سلێمانی.. له‌ 6ی ئه‌یلوولی 1930 بۆ 6ى ئه‌یلولى2016

 

 

(سلێماني) ئه‌و شاره‌ سه‌ربڵنده‌ى باشوورى كوردستان بوو، كه‌ له‌ (6ى ئه‌یلولى1930ز) مێژووێكى بۆ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى ڕابردووی خۆی تۆمار كرد، كه‌ نه‌ پێشتر و نه‌ دواتر به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو. ڕووداوه‌كه‌ش به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى پیلانێكى ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراقى بوو بۆ سه‌ر خاكى باشوورى كوردستان به‌ گشتى و سلێمانی به‌تایبه‌تى. دیاره‌ ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ ئه‌و شاره‌ى خۆی به‌ خاوه‌نی یه‌كه‌می حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌ باشوورى كوردستان ده‌زانى، به‌وه‌ى له‌ (17ی تشرینی یه‌كه‌مى 1918) به‌ سه‌رۆكایه‌تیى (شێخ مه‌حموودی نه‌مر) دامه‌زرابوو، بۆیه‌ ئاسان نه‌بوو لێى بدرێت و له‌ شان و شكۆى بهێنرێته‌ خواره‌وه‌. كه‌چى به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ (شه‌ش) ساڵ دواتر ئه‌و شاره‌ لێی درا و زۆرى نه‌خایاند له‌ پایته‌ختی ده‌سه‌ڵاتێكى كوردى و كوردستانییه‌وه‌، بۆ شارێكى وابه‌سته‌كراو به‌ ده‌وڵه‌تێكى نوێى تازه‌ دامه‌زراوه‌ى وه‌ك ئێراقه‌وه‌، ئاڵوگۆڕ كرا. له‌وانه‌ش مه‌رگه‌ساتتر كوردێكی شاره‌كه‌ به‌ ناوی (ئه‌حمه‌د تۆفیق) بووه‌ موته‌سه‌ریف و دوور له‌ ویستی هاوشارییه‌كانی كاری ده‌كرد! هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ خۆشیان نه‌ده‌ویست و له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیاندا به‌ خراپ باسیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆرى نه‌خایاند به‌ هۆی دانیشتووانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌ی دوور خرایه‌وه‌ و (ئه‌حمه‌د عوسمان)ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێریان له‌ شوێن دانا. كه‌چى ئه‌وه‌ش ڕقی جه‌ماوه‌ری سلێمانیی نه‌هێنایه‌ خواره‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان له‌ (11ی مایسی1930ز)دا ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراقیان ناچار كرد (ئه‌حمه‌د عوسمان) دوور بخاته‌وه‌ و (تۆفیق وه‌هبی) له‌ شوێنى دابنێن. كه‌چى ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حكوومه‌تی ئێراق له‌ ڕقی جه‌ماوه‌ری شاریان كه‌م نه‌كرده‌وه‌ و درێژه‌یان به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ى خۆیان دا. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ش كاتێك بووه‌ خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینى (6ى ئه‌یلوول)، كه‌ حكوومه‌تى ئێراق ویستى له‌ هه‌ڵبژاردنێكى گشتیدا خه‌ڵكى لیوای سوله‌یمانى نوێنه‌رى خۆیان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیارى بكه‌ن، به‌ڵام به‌پیره‌وه‌چوونی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌و ڕۆژه‌دا و له‌نێو دانیشتووانی ئه‌و شاره‌دا بیروڕا و هه‌ڵوێستی جیاوازی لێ كه‌وته‌وه‌. به‌و پێیه‌شی شوێنی ده‌نگدانه‌كه‌ (به‌رده‌ركى سه‌را) بوو، بۆیه‌ ده‌بوا هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕازى و ناڕازى بۆ ئه‌و ده‌نگدانه‌ له‌وێ كۆ ببنه‌وه‌. به‌ره‌ى پشتیوانیى ده‌وڵه‌ت، ده‌نگی خۆیان بده‌ن و دڵسۆزیی خۆیان بۆ ڕژێمى پاشایه‌تى دووپات بكه‌نه‌وه‌. به‌ره‌ی نه‌یارانی ده‌وڵه‌تیش له‌وێدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ساز بكه‌ن و ڕێگرى له‌و پرۆسه‌یه‌ بكه‌ن.. ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی ده‌نگدان بوون خۆیان له‌ (30) كه‌س ده‌دا، كه‌ له‌نێویاندا (حاجی ئیبراهیم ئاغا، مه‌جید به‌گی حاجی ڕه‌سوڵ به‌گ، غالب ئاغا، حاجی كه‌ریم، كه‌ریمی عه‌له‌كه‌، سه‌ید ئه‌حمه‌دی تونچی، كه‌ریم به‌گی موحه‌ممه‌د به‌گ، حاجی كاكه‌ حه‌مه‌، حاجی مه‌لا محێدین، حاجی عه‌لی حاجی حه‌سه‌ن ئه‌فه‌ندی) ناسرابوون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى دژی هه‌ڵبژاردن بوون زۆرینه‌ بوون، تا ده‌ست بده‌نه‌ ڕٍاپه‌رین و پرۆسه‌كه‌ تێك بده‌ن، كۆمه‌ڵێك بوون كه‌ له‌نێویاندا ئه‌مانه‌ی تێدا بوون (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ڕه‌شوڵ، فایه‌ق بێكه‌س، حه‌مه‌سه‌عید دارتاش، محێدینی ساله‌ سوور، محێدینی حه‌مامچی، ساڵح قه‌فتان، فوئاد ساڵح قه‌فتان، عه‌زمی به‌گی بابان، موحه‌ممه‌د ساڵح به‌گی موحه‌ممه‌د عه‌لی به‌گ، حه‌مه‌ی ئه‌وره‌حمان ئاغا، عیزه‌ت به‌گی وه‌سمان پاشا، فایه‌ق به‌گی مارف به‌گ، شێخ موحه‌ممه‌دی گوڵانی، مه‌جید ئه‌فه‌ندی كانیسكانی، ڕه‌مزی فه‌تاح و تۆفیق قه‌زاز). له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و (دوو) بۆچوونه‌ جیاوازه‌ی دانیشتووانی شاریشدا، به‌رپرسانی حكوومه‌ت بۆ پاراستنی باری ئاسایشی پرۆسه‌كه‌ و ڕێگرتن له‌ هه‌ر كارێكی نه‌خوازراو، هێزێكی زۆری له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را دامه‌رزاندبوو. كاتێكیش ده‌ست به‌ پرۆسه‌كه‌ كرا، ده‌نگی خۆپیشانده‌ران به‌ دروشمی تایبه‌ت و هوتافكێشان ده‌ستی پێكرد. به‌مه‌ش هێزه‌كانی حكوومه‌ت كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران و ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی خسته‌ قۆناغێكی ترسناكه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامدا 13 كه‌س شه‌هید بوون و ژماره‌یه‌كی به‌رچاویش له‌ خۆپیشانده‌ران بریندار بوون. له‌ كاتێكدا له‌ هێزه‌كانی حكوومه‌ت ته‌نیا (یه‌ك) كوژراو و (دوو) بریندار هه‌بوو. سه‌ختیی ئه‌و بارودۆخه‌ی شاریش به‌رپرسانی حكوومه‌تی ناچار كرد هێزێكی تایبه‌ت له‌ژێر فه‌رمانده‌یی (به‌كر سدقی) ڕه‌وانه‌ی سلێمانی بكه‌ن و له‌ چه‌ند شوێنێكی شار و له‌وانه‌ش له‌سه‌ر مزگه‌وت و ته‌كییه‌كان بنكه‌ی سه‌ربازی دابنێن. هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌و بنكانه‌ دایاننان له‌ سه‌ربازی عه‌ره‌ب و سیخی پێكهاتبوون، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌و فشار و هێزانه‌ نه‌ چۆكی به‌ ئیراده‌ی شار و دانیشتووانه‌كه‌ی دا، نه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تیش گه‌ڕا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی دامركانده‌وه‌. لێره‌وه‌ش ڕاپه‌رینه‌كه‌ی (شه‌شی ئه‌یلوولی 1930ز) بووه‌ مێژووێكی به‌ره‌نگاری بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی.


