جارێكی دیكه‌ كه‌باب ناخۆین

سه‌ری هارومار


گه‌رما تا ده‌هات تاوی ده‌سه‌ند، رۆژانه‌ له‌ ژووری قه‌ڵه‌م كارم ده‌كرد، هه‌موو له‌شم غه‌رقی ئاره‌قه‌ ده‌بوو، چه‌ند جارێك زه‌نگ لێی ده‌دا و سه‌رجه‌م ده‌ره‌جه‌داره‌ سه‌ربازه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی نمایش گرد ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌و نووسراوانه‌ی ده‌گه‌یشتنه‌ ژووری قه‌ڵه‌م، باسیان له‌ جوڵه‌ی هێزه‌كانی عێر اق له‌ناو كوێت و دامه‌زراندنی حكوومه‌تێك له‌و وڵاته‌ ده‌كرد.


خواخوام بوو زوو ئێواره‌ دابێت، دنیا تۆزێك فێنك ده‌بوو، به‌رده‌م ژووری قه‌ڵه‌مم ده‌ڕشاند، له‌ ته‌نیشت عه‌لی پۆسته‌چی جێگه‌كه‌م راده‌خست، له‌و كاته‌ی ئه‌و نهێنییه‌كه‌ی دركاند و گوتی: "له‌ شه‌ڕی قادسیه‌دا پیاوه‌تیم له‌ ده‌ست داوه‌"، زیاتر سۆزم بۆ ئه‌و پیاوه‌ جووڵا.


ده‌بوایه‌، هه‌موو سه‌ربازه‌كان، شه‌وانه‌ به‌ جلكی سه‌ربازییه‌وه‌ بخه‌ون، چونكه‌ یه‌ك دووجار زه‌نگ لێی ده‌دا و گرد ده‌بوونه‌وه‌، من ته‌نیا پۆستاڵه‌كه‌م له‌پێ ده‌كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ عه‌لی هه‌ندێك قسه‌مان ده‌كرد و پاشان به‌ئه‌سپایی گوێم له‌ رادیۆ ده‌گرت.


ئێواره‌یه‌ك، له‌ عه‌لی پۆسته‌چیم پرسی:


تۆ كه‌ له‌ شه‌ڕدا پیاوه‌تیت له‌ده‌ست دا، ئه‌ی چۆن له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی نه‌به‌خشرای؟


سه‌یرێكی كردم و گوتی؟


برا، ئه‌وانه‌ زه‌لام له‌ به‌رد داده‌تاشن، چه‌ند جارێك چوومه‌ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازیی ره‌شید و له‌ لیژنه‌ی پزیشكی گوتیان (پیاوه‌تی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستت تفه‌نگ بگرێت، ماده‌م لاق و ده‌ستت سه‌لامه‌تن، ده‌بێت به‌رده‌وام بیت) .


ئینجا ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا و گوتی:


با بزانین، له‌م شه‌ڕه‌شدا چمان به‌سه‌ر دێت! فه‌ریده‌ مۆنه‌كه‌ له‌ مۆڵه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌، هه‌ستم كرد وه‌ك پێشان نییه‌، جارجار ده‌هاته‌ لای من و عه‌لی قسه‌ی خۆشی بۆ ده‌كردین.


عه‌لی گوتی: باوه‌ڕ به‌ گورگ مه‌كه‌!


شه‌وان، تا دره‌نگ میلی رادیۆم باده‌دا، رادیۆی عێر اق، باسی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌كرد، ناویان له‌ میری كوێت نابوو( قاروون)، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به‌ ره‌ش و رووتی عه‌ره‌ب ده‌دا له‌مه‌ودوا سامانی ئه‌و قاروونه‌یان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ن.


زۆربه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ میسر و ئوردن، كه‌ پێشتر دۆستی سه‌دام بوون، دژی داگیركردنی كوێت وه‌ستان، وڵاتانی جیهانیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌، داوای ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراقیان ده‌كرد، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له‌ هه‌موویان توندتر بوون، له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌دام ئه‌وپه‌ڕی له‌ خۆبایی بوو. ئه‌مه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا و كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كوێت به‌ یه‌كێك له‌ پارێزگاكانی عێر اق له‌ قه‌ڵه‌م بدات.


