لە دووگردکانەوە بۆ بنی دونیا - 56

بیرەوەری و تێڕامان 

                              
بێجگە لە سروودی کوردی، زۆر سروودی عەرەبیی عیراقیشمان دەگوت کە وشەکانمان ئەزبەر کردبوو بێ ئەوەی واتاکانیان بزانین. من ئاوازەکانی ئەو سروودە عەرەبییانەشم بەڕاستی زۆر پێ خۆش بوو و ئێستاش هەر حەز دەکەم بیانبیسم وەک (مەوتنی مەوتنی...) و (نحن الشباب لنا الغد ...) و (اهلا بکم سەحبی یا خیره‌ الامجاد...) و (سمعت شعرا للعندلیب -تلاه فوق الغسن الرتیب -اد قال نفسی نفس رفیعه‌ - لم تهوی الا حسن التبیعه‌). ئاوازی هەندێ بڕگەی ئەم سروودەی دواییانم بەو تەمەنە بچووکەی خۆم، کارێکی عاتیفیی یەکجار زۆری تێ دەکردم بە تایبەتی کە دەڵێ (اد قال نفسی نفس رفیعە - لم تهوی الا حسن الگبیعه‌...) هەروەها سروودی (اهلا بکم سەحبی ...) کە پڕ بە واتای وشە لەناویانا دەتوامەوە. سروودی (سمعت شعرا للعندلیب ...) کرابوو بە کوردیش بەم شێوەیە (بولبول بە نەغمەی دڵکێش و خۆشی - گوڵزاری پڕ کرد دەنگو خرۆشی...) و ئی تریش. ئەم سروودە عیراقییانەش بەڕاستی خۆش بوون و من هەر لە کۆنەوە گوتوومە ئاواز و مێلۆدی ئەگەر خۆش بوو ئیتر خۆشە و بڕایەوە، من کارم بەوە نییە هی چ میللەتێکە و راستییەکەی دەسخۆشانە لەو گەلە دەکەم کە خاوەنی بەرهەمێکی موزیکاڵی جوان بێ. چەند ساڵێک دواتر لە بەغدا ئاشنایەتیم لەگەڵ موزیککاری گەورەی عیراقی (سه‌عید شابۆ) پەیدا کرد کە دەرکەوت ئەو دانەری ئاوازی زۆرێک لەو سروودە عیراقییە خۆشانە بوو. لە بیریشمان نەچێت کە ئێمەی کورد لە سەرەتای چلەکانی سەدەی بۆری کە من وا باسی لێوە دەکەم باوەڕ ناکەم ئاوازدانەرمان بووبێ و ئەو سروودە کوردییە خۆشانەی کە لە بەشەکەی هەفتەی رابردوو باسم کردوون و منیان گریاندووە ئاوازەکانیان هەر هەمووی تورکی بوون. شتی خۆش خۆشە! لە دیوانێکی ئەم ساڵانەی دوایی شاعیری گەورە زێوەر کە مەحمودی کوڕی لێی کۆڵیوەتەوە و بە چاپی گەیاندووە لەتەک هەر سروودە کوردییەک ناوی سروودە تورکییەکەش داندراوە کە ئاوازەکەی لێ وەرگیراوە.


ئەوەی کە لە قوتابخانەکەما برینی دووگردکانی پتریش دەکولاندمەوە دیمەنی کەروباری کوورەچییان بوو کە رۆژانە بە بەردەم قوتابخانەکەمدا کەرپووچیان لە کوورانەوە بۆ شوێنی مەبەست دەگواستەوە. هەنگی پیکەپ و عارەبانە و لۆری بۆ گواستنەوەی کەرپووچ بەکار نەدەهاتن و چەرخداری وا هەر زۆر کەمیش بوو و کوورەچییەکان هەر کەریان بەکار دەهێنا. جا منی دەشتەکی چون غەریبی کەرێم دەکرد کە لە گوندەکەمان ماڵ نەبوو نەیبێت و لە هەولێریش کەرم هەر لای کوورەچییەکان بەدی دەکرد ئەو دیمەنی کەروبارە بە خەیاڵ دەیگەڕاندمەوە بۆ دووگردکان. بۆیە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەست بە جۆرە خۆشەویستییەک و سەبوورییەک و ئارامییەکی سایکۆلۆژی دەکەم بەرامبەر بە بنەماڵە کوورەچییەکانی هەولێر کە راستییەکەشی زیاتر لەبەر خاتری کەرەکانی هەینێکەیانە.


