بۆچی له‌ ئه‌ڵمانیا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كوردستان؟ 22

"ده‌یانگوت ئه‌و كه‌مپه‌ ڤایرۆسی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانه‌"

زۆر به‌ شێوازێكی ناشرین قسه‌ی ده‌كرد، گوتی ئه‌وه‌ له‌ زرندۆرفه‌وه‌ هاتووه‌، من ناتوانم و شتی واش نابێت، تۆ تازه‌ به‌ هیچ جۆرێك مافی ئه‌وه‌ت نییه‌ لێره‌ بیت، لێره‌ بڕۆ.


كه‌ به‌و جۆره‌ ناشرینه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌، هاوڕێكه‌م ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕیی بۆ ده‌كردم، له‌ من زیاتر ته‌ریق بووه‌وه‌ و پێی ناخۆش بوو، گوتی وه‌ره‌ با بڕۆین سوودی نییه‌. چووینه‌ خواره‌وه‌ و له‌ ژووره‌وه‌ دانیشتین، گوتمان ده‌چینه‌ دادگا له‌وێ بۆم چاك بكه‌ن. دواتر حسابم كرد ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ قیتار و پاس ده‌ڕۆیشت بۆ من زۆر بوو، دڵنیاش نه‌بووم كاره‌كه‌ ده‌كرێت یان نا، بۆیه‌ ناچار وازم لێ هێنا.


كه‌ خواردنی نیوه‌ڕۆ هات، هاوڕێكانم به‌ دزییه‌وه‌ نانیان بۆ هێنامه‌ ژووره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیاندیتبام ئه‌وا له‌ كه‌مپه‌كه‌ ده‌ریان ده‌كردم. له‌ ژووره‌وه‌ به‌دزییه‌وه‌ و به‌په‌له‌ نانم خوارد و دوای نیوه‌ڕۆ به‌ دڵته‌نگی و هیلاكی و بێتاقه‌تی ڕۆیشتمه‌وه‌ بۆ شواباغ، دوو ڕۆژ بوو نیگه‌رانیم زیاتر بوو، كاته‌كانیشم هه‌ر له‌ناو پاس و شه‌مه‌نده‌فه‌ر بوو، ئه‌وه‌ش زیاتر بێ تاقه‌تی ده‌كردم، كه‌ گه‌یشتمه‌وه‌ به‌ هۆی بێزاری و بێتاقه‌تی و نه‌بوونی ته‌ركیزم له‌سه‌ر ناوی شاره‌كه‌، وێستگه‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه‌ شواباغ له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر دابه‌زیم و ڕێگاكه‌م ون كرد.


ماوه‌یه‌ك رۆیشتم ئه‌وجا زانیم به‌ هه‌ڵه‌ دابه‌زیوم، به‌ جی پی ئێس دوای دوو سه‌عات زانیم له‌ كوێم، تا شوێنه‌كه‌ی خۆم دۆزییه‌وه‌ له‌ حاڵی خۆم بێزار بووم، كه‌ گه‌یشتمه‌ كه‌مپه‌كه‌ چوومه‌وه‌ لای ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه‌ و گوتم دوێنێ لێره‌ مۆڵه‌تم وه‌رگرت، ئه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌.


هه‌رچی هه‌وڵم دا و قسه‌م كرد، كه‌سی پرسگه‌كه‌ هه‌ر گوتی تێ ناگه‌م! جا نازانم به‌گاڵته‌ وای ده‌كرد یان به‌ڕاستی تێ نه‌ده‌گه‌یشت. ناچار وازم لێ هێنا و رۆیشتمه‌ ئه‌و هۆڵه‌ی كه‌ منی تێدا جێگیر كرابووم. هۆڵه‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش زۆر په‌رت بوون. له‌ خۆمه‌وه‌ بیرم له‌ كه‌مپه‌كه‌ی تر ده‌كرده‌وه‌ و سه‌یری ئه‌و كه‌مپه‌م ده‌كرد زۆر جیاواز بوون، ده‌تگوت زیندانێكی گه‌وره‌یه‌.


لای كورده‌كان جێگا نه‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ دۆشه‌كم دانا و بۆ خۆم دانیشتم. زۆر خه‌مم ده‌خوارد، تا ده‌هات خه‌ڵكی زیاترم له‌و كه‌مپه‌ ده‌ناسی، هه‌موویان زۆر به‌خراپی باسی كه‌مپه‌كه‌یان ده‌كرد له‌ ڕووی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، ده‌یانگوت كه‌س به‌كه‌س نییه‌. هه‌ر یه‌كه‌م ئێواره‌ كه‌ چووم نان بخۆم په‌نیر و ماسیی قوتوو هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌موون، گوتم په‌رداخیشم پێ بده‌ن، نه‌یاندا.


تا چه‌ند رۆژ مانه‌وه‌م، ته‌نیا بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆیان و ئێواران له‌سه‌ر جێگاكه‌م هه‌ڵده‌ستام، هه‌ر چوارده‌ورم عه‌ره‌ب و فارس بوو. ته‌نیا چوار پێنج كورد بووین خه‌ریك بوو له‌ناویان شێت بم، چه‌ند گه‌نجێكی خانه‌قینی و كوردی كه‌ركووكی لێ بوو به‌ توركی قسه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام له‌ كورد نه‌ده‌چوون، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب جیاوازییان نه‌بوو. دوو كوڕی تریش وه‌ك من تازه‌ هاتبوونه‌ ئه‌و كه‌مپه‌، هه‌ردووكیان خانه‌قینی بوون، پێكه‌وه‌ چووین ناوی خۆمان له‌ شاره‌وانیی ئه‌و شاره‌ نووسی بۆ خانوو وه‌رگرتن، چونكه‌ ئێمه‌ تازه‌ له‌و شاره‌ ده‌ماینه‌وه‌ تا دوای وه‌رگرتنی ئیقامه‌، بۆیه‌ پێویست بوو ئه‌وه‌ بكه‌ین.


خه‌ڵكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سیكوریتییه‌كان ده‌میان له‌گه‌ڵ یه‌ك سپی بووبووه‌وه‌، عه‌ره‌به‌كان به‌ عه‌ره‌بی جوێنیان پێ ده‌دان و ئه‌وان تێ نه‌ده‌گه‌یشتن و به‌ چاوی به‌زه‌یی و دڵسافیی خۆیان له‌گه‌ڵیان پێ ده‌كه‌نین، عه‌ره‌به‌كانیش هه‌ر به‌ كولتوور و ئه‌و جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ی هه‌یانه‌. گه‌نجه‌ كورده‌كان ده‌یانگوت وه‌ره‌ با بچین بۆ كافتریا، من نه‌ده‌چووم، زۆر ڕقم له‌ كافتریا و گازینۆ بوو، چه‌ند ڕۆژێك هه‌ر نه‌ده‌چووم، به‌رده‌وام له‌ ژووره‌وه‌ خه‌ریكی ئینته‌رنێت بووم، به‌ ماڵه‌وه‌شم گوتبوو كه‌ جێگام گۆڕاوه‌ و ناخۆشه‌ و زۆر بێزارم، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كردم كه‌ خۆڕاگر بم و زۆر بیر نه‌كه‌مه‌وه‌، زۆر هانیان ده‌دام، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌یانگوت ئه‌و كه‌مپه‌ ڤایرۆسی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانه‌ و چه‌ندین گه‌نجی دیپۆرت كردووه‌ته‌وه‌، من گوێم به‌و قسانه‌ نه‌ده‌دا و ده‌مگوت تا ئاخیر نه‌فه‌س ده‌مێنمه‌وه‌.