خوێنڕێژێكی وه‌ك عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، كرا به‌ حاكمی ره‌های ئه‌و وڵاته‌، تاڵان و بڕۆ ده‌ستی پێ كرد، بانكه‌كان هه‌مووی فه‌رهوود كران، كه‌لوپه‌لی ده‌گمه‌ن و خشڵ و زێڕ و مرواریی ماڵی میر و كاربه‌ده‌ستانی كوێت، هه‌مووی گوازرایه‌وه‌ به‌غدا، له‌ دیمه‌نێكی گاڵته‌جاڕیدا، له‌ ته‌له‌ڤزیۆن كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوێت پیشان درا، ده‌زگای موخابه‌رایه‌تی عێراق، كۆمه‌ڵێك عه‌گال به‌سه‌ری كۆ كردبووه‌وه‌ و ناوی لێ نابوو (ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوێت) .


سه‌ربازگه‌كه‌ی ئێمه‌، به‌رده‌وام له‌ ئاماده‌باشیدا بوو، به‌ گوێره‌ی ئه‌و نووسراوانه‌ی كه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ ژووری قه‌ڵه‌م، عێراق به‌ هیچ جۆرێك ئاماده‌ نه‌بوو له‌ كوێت بكشێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سعودیه‌ش ده‌كرد، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، راشكاوانه‌ داوای ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراقی ده‌كرد، میدیاكانی به‌عس، ده‌یانویست یاری به‌ ته‌لی سۆزی شه‌قامی عه‌ره‌بی بكه‌ن، وایان پیشان ده‌دا كه‌ كوێت بووه‌ته‌ هۆكاری برسیبوونی منداڵان و به‌ ئانقه‌ست پیتڕۆڵی هه‌رزانفرۆش كردووه‌. مرۆڤ سه‌ری له‌وه‌ سوڕماوه‌، عێراقێك هێشتا ته‌پوتۆزی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران دانه‌ته‌كاندبوو، به‌ هه‌زاران كوژراو و بریندار و دیلی هه‌بوو، ژێرخان و سه‌رخانی به‌ ته‌واوی داته‌پیبوو، چۆن جورئه‌تی كرد بچێته‌ ناو شه‌ڕێكی دیكه‌ و وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری داگیر بكات، رژێمێك كه‌ تا بینه‌قاقای له‌ قه‌رز و ماڵوێرانی غه‌رق بووبوو، چۆن زاتی ئه‌وه‌ی كرد سه‌ركێشییه‌كه‌ی وا بێمانا بكات، خه‌ڵك له‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكه‌یه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژیان، له‌وه‌ دڵنیا بوون كه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.


دوای هیلاكی و ماندووبوونی رۆژانه‌، شه‌وان دونیا تۆزێك فێنك ده‌بوو، له‌گه‌ڵ عه‌لی پۆسته‌چی ده‌كه‌وتینه‌ باس و خواسی دنیا، گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ عه‌لی باوه‌ڕی به‌ به‌عس نییه‌، به‌ڵام چونكه‌ له‌ سوپادا خۆبه‌خشه‌ (مگوع) و مووچه‌كه‌ی باشه‌، بۆیه‌ ملی داوه‌ته‌ به‌ر، شه‌وێك گوێم له‌ رادیۆی ئیسرائیل گرتبوو، شرۆڤه‌كارێكی سه‌ربازی جوو، زۆر به‌وردی شرۆڤه‌ی ئه‌و سه‌ركێشییه‌ی سه‌دامی ده‌كرد و ده‌یگوت: (شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ ته‌ڕ و وشك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌سووتێنێت و بۆی هه‌یه‌ سه‌دام مووشه‌ك ئاراسته‌ی ئیسرائیل بكات، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت)، هه‌روه‌ها ده‌یگوت: (له‌م شه‌ڕه‌دا، سه‌دام و داموده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی به‌ته‌واوی تێكده‌شكێن و به‌ زه‌بری هێز له‌ كوێت وه‌ده‌رده‌نرێن) .


وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت و چوونه‌ده‌ر له‌ سه‌ربازگه‌، هه‌مووی راگیرابوو، ته‌نانه‌ت عه‌لی پۆسته‌چی رۆژانه‌ پۆسته‌ی ده‌برد و ده‌هێنا، زۆر بیری ساماڵ و زیلانم ده‌كرد، رۆژانه‌ ده‌یان بیرۆكه‌م به‌ مێشكدا ده‌هات، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ دووباره‌ راكردن بوو.


ئێواره‌یه‌ك، به‌ عه‌لی پۆسته‌چیم گوت: ئه‌گه‌ر سه‌ربازێك رابكات، لێره‌ چ ڕێوشوێنێكی دژ ده‌گرنه‌ به‌ر؟


گوتی: به‌گوێره‌ی ئه‌و ناونیشانه‌ی كه‌ داویه‌تی، نووسراو بۆ ته‌جنید و هه‌واڵگریی شاره‌كه‌ی ده‌نێرین.