لە ساڵی یەکەممدا بەدەر لە سروود و گۆرانی و رەسم لە هەموو وانەکانی دی خراپ بووم. ئێواران لە ماڵەوە کە کاتی سەعیکردن دەهات کاک ئەنوەری براگەورەمان ئیتر نەیدەهێشت لە خوێندن و ئەرکی ماڵ home work بەولاوە هیچی تر بکەین. ئەمە بۆ من هەمووی نوێ بوو و هەر لەسەر کتێبەکەما خەوەکوتکەم دەبردەوە و تکام لە سەعدیی برام دەکرد ئەرکەکانم بۆ بنووسێتەوە ئەگینا بۆ بەیانی لێدانێکی باشم لەلایەن مامۆستاکانمەوە دەخوارد. سەعدیش وەنەبێ بە خەتێکی ناخۆشی پۆلی یەکەم شتەکانم بۆ بنووسێتەوە هەڵدەستا بە دەسنووسی پۆلە سێیەمەکەی خۆی هەمووی بەجوانی بۆ پڕ دەکردمەوە. بۆ بەیانی لێدانێکی گەرمترم دەخوارد کە مامۆستا دەیزانی ئەمە دەسخەتی خۆم نییە. دواتر لەگەڵ سەعدی رێک کەوتین کە هەوڵ بدات دەسنووسی خۆی ناشیرین بکات. داماو بە دەستی منەوە، ئەویش نەیدەزانی چۆن چۆنی دەسخەتی خۆی بگۆڕی ناشیرینی بکات ئەمجارەیان بیری بۆ پنتکەکان (points) چوو کە ئەمەیان بۆ خۆی ئاسانترین رێگا بوو منی لەکۆڵ بێتەوە. هەر پنتکێکی دەیخستە سەر وشەیەک - بەبێ زێدەڕۆیی - هێندەی پوولەکەیەک دەبوو و لاپەڕەکەم پڕ بوو لەو پنتکە پوولەکە ئاسایانە. منیش دڵم خۆش بوو کە کێشەکەم ئیتر چارەسەر کرا. بۆ بەیانی ئەمجارەیان سەت شەقم تێ هەڵدرا. ئەلحوکمو لیللا! 


ئەمەبوو حاڵم لە پۆلی یەکەم. بەڵام لە دواییدا هەر بە ناجیحیان دەرچوواندم. کە نمرەکانمان وەردەگرتەوە قوتابخانە بۆ گەورەی ماڵی هەر قوتابییەکی دەنارد کە واژۆی بکات یان ئەگەر چ تێبینییەکی هەبێ بینووسێت و رەوانەی قوتابخانەی بکاتەوە. بیرمە هەموو جارێک کاک ئەحمەدی براگەورەمان لە شوێنی تێبینیدا لەسەر کارتی من و سەعدی و موحسینی براکانم ئەمەی دەنووسی : ”هیچ لێی رازی نیمە، تکایە تەنبیه بکرێ“. ئیتر چاک یان خراپ هەموو ساڵێک کاکم ئەمەی کردبوو بە کلیشە. 


