(بەرەی کوردستانی) لە دیدی مێژووەوە

ئەگەر ھۆکارێکی سەرەکی شکست و قوربانییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕابردوودا، پەرتەوازیی و ناکۆکی نێوان تاک و خێڵ و ھۆز و تیرە و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بووبێت، تا دەگاتە یەکتری قبوڵ نەکردن و ململانێی خوێناوی، ئەوا بەدیوێکی تردا سەرکەوتنی کاتی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین و ئەزموونی حکومڕانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، یەکڕیزیی و تەبایی و یەکتر قبوڵکردنی تاک و ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بووە. خۆ ئەگەر ئەزموونەکانی مێژوو ئەو ڕاستییەشیان سەلماندبێت، کە ھەمیشە یەکڕیزیی کورد ھۆکاری سەرکەوتنی بووە، ئەوا دەبێت ئێستا لە ھەموو کات زیاتر بیر لەو یەکڕیزییە بکەینەوە ھەموو ھەوڵەکان بۆ یەکێتی نێو ماڵی کورد چڕ بکە ینەوە، تا لەبەرامبەر نەیارەکانمان بەھێزەوە بووەستین. ئەمەو دواجار بە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی ئەم ئەزموونەمان بە با نەبات، کە بۆ چارەکە سەدەیەکە ھیوامان لەسەر ھەڵچنیووە. لەم سۆنگەوە وەک بیرخستنەوەیەک بۆ ئەزموونێکی سەرکەوتوویی مێژوویی قۆناغێکی سەختی خەبات کوردایەتی لە باشووری کوردستان، (بەرەی کوردستانی) لە دیدی مێژووەوە شەن و کەو دەکەین.

(بەرەی کوردستانی) بەرەیەکی فراوانی سیاسی بوو، کە لە (ھەشت) پارت و ڕێکخراوی کوردستانی باشووری کوردستان پێکھات. بەرەکە سەرەتا لەساڵی (1986ز) لەلایەن (ئیدریس بارزانی و مام جەلال) گەڵاڵەکرا و لە (2ی مایسی1988ز) ڕاگەیەنرا. واتە بەرەیەک بوو دوای (دوو) ساڵ ھەوڵ و تەقەڵا و ماندووبوون و کۆبوونەوە، لەنێو (ھەشت) پارت و ڕێکخراوی کوردستانی واژۆکرا، کە ھەریەک لە (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی سۆشیالیستی دیموکراتی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کورد-پاسۆک، پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،حیزبی شیوعی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) بوون. دیارە ئەگەرچی بەرەکە دوای نائومێدی سەرجەم ئەو ھێزانە لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکەیان (پارتی بەعسی سۆشیالیستی عەرەبی)و سەرۆکە تاکڕەوەکەی (سەددام حوسێن) ھاتە دونیای بوون. ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم ئەو ھێزانە (بە تەنیا) گەڕانەوەیان بۆ لای ڕژێم و ئەو سەرۆکە و دەوڵەتی ئێراق و بەغدادی پایتەخت بە تەنیا تاقیکردەوە، بەڵام ھیچیان بۆ سەوز نەبوو، دواجار ناچاربوون بیر لە نزیکبوونەوە لە یەکتر بکەنەوەو لەبری ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی (بەرەیەکی یەکگرتوو) دروست بکەن. ئەوەش کاتێک (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، وەک دوا ھێزی سیاسی کوردستانی لە باشووری کوردستان، دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی ئێراق لەساڵی (1985ز) بە شکست گەیشت. ئەوەش ناچاری کرد، وەک سەرجەم ھێزە سیاسییە کوردییەکانی باشووری کوردستان، بچێتە بەرەی نەیاری ڕژێمی بەعس و حکومەتی ئێراق و شان بە شانی ئەو ھێزانە شەڕی ھێزەکانی سووپا و دەوڵەتی ئێراق بکات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بەوە ھەبوو لەلایەک لەگەڵ (کۆماری ئیسلامی ئێران) ئاشت بێتەوە، کە تا ئەو کات شەڕی دەکرد. لەلایەکی دیکەوە پێویستی بەوە ھەبوو لەگەڵ ھێزە سیاسییە کوردییەکانی باشووری کوردستان بکەوێتە دانوستان و لەگەڵیان ھاوپەیمانی واژۆ بکات. ھەردوو ھەوڵەکەش