به‌م قسه‌یه‌ تۆزێك ئاسووده‌ بووم چونكه‌ من ناونیشانی خۆم به‌ هه‌ڵه‌ دابوو، ئینجا پرسیم: ئه‌ی دوای ئه‌وه‌؟


گوتی: ته‌جنید و هه‌واڵگرییش، نووسراو بۆ رێكخراوی حزب و موختاری گه‌ڕه‌كه‌كه‌ ده‌نێرن و مه‌فره‌زه‌ی بۆ ده‌رده‌كرێ.
دیسان پرسیمه‌وه‌: پاشان چی لێ ده‌كه‌ن؟


عه‌لی، له‌ بن سمێڵه‌وه‌ بزه‌یه‌كی هاتێ و گوتی:


به‌خوا وا دیاره‌ شتێكت له‌ بن سه‌ره‌!


گوتم: هیچ، ته‌نیا حه‌زم ده‌كرد بزانم.


گوتی: جارێ خۆت مات كه‌.


رۆژێك، عه‌لی پۆسته‌چی پێی گوتم:


دوای نیوه‌ڕۆ ده‌چم مه‌عاش وه‌رده‌گرم به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چین.


گوتم: ئه‌وه‌ هه‌شت مانگه‌ یه‌ك فلسم وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌ر ده‌ڵێن كونیه‌ت نه‌گه‌یشتووه‌.


له‌گه‌ڵ عه‌لی، به‌ سواری ماتۆڕ چووینه‌ به‌شی حیسابات كه‌ ده‌ ده‌قیقه‌یه‌ك له‌ سه‌ربازگه‌كه‌وه‌ دوور بوو، عه‌لی چووه‌ ژووره‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك هاته‌ به‌رده‌رگا، به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ كردم كه‌ بچمه‌ ژووره‌وه‌، پێی گوتم:


مزگێنی، هه‌شت مانگت بۆ سه‌رف كراوه‌.


چوارسه‌د دیناری كاشم وه‌رگرت، ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ شتێكی كه‌م نه‌بوو، له‌ رێگا به‌ عه‌لیم گوت:
ئه‌مشه‌و، هه‌مووتان داوه‌تن.


له‌ قه‌ڵه‌م، ژماره‌مان شه‌ش كه‌س بوو، من و دڵشاد كورد بووین، عه‌لی پۆسته‌چی و فه‌ریدی به‌سره‌ و كه‌مال و حوسێنیش خه‌ڵكی به‌غدا بوون، ئه‌و دووانه‌ زۆر گۆشه‌گیر بوون، كه‌م تێكه‌ڵاوی ئێمه‌ ده‌بوون به‌ڵام دوو كوڕی به‌ڕێز بوون.


سه‌عاتێكی مابوو بۆ مانگی مه‌غریب، پاره‌م دا به‌ عه‌لی و گوتم:


كه‌باب و مریشك و سارده‌مه‌نیش بێنه‌.


عه‌لی گه‌ڕایه‌وه‌ و سفره‌مان راخست، تێروپڕمان خوارد، دوو كه‌بابیشمان دا به‌ یاوه‌ری ئامیر، خه‌ریكی چایه‌خواردنه‌وه‌ بووین كه‌ زه‌نگ لێی دا و سه‌رجه‌م سه‌ربازه‌كان روویان له‌ مه‌یدانی نمایش كرد، داوایان كرد كه‌ دوو كه‌س له‌ قه‌ڵه‌م ئاماده‌ بن، من و فه‌رید چووین، 200 سه‌ربازیان جیا كرده‌وه‌، به‌ من و فه‌ریدیان گوت ناوه‌كانیان بنووسن، خه‌ریكی نووسینی ناوه‌كان بووین كه‌ ژماره‌یه‌ك كۆسته‌ر گه‌یشتنه‌ ناو سه‌ربازگه‌، ئه‌و 200 سه‌ربازه‌، به‌ یاوه‌ریی مولازم ئه‌وه‌لێك ره‌وانه‌ی به‌سره‌ كران.
كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ به‌ عه‌لی پۆسته‌چیم گوت:


وا قوڕه‌كه‌ گیرایه‌وه‌.


گوتی : لام وایه‌، جارێكی دیكه‌ كه‌باب ناخۆین.