هەر چۆنێکی بێ پۆلی یەکەمم بە جڕەجڕ تەواو کرد و دەرچووم بۆ دوو. ساڵی سکۆلاری 44 -43 لە پۆلی دوو بووم. لەو ساڵە و ساڵی پێشتریش لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوکلاسەکانم بووین بە برادەر کە هەندێکیان هەر خزمە دزەییەکانی خۆم بوون و هەندێکیان هەولێری یان وەک من لادێ یی بوون. لەوانە: خورشید ئیبراهیم (دکتۆر خورشیدی ئەمڕۆ)، رەشید حەمەد (دواتر ناسراو بە رەشید گۆسکە)، حەوێز قادر {ئەم سیانە لە خزمە دزەییەکانی خۆم بوون}، جەودەت نافیع، مارف شێخ رەوف، سەلاح شێخ رەوف، فەتحی شێخ جەمیل، بەکر وەلی، ئەبوبەکر مەلا محەمەد فەرهادی، عومەر مەلا محەمەد فەرهادی، نەمروود داود، جەبار رەحمان، کەمال عەبدلڕەزاق، عزەدین مەلا محەمەد، غازی مەلا محەمەد، فاروق سەید حەسەن، یاسین تەها، محەمەد کەریم، سەباح لەتیف، سوبحی لەتیف جەمال قادر کەشاف (دواتر ناسراو بە جەمال خەزنەدار)، سادق جەمیل حەسەن شەریف  (کە لە قورئان خوێندن و گۆرانییەکانی عەبدولوەهاب دەنگی زۆر خۆش بوو)، عادل سالح، جەودەت سالح، تەلعەت شەریف، عەونی رەشید، رەقیب سەلیم کوورەچی، نادر یونس، محەمەد مەحمود، سیراج شێخ فەتاح، عەتا شێخ محەمەد، سەلاح شێخ سدیق، فەتحی خەلیفە. بێ گومان دەبێ هەندێ ناویشم هەر لەبیر چووبێت یانیش هەندێ لەوانەی کە ناوم هێناون رەنگە لە پۆلی یەکەمدا هاوکلاسم نەبووبن بەڵکو لە ساڵەکانی دواتر پێکەوە بووبین. بەڵام تا ئەوانەشم لەبیر نەچووە و تا بیر و هۆشم هێشتا هێز و توانای یادئاوەری تیا ماوە با بەسەریان بکەمەوە. 


لەو ساڵانە، ساڵانی دووەم جەنگی جیهان (1945-1939) جموجۆڵی سیاسی لە کوردستاندا گەیشتبووە ئەوپەڕەکەی. هەر ماوەیەک و حزبێکی سیاسیی نوێ دادەندرا و بۆ ماوەیەک چالاکیی خۆی دەکرد لەپاشان وەک ئەستێرە بەرەو کزی دەڕۆیشت، دەپووکایەوە و حزبێکی دیکە سەری هەڵدەدا و ئەویش هەروەها.... هەڵبەت لە هەموو دونیاشدا هەر وابووە کە چینی خوێندەوار و رۆشەنبیر ئەوان کۆمەڵە و حزبیان دادەمەزراند و خەڵکی ئاساییش بە دوویان دەکەوتن. ئەو حزبانەی کە لە ساڵانی جەنگا پەیا بوون و من لەبیرمە ئەمانە بوون: هیوا کە لە سەرەوەتر باسم کردووە،  ژ. ک. (ژیانەوەی کورد) کە ئەوسا نا بەڵام دواتر زانیم کە قازی محەمەد لە کوردستانی ئێرانا دایمەزراندبوو و لکێکی لە کوردستانی عیراقیش بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد کردبۆوە. رزگاری، شۆڕش، حزبی شیوعی عیراقی کە دواتر دوای بڕانەوەی جەنگ بۆ ئەوەی مۆڵەتی رەسمی وەرگرێت ناوی خۆی گۆڕی بۆ (الحزب التحرر الوتنی) بەڵام مۆڵەتیشیان هەر  پێ نەدا و پارتییش ساڵێک پاش کۆتایی جەنگ ئەویش ساڵی 1946 دامەزرا. 


