جه‌نگی (ئێراق- ئێران) له‌ دیدى مێژووه‌وه‌

كورد بووه‌ باراشى نێوان دوو به‌رداش

(8ى ئابى1988ز) كۆتایى به‌ جه‌نگێك هات كه‌ بۆ ماوه‌ى هه‌شت ساڵ دوو ده‌وڵه‌تى ئێران و ئێراقى كرد به‌ گژ یه‌كدا و هه‌ردوو وڵاتى ئالووده‌ى خوێن و ئاگر و ماڵوێرانى كرد. له‌و نێوه‌نده‌دا دوو به‌شی خاكى داگیركراوى كوردستان، كه‌ هه‌ردوو به‌شى رۆژهه‌ڵات و باشوور بوون، باجى گه‌وره‌ى ئه‌و جه‌نگه‌یان دا، چونكه‌ زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وت و گه‌وره‌ترین باجیان له‌سه‌ر دا، به‌وه‌ى دواى ماوه‌ی هه‌شت ساڵ له‌و جه‌نگه‌، نزیكه‌ی 4500 گوند و 12 شارۆچكه‌ و 5 مه‌ڵبه‌ندی قه‌زای له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت كران و زیاتر له‌ 750هه‌زار سه‌رباز و چه‌كدارى كوردى نێو ڕیزه‌كانى سوپاى ئێراق و سوپاى ئێران له‌و جه‌نگه‌ كوژران و 5000 پێشمه‌رگه‌ى نێو ڕیزه‌كانى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردى باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستانیش بوونه‌ قوربانى. ئه‌مه‌ و جگه‌ له‌ 250 هه‌زار هاووڵاتیی كورد بێ تاوان كه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى باشوورى كوردستان ئه‌نفال كران! هه‌موو ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ قوربانییه‌كانى چه‌كى كیمیاویی شاره‌كانى سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌و ناوچه‌ و گوندانه‌ى به‌ر ئه‌و چه‌كه‌ كۆكوژه‌ كه‌وتن!


جه‌نگى (ئێراق- ئێران) له‌ (22ی ئه‌یلوولى 1980ز) هه‌ڵایسا، كاتێك ده‌وڵه‌تی ئێراق به‌ بڕیاری سه‌رۆكه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی (پارتی به‌عسی سۆشیالیستی عه‌ره‌بی) جه‌نگێكیان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌رپا كرد. ئه‌و ڕووداوه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ سه‌دام حوسێن له‌ (17ی ئه‌یلوولى 1980ز به‌ فه‌رمی ڕێككه‌تننامه‌ی جه‌زائیری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ (6ی ئازارى 1975ز) له‌نێوان (خۆی و محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی) له‌ (جه‌زائیر)ی پایته‌ختی وڵاتی جه‌زائیر واژۆیان له‌سه‌ر كردبوو. ئه‌وكات خۆی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئێراق و جێگری سه‌ركۆمار بوو، كه‌ دوای هه‌وڵێكی چه‌ند ساڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی و دواجار به‌ نێوانگیریی (هه‌واری بومیدیان)ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی وڵاتی جه‌زائیر له‌گه‌ڵ پاشای ئێران به‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ گه‌یشتن. به‌و ڕووداوه‌ش ده‌وڵه‌تی ئێران ڕازی بوو له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ڕووبه‌ره‌ ئاوی شه‌تولعه‌رب، واز له‌ كۆمه‌ك و پشتیوانیی شۆڕشی كورد له‌ باشووری كوردستان بهێنێت. به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ (شۆڕشی ئه‌یلوول) دوای (چوارده‌) ساڵ خه‌بات و كۆڵنه‌دان، دووچاری شكست هات. دیاره‌ ئه‌و كاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق و خودی واژۆكه‌ری ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، كه‌ سه‌دام حوسێن بوو، بیریان له‌وه‌ كردبووه‌وه‌ كه‌ پێدانی ڕووبه‌ره‌ ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب به‌ ده‌وڵه‌تی ئێران ته‌نیا ته‌كتیكه‌ و كاتییه‌، تا خۆیان به‌هێز ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دیده‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى په‌هله‌ویى ئێرانه‌وه‌ نه‌بوو. هه‌ر چۆن بێت ئه‌وكات شای ئێران ڕازی كرا و به‌و كاره‌ شۆڕشێكی حه‌قخوازانه‌ی كوردیان كرده‌ قوربانی. دواجاریش هه‌ر وا ده‌رچوو، كاتێك ده‌وڵه‌تی ئێراق خۆی به‌هێز كرد و خودی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئێراق گه‌یشته‌ پۆستی سه‌ركۆماری، وازی له‌ به‌نده‌كانی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ هێنا و خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی دوای ئه‌و ڕووداوه‌ ئاماده‌ كرد، به‌ڵام خاڵی گرنگ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ وه‌ك چۆن پێشتر شای ئێران بیری له‌وه‌ نه‌كردبووه‌وه‌، كه‌ ئه‌و هاتنه‌پێشه‌وه‌یه‌ی ئێراق بۆ هه‌ر جۆره‌ ڕێككه‌وتننێك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران تاكتیكه‌، ئاوه‌ها سه‌رۆكی ئێراقیش بۆ ئه‌وه‌ نه‌چوو كه‌ شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و ڕووداوه‌ چی به‌سه‌ر ئێراق و خۆی ده‌هێنێت. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن شای ئێران دوای (چوار) ساڵ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر ڕووبه‌ڕووی شاڵاوی ناڕه‌زایی هاووڵاتییه‌كانی بووه‌وه‌ و له‌ وڵات شاربه‌ده‌ریان كرد و كۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی هێنا، ئاوه‌هاش سه‌رۆكی ئێراقیش دوای ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌یه‌ی دواجار ڕووبه‌ڕووی جه‌نگێكی هه‌شت ساڵه‌ بووه‌وه‌، كه‌ ده‌رچوون له‌ كاریگه‌رییه‌كانی كارێكی سه‌خت و دژوار بوو. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی دوای كۆتاییهاتن به‌و جه‌نگه‌ له‌ (8ی ئابى 1988ز) ناچار بوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ (2ی ئابى 1990ز) په‌لاماری ده‌وڵه‌تی كوێت بدات. دواجار بۆ زیانی ئه‌و په‌لاماردانه‌ش له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا و له‌ (ئازارى 1991ز) باشووری كوردستانی له‌ده‌ست چوو، كه‌ له‌ ساڵی (1924ز) به‌ ناوی (كوردستانی ئێراق) پێوه‌ی لكێنرابوو. له‌ قۆناغی دووه‌م و كۆتاییشدا به‌ لادانی خۆی و ڕژێمه‌كه‌ی له‌ (9ی نیسانی 2003ز) باجی هه‌ڵه‌ی خۆیدا و بۆ ئه‌به‌د كۆتایی به‌ بوون و ده‌سه‌ڵاتداریدا هات.


ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین له‌و جه‌نگه‌دا و ته‌نیا له‌ ئێراقییه‌كان نزیكه‌ی (1200000) ئه‌فسه‌ر و ده‌ره‌جه‌دار و سه‌رباز كوژران و نزیكه‌ی (300000) تریش بریندار بوون. ئه‌مه‌و جگه‌ له‌ به‌دیلگیرانی نزیكه‌ی (110000) ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی تر. له‌ هێزه‌كانی ئێرانیش نزیكه‌ی (1750000) ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و هێزی نیزامی و سوپای پاسداران كوژران و (425000) تر بریندار بوون! سه‌رباری ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ (45000) سه‌رباز و ئه‌فسه‌ر و ده‌ره‌جه‌داری تر له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای عێراقه‌وه‌ به‌دیل گیران! ئه‌مه‌ و زیانی دارایی جه‌نگه‌كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى ئێراق گه‌یشته‌ (40 ملیار دۆلار). ئه‌و خه‌رجییه‌ش به‌هۆى كۆمه‌ڵه‌ قه‌رزێكه‌وه‌ بوو، كه‌ حكوومه‌تى ئێراق له‌ چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بى و ئه‌وروپى و ئه‌مه‌ریكى و ئاسیایی كردبوو. له‌نێو ئه‌و قه‌رزانه‌شدا (35 ملیار) قه‌رزاری میرنشینه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب و له‌نێویشیاندا ده‌وڵه‌تی كوێت بوو. هه‌ر بۆیه‌ جه‌نگه‌كه‌ چه‌نده‌ بۆ كورد مایه‌ى نه‌هامه‌تى بوو، چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌ زیانى سیاسی و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگیى به‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى ئێران و ئێراق گه‌یاند، كه‌ تا ئه‌مڕٍۆش درێژه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام پرسیارى سه‌ره‌كیى ئه‌م باسه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا دواى زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ كۆتاییهاتنى ئه‌و جه‌نگه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ شه‌ڕ و ململانێ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ناكات و تاكه‌ ڕێگاى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ئاشتییه‌؟ ئایا كوردیشى گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانییانه‌ى له‌ ماوه‌ى (هه‌شت) ساڵ جه‌نگدا دایان، بۆ یه‌ك خه‌بات و یه‌ك دروشم و یه‌ك ئامانج، له‌ژێر یه‌ك به‌یداخى یه‌كڕیزیى كوردایه‌تیدا بوایه‌، ئێستا (كوردستان) سه‌ربه‌خۆ و كوردیش ئازاد نه‌ده‌بوو؟ بێ گومان به‌ڵێ، به‌ڵام قسه‌ بۆ كێ ده‌كرێت؟ بۆ نه‌ته‌وه‌ و هێز و خه‌ڵكێك له‌ مێژوو تێ بگات و به‌ واقیعى و دوور له‌ چه‌واشه‌كارى بۆ ئایینده‌ بڕوانێت.

 

سەرچاوەکانی ئەم باسە:

رولان ذاكار: اسرار جنط خليج فارس.

نجيب الصالحى: الزلزال.