجام بدرێت. ھەر بەپێی ئەو گۆرانگارییانە گشت ھاولاتیانی یەکێتی ئەوروپا کە لە بەریتانیا نیشتەجێن  بە بێگانە لە قەلەم دەدرێن ، بەمەش بێ بەش دەکرێن لەو یامەتیانەی کە بۆ خوێندن و بۆ حالەتی تەندروستی تەرخان کرابوون.