هەینێکە ئێمەی مناڵیش و راستییەکەی برا گەورەکانیشمان کە ئەوانیش هێشتا هەر خوێندکاری قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی بوون ئەو پێگەیشتنە سیاسییەمان (political maturity) نەبوو کە چاکە و خراپە لێک بکەینەوە. لە هەموو دونیاشدا جیلی گەنجان و نەوجوانان بەدوای مۆدەی تازەبابەت دەکەون، تازەبابەت لە هەموو بوارێکدا. گەنج حەزی لە گۆڕانە. بۆیە دەتوانم بڵێم کە نەک هەر من و براکانم بگرە تەواوی قوتابی و خوێندکارانی ساڵانی دووەم جەنگی جیهان و ساڵانی دواتریش هەموو ئەو حزبانەمان تاقی دەکردەوە. چاکم لەبیرە کە لە حزبێکا دەبووین و هەر ئەو حزبەمان بە راست و رەوا دادەنا لەپڕ برا گەورەکەمان حزبی دەگۆڕی و هەڵبەت داوای لە برا بچووکەکانی خۆی دەکرد ئەوانیش با بدەنەوە. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو داوامان لێ دەکرا گاڵتە بە حزبە پێشووەکەی خۆمان و گاڵتە بە سەرکردەکانیشی بکەین. تا حزبە چەپڕەوەکانی وەک شۆڕش و دواتر حزبی شیوعی و دواتریش حزب (التحرر الوتنی) پەیدا نەبووبوون کاک ئەنوەری براگەورەمان و ئێمە هەموومان ئەندامەتیی حزبە ناسیۆنالیستە کوردییەکانی وەک (ژ. ک.) و (هیوا) و (رزگاری)مان تاقی کردبۆوە. چاکم لەبیرە من و براکانم هەموومان ئەندامی حزبی هیوای ناسیۆنالیست بووین و سەرۆکەکەمان عەزیز فەتاح بوو. کاک عەزیز گەنجێکی هەولێریی باڵا کورتیلە بوو و کە دەهاتە ماڵمان بۆ رێکخستن و رۆشەنبیرکردنی کاک ئەنوەری برامان هەڵبەت لە دەرگای دەدا و ئێمەش یەکێکمان دەچووین دەرگاکەی لێ بکەینەوە و بە راکردن دەگەڕاینەوە بۆ لای کاکە ئەنوەر و پێمان رادەگەیاند کە (عەزیز) لە دەرگایە. ئەویش لێمان تووڕە دەبوو دەیگوت: ”مەڵێن عەزیز بڵێن کاک عەزیز“. ئەمە ماوەیەک وابوو لە پاشان حزبی دی پەیا بوون و هەندێ لەوانەی کە لە حزبەکەی کاک عەزیزا نەمان و روویان لە حزبی دیکە کردبوو، ئەوانە بۆ گاڵتەپێکردن ناویان لە کاک عەزیز نابوو (گێزەر) بەو حسابەی کە بەژنی هەر هێندەی گێزەرێک دەبێت و حزبەکەشیان هەر بە حزبی گێزەر ناو دەهێنا. پێم وایە سەعدەدین شەریف کە زۆر نوکتەچی و گاڵتەباز بوو ئەو ئەم تایتلی گێزەرەی بڵاو کردبۆوە. سەعدەدین بەداخەوە هەر لەو ساڵانە خۆی کوشت و هۆی خۆکوشتنەکەشی نەزانرا. کاک ئەنوەری براشمان و هەڵبەت ئێمەش لەگەڵیا حزبمان گۆڕیبوو و لە (هیوا) نەمابووین. رۆژێکیان ئەمن بەڕێکەوت لە جادە تووشی کاک عەزیز بووم و ئەو چاکوخۆشیی لەگەڵا کردم. کە گەڕامەوە بۆ ماڵ بە کاکە ئەنوەرم گوت ”کاکە ئەنوەر ... کاکە ئەنوەر، ئەمڕۆ کاک عەزیزم دی“ ئەویش بەتووڕەییەوە گوتی: ”مەڵێ کاک عەزیز بڵێ گێزەر“ ! لا حەولە وەلا!  