دواى 86 ساڵیش له‌و ڕووداوه‌، ئه‌م شاره‌ به‌هۆى ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیه‌وه‌ ده‌ستى له‌ به‌رۆكى به‌غدا و حكوومه‌تى ئێراق نه‌بووه‌ته‌وه‌! ئه‌مه‌و له‌و كاته‌وه‌ تا به‌ ئێستا ده‌گات مۆته‌كه‌ى پیلانگێڕیى داگیركه‌رانى كوردستان و ململانێی ناوخۆیى هێزه‌ سیاسییه‌كانى، به‌رۆكى ئه‌م شاره‌یان به‌رنه‌داوه‌ و به‌رده‌وام كێشه‌ى بۆ دروست ده‌كرێت و دانیشتووانه‌كه‌ى ده‌كاته‌ قوربانى و بوار نادات كه‌مێك پشوو و ئارامى پێ ببه‌خشن و خۆشگوزه‌رانى بۆ هاووڵاتییه‌كانى بگێڕنه‌وه‌!

 

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:


ئاكۆ عه‌بدولكه‌ریم: شاری سلێمانی (1918-1932) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی سیاسییه‌.
عبدالرزاق الحسنى: تاریخ الوزرات العراقیه‌.


ئازاد محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان: ڕاپه‌رینی شه‌شی ئه‌یلوول و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ شیعری كوردیدا.