چه‌رده‌یه‌ك له‌ ته‌سه‌وف و ره‌وتی نیشتمانی

وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی: بۆچی مه‌ولانا خالید سلێمانیی به‌جێ هێشت؟

 

له‌ وه‌ڵامی نووسه‌راندا شێخ یه‌حیا چه‌ندین پرسیار ده‌ورژێنێت به‌ هۆی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ململانێ نه‌قشی و قادری بوون ئه‌ی ده‌وڵه‌تبوونی له‌ پای چی و كێ هۆكاربوو...؟؟
1ـ دووله‌تبوونی حزبی شیوعی (باڵی لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی باڵی قیاده‌ی مه‌ركه‌زی).
2ـ جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ یه‌كێتی
3ـ دابه‌شبوونی سۆشیالیست، زه‌حمه‌تكێشان.. لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان بوو.
ـ له‌ به‌شه‌كانی تری كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی میانڕه‌وی ئه‌م ته‌ریقه‌ته‌ دوای كۆچی هه‌رددوو ڕابه‌ر ( شێخ مارفی نودێ و مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی ده‌كات و چه‌ندین را و سه‌رنج و بۆچوونی نووسه‌رانی ئه‌و بواره‌ ده‌خاته‌ روو.. به‌ تایبه‌تی ڕۆڵی شێخ مه‌حمودی نه‌مر و دۆستایه‌تیی قادری و نه‌قشییه‌كان و نامه‌كانی شێخ مه‌حمود كه‌(19) نامه‌یه‌ و له‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كاندا دڵسۆزی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی شێخ مه‌حمود باس ده‌كرێت یاخود له‌ كۆپله‌ شیعرێكی شێخی نه‌مردا كه‌ باسی مافی كوردان ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب رێگر بێ له‌و مافانه‌ ئه‌وه‌ نوێژه‌كانیشی به‌ كوردی ده‌كات:

