چه‌رده‌یه‌ك له‌ ته‌سه‌وف و ره‌وتی نیشتمانی - 3

 

 

سه‌رنج و تێبینی و هه‌ڵسه‌نگاندنی گشتی
له‌پاڵ شیكردنه‌وه‌ی كڕۆكی بابه‌ته‌كانی ئه‌م كتێبه‌ چ له‌ رووی رووخسار یا ناوه‌ڕۆك به‌ پێویستی ده‌زانم چه‌ند رایه‌كی تایبه‌تی خۆم له‌ رووی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ به‌ هه‌ردوو لایه‌نی (ره‌خنه‌یی و جوانی). وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ده‌یخه‌ینه‌ روو:


ا- لایه‌نی ره‌خنه‌یی
1- ناونیشانی كتێبه‌كه‌ ـ بابه‌تی (ته‌سه‌وف) چ وه‌ك زاراوه‌ یاخود بابه‌ت بۆ ئه‌م شوێنه‌ له‌ جێی خۆیدا نییه‌، چونكه‌ زاراوه‌ی ته‌سه‌وف زۆر هه‌ڵده‌گرێت و گه‌لێ لق و پۆپی لێ بووه‌ته‌وه‌، وه‌ك ته‌سه‌وف له‌ یۆنان و له‌ رۆژهه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م ناوه‌ن و جۆری ژیان و جلوبه‌رگ و ئادابیان جیایه‌، به‌ ڕای من ده‌بوایه‌ نووسه‌ر زاراوه‌ی (ته‌ریقه‌) یاخود (ڕێبازی) به‌كار بهێنایه‌، چونكه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ ده‌گونجێ.
2- نووسه‌ر گرنگییه‌كی زۆری به‌ نووسینه‌كانی هه‌ردوو نووسه‌ر (عه‌تا قه‌ره‌داغی و حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی) داوه‌ و له‌ چه‌ند به‌شێكی كتێبه‌كه‌دا دووباره‌ و سێ باره‌ ئاوڕ و ره‌خنه‌ی دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌، پێم باش بوو له‌و (11) به‌شه‌ به‌شێكی سه‌ربه‌خۆی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌رخان بكردایه‌.
3- له‌ كتێبه‌كه‌دا پتر گرنگی به‌ ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی شێخ مارفی نودێ و ساداتی به‌رزنجه‌ دراوه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراون و ناچنه‌ كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌.
4- له‌ سه‌رچاوه‌كاندا زۆربه‌ی زۆری كتێبه‌كان ساڵی چاپكردنیان نه‌نووسراوه‌، چ جای شوێنی چاپه‌كانیش.
5 - سه‌رچاوه‌ی كتێبه‌كه‌ی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی (ئه‌ده‌ب و مێژوو) نه‌نووسراوه‌.
6- ده‌بوایه‌ سه‌رچاوه‌كان به‌ جیا بنووسرانایه‌ (سه‌رچاوه‌كان به‌ زمانی عه‌ره‌بی و سه‌رچاوه‌كان به‌ زمانی كوردی) هه‌روه‌ها ده‌بوو به‌پێی (ئه‌لف و بێ) رێك بخرانایه‌.
7- له‌ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌دا به‌شی (هه‌شته‌م) نه‌نووسراوه‌ پێم باشه‌ له‌ چاپێكی تردا ئاوڕ بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ بداته‌وه‌.
8- بریا ساڵی له‌دایكبوون و كۆكچكردنی شێخ مارفی نودێ به‌ (ساڵی زایین ـ میلاد) بنووسرایه‌ نه‌ك هیجری.

 