سەرکەوتنی بەدەستھێنا، بەوەی لەلایەک توانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران نزیک بێتەوەو بەیەکەوە شەڕی دەوڵەت و ڕژێمی بەعسی ئێراق بکەن، لەلایەکی ترەوە بەھۆی ئەو کۆمارە لەگەڵ ھێزە کوردییەکانی تر نزیک بوویەوە . دیارە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر مەبەستی بوو ئەو ھێزە کوردییانە لەو قۆناغەدا لەیەک نزیک بکاتەوەو بە ھەموویان بەرەیەک لە دژی ڕژێمی بەعس بکەنەوە، چونکە ئەویش تا ئەو کات بۆ (شەش) ساڵ بوو شەڕی ئەو ڕژێمە و دەوڵەتی ئێراقی دەکرد. ئەوە بوو دواتر ھەوڵەکان سەری گرت و ململانێی ناوخۆ بە کۆتا گەیشت و بەستەڵەکی ناکۆکی شکا. بەوەش سەرەتاییەک بۆ یەکڕیزیی ھێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کرایەوە. ئەوەش کاتێک وەک سەرەتا ھەریەک لە (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و (جەلال تاڵەبانی) سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەوتنە ئاڵوگۆڕی نامە و بیروڕا لەسەر چۆنیەتی کۆتایی ھێنان بە شەڕ و ململانێی ناوخۆیی. دواتر لەسەر ڕاسپارەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (ئیدریس بارزانی)، کە ئەو کات ڕۆڵی جێگری سەرۆکی پارتی دەبینی ڕاسپێردرا، تا لەگەڵ (مام جەلال) بکەونە گفتوگۆ. ھەوڵ و گفتوگانیش لەساڵی (1986ز) دەستی پێکرد و لە سەرەتایی ساڵی (1988ز) بە کۆتا گەیشت. ئەوەش کاتێک لە (2ی مایسی1988ز) ھاوپەیمانییەتی بەرەی کوردستانی لەنێوان ئەو (ھەشت) پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەدا واژۆکراو (مەسعود بارزانی)ش بۆ سەرۆکی (بەرەی کوردستانی) دیاریکرا. ھەر ئەوەش ھۆکاری سەرکەوتنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەھاری (1991ز)و دواتر سەرکەوتنی پرءسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لە (19ی مایسی1992ز)داو دواتر ئەو ئەنجومەنەش زەمینەی دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە (4ی تەممووزی1992ز)دا ڕەخساند.
ئەزموونی (بەرەی کوردستانی) سەلماندی، کە ئەوەی ئەزموونەکانی مێژووی کورد بۆی چوون ڕاست بووە، چونکە بەو یەکڕیزییە کوردی باشووری کوردستان گەیشتە ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەت، بەڵام کاتێک ئەو بەرەیە لەباربرا، یەکڕیزی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان پەرتەوازەیی تێکەوت و (شەڕی ناوخۆ) ھەڵگیرسا، کە نزیکەی (چوار) ساڵی خایاند. واتە لەنێوان ساڵانی (1994-1998ز) بەردەوامی ھەبوو. لەو کاتەوەش تا بەئێستا دەگات ئەگەرچی شەڕی نەگریسی ناوخۆ کۆتایی ھاتووە، بەڵام ناکۆکی و ململانێی ھێزەکان ھەر توندە و پێویستی بە یەکبوون و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان ھەیە. بەتایبەت دوای ئەوەی (بەغداد)ی ئێستا ئەوەی سەردەمی بەعس نییە و (دکتۆر حەیدەر عەبادی)ش چارەکی ھێز و توانای (سەدام حوسێن)ی سەردەمی پێشوو نییە، بۆیە وەک چۆن ووتراوە (یەکڕیزی لە یەکێتیدایە) ئاوەھاش یەکڕیزی ئێستای کورد لە شێوەی بەرەیەکی کوردستانیدا مانای ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلان و نەخشەیەکی دوژمنکاریانەی ئێراق و ئێراقییەکان. ئەو ئێراقیانەی ھەرگیز لە مانای برایەتی و خۆشەویستی دانپێدانانی مافی ھاونیشتمانییەکانیان تێنەگەیشتوون و ھەمیشە کوردیان بە پاشکۆی خۆیان زانیووە!
سەرچاوەکانی ئەم باسە:
1. محمد حاجی محمود: ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک.
2. پشکۆ نەجم ئەددین: ئەزموون و یاد.
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.