گه‌رمانی حه‌قیقی میلله‌تی كورد بن عه‌ره‌ب
بێ شك نوێژه‌كانم به‌ كوردی قه‌زا ده‌كه‌م
ته‌نانه‌ت كوردایه‌تیی شێخی نه‌مر له‌ پله‌ی ( جیهاد) بوو.. له‌ یه‌كێ له‌ نامه‌كانیدا سكاڵا به‌ میلله‌ته‌كه‌ی ده‌كات به‌وه‌ی شۆڕش ده‌كات به‌ڵام پاره‌ی خه‌رجكردنی بۆ چه‌كداره‌كان نییه‌ و داوای هاریكاری له‌ میلله‌ته‌كه‌ی ده‌كات، چونكه‌ هه‌ر پاره‌یه‌كی هه‌یبوو بۆ میلله‌ت و چه‌كداره‌كانی خه‌رج كردووه‌ وه‌ك ده‌ڵی:
(ئه‌گه‌ر هه‌م له‌ ئێوه‌ زۆرناڵی ده‌تفه‌نگچی ئیداره‌ بده‌ن، من به‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ئێوه‌ ئیداره‌ی ئه‌ده‌ن شۆڕش ده‌به‌م به‌ ڕێوه‌، ئینگلیز ناچار ئه‌كه‌م كه‌ باوه‌ڕ به‌ مافی كورد بكا.. .) (274).
نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ نووسینی مامۆستایه‌كی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی به‌ ناوی (ستیڤن ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی شێخ مه‌حمودی نووسیوه‌ كه‌ (حكوومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود له‌ هه‌شت ئه‌ندام پێك هاتبوو....پوولی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو، گومرگی خۆی هه‌بوو ـ باجدان بۆ ده‌رامه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئۆرگان یا رۆژنامه‌ی خۆی هه‌بوو، زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو، پاشان به‌هانای ئینگلیزه‌كان عه‌شیره‌ته‌كان و بازرگانه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا دووركه‌وتنه‌وه‌...( 238)..
له‌ زۆر به‌شی كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ رۆلی شێخ ئه‌حمه‌د ده‌كات چۆن له‌ رێگای باڵوێزخانه‌كانه‌وه‌ داوای هاریكاری بۆ كورد ده‌كات، به‌ڵام سیاسه‌تی ئینگلیز به‌ئاشكرا دیاره‌ به‌ڕاشكاوی پشگیریی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێران كردووه‌ كه‌ له‌ نامه‌ی نهێنیدا ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌ ئینگلیز (لایه‌نگری باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نین و نه‌ باس ده‌كرێ و نه‌ حیسابی بۆ ده‌كرێت...ل294). ته‌نانه‌ت له‌ داخوازییه‌كه‌ی شێخی نه‌مر له‌ بڕگه‌ی ( 8)ی نامه‌ی وه‌كیله‌كه‌ی كه‌ داوای دامه‌زراندنی كردبوو ئه‌و داخوازییه‌ی پشتگوێ خرا...( 295).
به‌ڵێ ئه‌و مه‌ینه‌تی و كێشانه‌ی به‌ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌وێنی شیعرێك به‌ ناوی (شه‌ڕی سورداش) كه‌ شێخ هوموو كه‌فوكوڵ و داخ و ئازاری بۆ كورد ده‌رده‌بڕی و داوای یه‌كبوونیان لێ ده‌كات تاكو به‌ ئازادی بگه‌ن و چاوی ره‌قیب كوێر بكه‌ن وه‌ك ده‌ڵێ:
نامه‌وێ ژینی ئه‌ساره‌ت به‌سمه‌ عومری گومره‌هی
نایكه‌مه‌ سه‌ر خۆم به‌ده‌ستی موده‌عی تاجی شه‌هی
قه‌ت به‌ ئه‌مری دوژمنانم، نامه‌وێ فه‌رمانده‌هی
نامه‌وێ تاجی ( كه‌ی) و به‌ختی (جه‌م) و شاهه‌نشه‌هی
تیشنه‌یی خوێنی عه‌دوم بۆ حقوقی وا ئه‌كات
تا به‌ ئازاری ئه‌گه‌م كوێری ئه‌كه‌م چاوی ره‌قی شاسواری قه‌ومی مادم، میلله‌تێكی زۆر نه‌جیبه‌