لە پێش جەنگی دووەم و لە ساڵانی جەنگ و تا دواتریش ژمارەیەکی زۆر لە منداڵە دزەییەکانی خزممان و خاڵۆزا بەرزنجییەکانیشمان ئەوانیش وەک ئێمە بۆ خوێندن هاتبوونە هەولێر و خانوویان لەوێ بەکرێ دەگرت. هەندێکیان وەک ئێمە درێژەیان بە خوێندن دا تا زانکۆشیان لە بەغدا یان لە دەرەوە تەواو کرد، بەڵام هەندێکیشیان یان هەر لە قۆناخی سەرەتایی یانیش تا ناوەندی و دواناوەندییان بڕی و ئیتر دەستیان لە خوێندن هەڵگرت و گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان یارمەتیی بابیان بدەن لە کاروباری کشتوکاڵا هەرچەندە کە بابیان هەوڵی زۆری لەگەڵا دەدان بخوێنن کەچی ئەوان دیارە زیاتر حەزیان دەکرد لاسای ئاغاتییەکەی بابیان بکەنەوە و گەڕانەوە. ئەو منداڵە خزمانەشم تەبای هەموو قوتابیانی شار بەگەڵ یەکێک لەو حزبانە دەکەوتن کە پێشتر باسم کردووە. ئەوانەی لەبیرم مابن لە ئامۆزا دزەییەکانم و خاڵۆزا بەرزنجییەکانم لە چلەکان ئەمانە بوون: ئاغای رەحمانی، بورهانی بایزی رەحمانی، جەوهەری حوسێنی مەلای، ئەنوەری حوسێنی مەلای، رەقیبی حوسێنی مەلای، جەوادی حوسێنی مەلای، حەمەی حوسێنی مەلای، عەلی فەتاح، ئەحمەد فەتاح، محەمەدی ئاغای جوکولی (ناسراو بە محۆ سەرسۆر)، مەحمود کانەبی، نوری کانەبی، عەزیز رەشید، عەبدوڵڵا حەوێز مامەند، عومەر عەلی خورشید، فارس عەلی خورشید، جەوهەر حەسەن رۆستەم، ئەنوەر عەزیز پاشا، عەوڵا پاشا عەزیز پاشا، سەعید عەزیز پاشا، عومەر خدر پاشا، محەمەد خدر پاشا، جەوهەر شێمحەمەد پاشا، سمکۆ شێمحەمەد پاشا، نامیق حەمەد پاشا، کەمال حەمەد پاشا، یونس قادر پاشا،  ئەحمەد عەلی ئۆمەراوە، موحسین عەلی ئۆمەراوە، جەمیل سلێمان، خورشید ئیبراهیم، مەحمود ئیبراهیم، رەشید حەمەد، حەوێز قادر، خالید ئیسماعیل، عومەر ئیسماعیل، عەلی ئیسماعیل، عەزیز حوسێن، ئەحمەد عەلی کاکەخان، خدر عەلی کاکەخان، ئەنوەر شێخ عەزیز، خالیس شێخ جەواد، مستەفا شێخ جەواد. وەک پێشتریش گوتم ئەمانە هەندێکیان قۆناخی زانکۆشیان تەواو کرد و بوون بە دکتۆر، ئەندازیار یان فەرمانبەری پلەبەرزی دەوڵەت. هەندێکیشیان یان هەر سەرەتاییشیان تەواو نەکرد یان گەیشتنە قۆناخی ناوەندی و دواناوەندی ئیتر لەوێدا وازیان لە خوێندن هێنا. لە پوورزا هەولێرییەکانیشم (کوڕانی ئەحمەد عوسمان) جارجار مەحمود و فوئاد و نەوزادمان دەدی بەڵام کەمتر، چون ئەوان زیاتر لەگەڵ بابیان لە بەغدا دەبوون. 


لە پشووی هاوینانمان پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێک لەو خزمانەمان هەر دەما و لەگەڵ گەورەکانمان هاتوچۆی گوندی یەکتریمان دەکرد.  


بەڵام خۆشیی بەڕاستیمان لە گوندی هەڵەجە و گوندەکانی تری ماڵە خاڵانم بوو بەتایبەتی بۆ من و سەعدیی برام کە بچووک بووین. هەڵەجە بۆ ئێمە هاوینەهەوار بوو. ئاوێکی لە مشەی کارێز کە رەز و باغی دارهەنار و هەنجیر و مەرەزە و تەنانەت تووتنیشیان لەبەر دەکرد. دوو دارتووی زۆر بەرز و چڕیشی لێ بوو کە جۆلانەمان لە لکەکانی دەبەستایەوە و جۆرەها یاریشمان لەبەر سێبەرەکانیانا دەکرد. ئەو دوو دارتووە لە دووگردکانیشەوە دەبینران. کارێزەکە کە دەردەکەوت دەبوو بە مەلەگایەکی زۆر خۆشی پڕ لە ماسی و بۆق و قڕژاڵ و کیسەڵ. ئەم بەشەی کارێزەکە ناوی (کونە بۆقان)یان لێ نابوو و بۆ ئێمەی دووگردکانی بەهەشتێک بوو بۆ خۆی. دووگردکان کە خۆم ئەوەندە ئاشقی بووم نە ئاوی لێ بوو نە یەک تاکەدار، هاوینان هیشک و بریشک و رەق و تەق.