ب ـ هه‌ڵسه‌نگاندن
وه‌ك ئاماژه‌مان به‌ ناوه‌ڕۆك و به‌شه‌كانی كتێبی (ته‌سه‌وف و ره‌وتی نیشتمانی) كرد، شیكردنه‌وه‌مان له‌ رووی وه‌سفی كتێبه‌كه‌ و گه‌نگه‌شه‌ی نووسه‌ر و دوو نووسه‌ره‌كه‌شی (عه‌تا قه‌ره‌داغی و حه‌مه‌ی حه‌مه‌ باقی) ئه‌وه‌ دێنێ كه‌ بڵێین ئه‌م كتێبه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كتێبانه‌ی كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ی زۆر خۆی ماندوو كردووه‌.
ئه‌مه‌ش هێنده‌ دێنی را و سه‌رنجی خۆمان به‌رامبه‌ر هه‌ردوو رابه‌ر و كار و كرده‌وه‌كانیان ده‌رببڕین كه‌ له‌ چه‌ند خاڵدا به‌كورتی سه‌رنجی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ روو:
1- به‌ڕاستی هه‌ردوو رابه‌ر (شێخ مارفی نودێ و مه‌ولانا خالید) دوو رابه‌ری خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات و كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆیان بوون.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌ (شێخ مارفی نودێ) یه‌وه‌ بێ:
اـ شێخ مارف گه‌لێ به‌رهه‌می هزریی به‌ناوی (الاعمال الكامله‌ـ كاره‌ ته‌واوكراوه‌كان)ه‌ كه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و كۆی به‌یته‌كانی (قه‌سیده‌ و پێنج خشته‌كییه‌كانی) پتر له‌ 696 به‌یتن.
بـ شیعره‌ بزربووه‌كانی كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ پتره‌ له‌ 717 به‌یت.
2ـ وردبوونه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی شێخ مارفی نودێ بۆ سوڵتان سه‌لیمی عوسمانی و نامه‌ی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رده‌، هه‌مووی دڵسۆزی و خه‌مخورییه‌ بۆ گه‌لی كورد و باری شێواوی وڵات و خاپووركردنی شار، هه‌ر بۆیه‌ به‌لای شێخ مارفی نودێیه‌وه‌ ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ وای لێ ده‌كات كه‌ داوا له‌ سوڵتانی عوسمانی بكات شوێنێكی بۆ هه‌ڵبژێری تا سه‌ری خۆی هه‌ڵگرێ.
نامه‌كه‌ی شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌ زه‌ردشی بۆ (نادر شای عه‌جه‌م)ی شیعه‌ مه‌زه‌ب كه‌ ویستی بێته‌ كوردستان و تا موسڵ بگرێ و ره‌گی شیعایه‌تی زیندوو بكاته‌وه‌ به‌ توندی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ كه‌ ره‌گه‌ شیعه‌كه‌ (عماسلف)ه‌ و ئه‌مانه‌ خۆیان به‌ سوونی ده‌زانن... ته‌نانه‌ت له‌م رووه‌وه‌ شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له‌ شیعرێكدا (سوننی مه‌زهه‌ب) خۆی باپیرانی داده‌نێ و خاوه‌ن مزگه‌وتن وه‌ك ده‌ڵی:
سنیم، سیف، ولیكن حب ال مسته‌فا
دین و ئایینی منه‌ و باوك و ئه‌جدادی منه‌
له‌ بڕگه‌ شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵی:
(دۆستی هه‌ر كه‌سێكم كه‌ دۆستی ئه‌وان بێت و دوژمنی ئه‌و كه‌سه‌یشم كه‌ دوژمنی ئه‌وان بێت... كه‌واته‌ قادرییه‌كان سه‌ید و سین مه‌زهه‌بن. خاوه‌ن ته‌كیه‌ و مزگه‌وتن نه‌ك (حێشیه‌).
3 ـ شێخانی به‌رزنجه‌ پتر له‌ شه‌ش سه‌ده‌یه‌ له‌ كوردستان ئاڵای زانست و زانیارییان هه‌ڵگرتووه‌ و شوێنه‌كانیان) بووه‌ته‌ بنكه‌ی زانین و خواپه‌رستی و سه‌دان زانا و رۆشنبیری وه‌ك (شێخ بابا ره‌سول به‌رزنجی و شێخ عه‌بدولكه‌ریم و شێخ عه‌بدولڕه‌حیمی برای شێخ حه‌سه‌نی گڵه‌زه‌رد و سه‌ید ئه‌حمه‌دی فایز...) تیا هه‌ڵكه‌وتووه‌..
4 ـ شێخ مارفی نۆدێ له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌لێ زانایانی ناودار و كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی ئایینی وه‌ك (محه‌مدی غه‌زایی، مه‌لا عه‌بدوڵڵای بێتوشی و ابن الحاج) زانینی وه‌رگرتووه‌ و بۆته‌ سه‌رۆكی موده‌ریسه‌كانی فێرگه‌ی قه‌ڵاچوالان و ئه‌مینداری كتێبخانه‌ی قه‌ڵاچوالان و پاشان مزگه‌وتی گه‌وره‌ له‌ سلێمانی.
5 ـ شێخ مارفی نۆدێ خاوه‌نی (55) به‌رهه‌مه‌ به‌ پێی سه‌رده‌می خۆی كه‌سی نه‌گه‌یشتووه‌تێ.
6 ـ هه‌ردوو رابه‌ر (شێخ مارفی نودێ و مه‌ولانا خالید) به‌ سه‌دان كتێبیان به‌ زمانه‌ جیاجیاكان له‌سه‌ر نووسراوه‌ چ جای ئه‌وه‌ی به‌ ده‌یان نامه‌ی ماجستێر و دكتۆراشی له‌سه‌ر هه‌ردوو رابه‌ر وه‌رگێڕاوه‌.

هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندیشه‌وه‌ بێت:
ا ـ مه‌ولانا خاوه‌نی هێزێكی جه‌ماوه‌ری بوو به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، له‌ ماوه‌ كه‌مه‌ی له‌ سلێمانی كه‌ (9)ساڵ مایه‌وه‌ جوگرافیایه‌كی به‌رینی له‌ ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی (نه‌قشبه‌ندی)ی هێنایه‌ كوردستان و شاری سلێمانی.
ب ـ مه‌ولانا رێبازێكی تازه‌ی ریفۆرمخوازیی هێنایه‌ ناوه‌وه‌ به‌ ناوی (ئه‌لنه‌قشبه‌ندییه‌ المجرد).
ج ـ بزووتنه‌وه‌كه‌ی مه‌ولانا خالید هێنده‌ فراوان بوو، له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناوچه‌ییه‌وه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تی عوسمانیی گرته‌وه‌، بڕوانه‌ (بگرسی ـ ابو منه‌ ـ دراسات حول مولانا خالدو الخالدیی و ـ2009 م . ص6)
8 ـ چالاكیی مه‌ولانا خالید له‌ مه‌كه‌وه‌ بۆ جاوا و خوارووی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و وڵاتانی داغستان، نیشان، ئه‌رخه‌بیل و ئه‌نده‌نووسیا و ... هتد بڕوانه‌ (مارتن ڤان برو بنه‌سره‌ ـ وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ (مینه‌)چ . تاران 2016 . ل53.
9ـ مه‌ولانا خالید له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌ به‌ ته‌نیا خۆی بووه‌ ئه‌ندازیاری زییندووكردنه‌وه‌ی ڕێبازه‌كه‌و (400) خه‌لیفه‌ی رێگه‌پێدراوی ره‌های له‌ ئیرشاد هه‌بووه‌ كه‌ یه‌كێ له‌ یه‌كه‌م خه‌لیفه‌ی (حه‌زره‌تی شێخ عوسمانی سیراجه‌دیینی ته‌وێڵه‌ بووه‌ ...). (له‌ زاری شێخ موحسینی موفتی رۆژی 8/6/2016 . هه‌روه‌ها بڕوانه‌: (انوار الحقیقه‌ فی سیرا اقگاب النقشبه‌ندییه‌ ـ الشیخ محمد المفتی ـ المگلبه‌ روژهه‌لات ،ـ اربیل 2013. ص58).
10-مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی به‌هۆی پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ بووه‌ مه‌ترسی:
ا - بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی بابان به‌تایبه‌ت مه‌حمود پاشای بابان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ترساوه‌.
ب - بۆ سه‌ر ته‌ریقه‌تی قادری (كه‌ كۆمه‌ڵێ مه‌لای به‌رژه‌وه‌ندخواز كه‌وتنه‌ فیتنه‌یی و دووزمانی و شێواندنی بارودۆخه‌كه‌):
ج - مه‌ترسی بۆ سه‌ر عوسمانیه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی بۆ به‌غدا و پاشان بۆ شام.
11- مه‌ولانا خاوه‌نی هه‌زاره‌ها مورید بووه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین خه‌لیفه‌... له‌م باره‌یه‌وه‌ كلودیش ریچ ده‌ڵێ: مه‌ولانا له‌ كوردستانیش خاوه‌نی (12) هه‌زار مورید بووه‌. له‌ ده‌ره‌وه‌ش خاوه‌نی (20) هه‌زار مورید بووه‌ ... هه‌روه‌ها (42) خه‌لیفه‌ی كوردی هه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ (33) خه‌لیفه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر.
12- به‌ گشتی هه‌ردوو رابه‌ر (شێخ مارفی نودێ و مه‌ولانا خالید) زانا و دانا و پیاوی سه‌رده‌می خۆیان و پاشی خۆیانن.. هه‌ردوو زانا زمانزان بوون شاره‌زای زمانی (عه‌ره‌بی، فارسی، توركی چ جای كوردی).
13- هه‌ردوو رابه‌ر مه‌زاره‌كانیان بووه‌ته‌ جێگه‌ی پیرۆزی هه‌واداران و رۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌سان روو له‌ مه‌زاره‌كانیان ده‌كه‌ن و دوعا و نزا و ته‌سكینی دڵ و ده‌روون و هیوێركردنه‌وه‌ی هزره‌كانیانن.