نووسه‌ر جارێكی تر دێته‌وه‌ سه‌ر باسی رێبازی قادری و وه‌ك دوو زانای گه‌وره‌ و دوو خاوه‌ن ( مه‌دره‌سه‌) و دوو رابه‌ر... سه‌رباری ئه‌وه‌ش راشكاوانه‌ ئاماژه‌ به‌ نامه‌كه‌ی شێخ مارفی نودێ و به‌ناوی (ته‌حریر خیتاب) ده‌كات و ده‌ڵێ( په‌له‌ی كردووه‌).... له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ نووسه‌ری كتێبی (ته‌سه‌وف ره‌وتی نیشتمانی) ئاوڕ له‌ نووسینه‌كه‌ی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی ده‌داته‌وه‌ كه‌ مشتومڕێكی زۆری دروست كردووه‌ به‌وه‌ی:
(گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ولانا خالید و بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرا و به‌رفراوانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی، به‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ و راسته‌وخۆ زانیوه‌، بۆیه‌ هه‌ر زوو ته‌ریقه‌تی قادری كه‌وتووه‌ته‌ نه‌یاری و زمان لێدان راپۆرت نووسین لای میرانی بابان و عوسمانی و پیاوانی ئایینی ته‌نگ پێ هه‌ڵچوون مه‌ولانا و ناوزڕاندنی كافر و مولحید و زه‌ندیق و هه‌ڕه‌شه‌ و تا راده‌ی قیرۆكردنی... هه‌روه‌ها له‌ باسی (مه‌حوی)ی شاعیریشدا باسی ململانێ و ناكۆكیی نێوان شێخ مارف و مه‌ولانا خالید كراوه‌ و مشتومڕێكی له‌ناو رووناكبیرانی ئه‌و رۆژگاره‌ دروست كردووه‌... ته‌نانه‌ت گه‌شانه‌وه‌ی دیاڵێكتی سلێمانی بۆ رۆژگاری مه‌ولانا داده‌نێت). كه‌ به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ بۆ ئه‌مڕۆی كورد له‌ جێی خۆیدا نییه‌ و جۆره‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی دوێنێیه‌ و بۆ ئه‌مڕۆ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دوردا نییه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و تانانه‌ی له‌ شێخ مارفی نودێ داوه‌:
( سه‌رده‌سته‌ی نه‌خوێنده‌واران) یاخود (زمانده‌و فیتنه‌ و راپۆرت نووسین) و دروستبوونی كێشه‌و ململانێ هه‌ردوو ته‌ریقه‌ته‌كه‌ كه‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌ باقیی خسوێتیه‌ روو به‌لای نووسه‌ر (به‌ رقئه‌ستوور) داده‌نێ به‌ره‌ی شێخانی به‌ نه‌خوێنده‌وار داناوه‌... لێره‌دا ده‌بوایه‌ نووسه‌ری كتێبی (ئه‌ده‌ب و مێژووی حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی) ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مانه‌ی، كه‌ شێخ مارف دایناوه‌ و خۆی له‌ ( 55) به‌رهه‌م ده‌دا فه‌رامۆشی نه‌كردایه‌ و شێخ مارف وه‌ك رابه‌رێك له‌ دانانی فه‌رهه‌نگ به‌ زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و سه‌رباری رۆشنبیری و زانایه‌كی ناوداری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رده‌می خۆی بووه‌، نه‌ده‌بوایه‌ به‌و جۆره‌ فه‌رامۆشی بكردایه‌... هه‌روه‌ها ده‌بوایه‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی ئاوڕی له‌ نامه‌كانی مه‌ولانا خالید بدایه‌ته‌وه‌. به‌تایبه‌ت نامه‌ی ( ژ52) كه‌ بۆ گه‌ردنئازادیی شێخ مارفی نووسیوه‌ و ناردوویه‌تی و سوپاسی هه‌ڵوێستی ده‌كات كه‌ داوای ( لێبوردنی) كردووه‌ له‌و رووداوانه‌ی رووی داوه‌ و مه‌ولاناش بێتاوانیی خۆی ده‌رده‌بڕێ به‌تایبه‌تی ئه‌و بوختانه‌ی دراوه‌ته‌ پاڵی و جارێكی تر سوپاسی ده‌كات كه‌ (ناكۆكی)ی به‌ (ڕێكه‌وتن) گۆڕی و سڵاویشی بۆ هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و سه‌ید محه‌مه‌د).. هه‌روه‌ها مه‌ولانا خالید له‌ نامه‌كانیدا روو له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی بابان ده‌كات: (جۆره‌ها ره‌فتاری سه‌یر له‌گه‌ڵ دۆستانی مندا ده‌كرێت و ئه‌م كاره‌ جێی سه‌رسوڕمانه‌... جۆره‌ها قسه‌ی ناشیاویان له‌ مه‌جلیسی ئێوه‌دا به‌م خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌ ده‌گوترێت و هه‌زاران درۆ به‌ زمانی من و دۆستانی منه‌وه‌ به‌ گوێی جه‌نابتان ده‌گات... ئێوه‌ش باوه‌ڕ ده‌كه‌ن... ل326). له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ مه‌ولانا خالید روو له‌ عوسمان پاشا ده‌كات و پێی ده‌ڵێت:
(له‌به‌ر خودا ناكرێ ئه‌م فیتنه‌ و فه‌ساده‌ بكوژێننه‌وه‌ و شێخ مه‌عروف و مه‌لا ساڵح و شێخ عه‌بدولڕه‌حیم كه‌ له‌ گه‌وره‌ زانایانن به‌ هاوڕێیه‌تیی خۆت بهێنه‌ (سه‌رگه‌ن) یا (خورماڵ) بۆ سوڵح و گوێ له‌ یه‌ك بگرن و فتنه‌ نه‌هێنێ... چونكه‌ هه‌ر لایه‌كیان گه‌وره‌ پیاوانیان پێگه‌یاندووه‌... ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ كه‌ فیتنه‌ و دووزمانی دراوه‌ته‌ پاڵ میره‌كانی بابان نه‌ك شێخ مارف و بنه‌ماڵه‌كه‌ی و موریدانی قادری.
ـ له‌ به‌شه‌كانی ده‌یه‌م و یازده‌هه‌مدا نووسه‌ر قورسایی ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ به‌پێی رووداو و ململانێیه‌كان له‌ ڕوانگه‌ی نووسینه‌كانی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و پاداشته‌كه‌ی كلۆدیس ریچ و تێبینییه‌كانی نامه‌كانی مه‌ولانا و نامه‌كه‌ی ریچراد... پاشان نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ په‌یوه‌ندیی شێخانی به‌رزنجه‌ و شێخانی ته‌وێڵه‌ و بیاره‌ و دۆستایه‌تیان و نامه‌ گۆڕینه‌وه‌ و شیعر به‌سه‌ردا هه‌ڵدان ده‌كات، به‌ تایبه‌تی سه‌رده‌می شێخ عوسمان سیراجه‌دین و حاجی كاكه‌ ئه‌حمه‌د و پیری قه‌ره‌چێوار و شێخ عومه‌ری بیاره‌ و ته‌نانه‌ت ته‌ریقه‌ت گۆڕینه‌وه‌ و ژن و ژنخوازیی نێوان رابه‌راندا و سه‌ردانی یه‌كتر و روح و گیان به‌ قوربانی یه‌كتر...ل376.
ـ نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا زۆر ماندووه‌ و توڕه‌یی خۆیشی له‌ هه‌ردوو نووسه‌ر (عه‌تا قه‌ره‌داغی و حه‌مه‌ی حه‌مه‌باقی) نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵامێكی بابه‌تیانه‌ی داونه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی:
(ئه‌وانه‌ هه‌ڵه‌ بوون كه‌ درێژكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو ته‌ریقه‌ته‌كه‌ بۆ ئێستا و هه‌ردوو حزب (پارتی و یه‌كێتی) ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ هه‌ریه‌كه‌و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی خۆیان هه‌یه‌. ئامانجیان خزمه‌تكردنی كورد و گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌واكان و ستراتیژیان و دامه‌زراندنی كیان و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ دامه‌زراوكردنی داموده‌زگاكان وه‌ك بنه‌مایه‌كی ده‌وڵه‌ت و ئه‌م حزبانه‌ به‌رامبه‌ر دوژمن جه‌نگاون و شه‌هیدیان داوه‌ و سه‌ركرده‌یان دروست كردووه‌ و سه‌ركرده‌ شه‌هید بوون... ئه‌م سه‌ركردانه‌ به‌ گژ ئینگلیز و ئه‌مریكا چوون و باسی سنووری كوردستان و كه‌ركووكیان كردووه‌. سه‌ركرده‌كان ئامانجیان برایه‌تی و یه‌كڕیزیی ناوماڵی كورد بووه‌... نامه‌ی برایه‌تیی سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان و شۆڕشی نوێ گه‌واهیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی بێ ته‌فره‌قه‌ی ته‌ریقه‌ت و مه‌زهه‌بیان له‌ مێژووی كورددا تۆمار كردووه‌.


له‌ كڕۆكی نووسین و بۆ چوونه‌كانی كوردناسێكی وه‌ك كلودیس ریچ و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم و خوێندنه‌وه‌ی وردمان ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی:


1ـ رۆیشتنی مه‌ولانا خالید و به‌جێهێشتنی له‌ لایه‌ن مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ریسی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مه‌ولانا خالید (ته‌به‌عیه‌ی زۆر بوو.. مه‌ڕحوم شێخ مارفی نودێ بوو به‌ ناحه‌ز و دژی بوو به‌ هۆی ده‌رچوونی له‌ سلێمانی و چوونی بۆ به‌غدا چونكه‌ له‌ لای شێخ مارفی نودێ وا تێگه‌یاندرابوو هاتنی مه‌ولانا دین تێك بدا و ئاشووب بنێته‌وه‌ و شتی ناڕه‌وا دابمه‌زرێنێ.


2ـ ده‌رچوونی مه‌ولانا له‌ سلێمانی په‌یوه‌ندیی به‌ پاشاكانی بابانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی (مه‌حمو پاشای بابان و عوسمان پاشا)وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌مانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و نفوزی هێزی مه‌ولانا ترساون كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌ سلێمانی و رۆژهه‌ڵاتدا هه‌یه‌..


3ـ له‌ یاداشته‌كه‌ی (ریچ) ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ مه‌ولانا خالید لای میرانی بابان رێزی زۆری هه‌بووه‌ و سوێندیان پێ خواردووه‌. كه‌ نه‌چنه‌ پاڵ ئێران به‌ڵام (سوێنده‌كه‌یان شكاندووه‌ و عه‌بدوڵڵا پاشا و عوسمان پاشا به‌ڵێنه‌كه‌یان شكاندووه‌ و ده‌ستێوه‌ردانی له‌ كاروباری ناوخۆی ئیماراته‌كه‌دا كرد.


4ـ سه‌رباری ئه‌مانه‌ هه‌ڵهاتنی مه‌ولانا خالید بۆ پیلانگێڕی تووركه‌كان و رۆیشتنی براكه‌ی (یوسف به‌گ و كه‌یخه‌سره‌ و به‌گ) بۆ لای ئێران و زویربوونی له‌ شێخ مارف و په‌له‌ی كرد و نامه‌ی (ته‌حریر خیتاب)ی نارد بۆ سه‌عید پاشای والیی به‌غدا و دڵشكانی.


5 ـ سه‌عید پاشا ئاگری فیتنه‌ی نێوان شێخ مارف و مه‌ولانا خالید و كاروباری ئه‌ماره‌ته‌كه‌ی هه‌ڵگیرساند... له‌ سلێمانیش تاخمێ له‌ مه‌لایان په‌یدا بووبوون كه‌ ئاشووب و فیتنه‌یان دروست كرد و ئیدیعای شێخێتی و پایه‌ی ئیرشادیان كردووه‌ كه‌ له‌ راستیدا خاوه‌ن ئه‌و پایه‌یه‌ نه‌بوون. كه‌واته‌ ریچ ده‌ڵێ:
بێگومان ئه‌مه‌ هه‌موو به‌ فرتوفێڵی توركه‌كان بوو..ل347م
به‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ململانێكانی ناوخۆی (ئیماره‌ته‌كه‌، میری بابان، شێخ مارفی نودێ و مه‌ولانا خالید، هه‌موویان قوربانی پیلانگێڕی و فرتوفێڵی ئێران و توركه‌كان بوو..


6ـ نووسه‌ر هه‌وڵی داوه‌ ئه‌نجامی ململانێی نێوان ئه‌و دوو ته‌ریقه‌ته‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دووسه‌د ساڵه‌ به‌ ته‌بایی و برایه‌تی و خزمایه‌تیی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بخاته‌ به‌رچاو...


7ـ به‌های ئه‌م كتێبه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌رپه‌رچی ئه‌وانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ناسنامه‌ی (نه‌ته‌وه‌یی كوردبوون) له‌ سه‌ید و شێخه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌ له‌كاتێكدا شێخ عیسای به‌رزنجی پتر له‌ شه‌ش سه‌ده‌ و نیوه‌ له‌ كوردستان ژیاوه‌ تاڵی و شیرینیی كوردبوونی چه‌شتووه‌.


8 ـ به‌ڕای ئێمه‌ ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و دوو زانایه‌ كورد بوو... شێخ مارفی نودێ خه‌ڵكی گوندی نودێیه‌ له‌ كوردستان و له‌ قوردشان له‌دایك بووه‌، هه‌روه‌ها مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندیش به‌ره‌چه‌ڵه‌ك كورد بووه‌ و له‌ هۆزی میكایڵیی جافه‌كانه‌ كه‌ كوردی ره‌سه‌نن و له‌ قه‌راغ له‌دایك بووه‌.