لە کچێکی ئێزیدیەوە بۆ کاک مەلا بەختیار و ئاڵا تاڵەبانی

”کەس نازانێ چۆن دڵخوازی کچ و خوشکەکانیان بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە لەنێو دەبەن“

 

بەر لە ھەموو شتێک، بۆ ئەوەی ڕێ لە تۆمەتی ناڕەوا و موزایەدەی جۆراوجۆر بگرین، پێویستە کۆمەڵێک حەقیقەت بخەمە ڕوو.

 

نە من وەک کچێکی ئێزدی و بە دڵنیایەوە ھەر ئێزدیەک، لەگەڵ کوشتنی ھیچ مرۆڤێکدا نین، چونکە پێمانوایە، ژیان، مافێکی خودایی و سروشتیی ھەر بوونەوەرێکە، خودا مرۆڤگەلی بۆ کوشتن دروست نەکردووە و کەس مافی لێسەندنەوەی ژیانی لە کەسێکی دیکە نییە، پاساوەکەی ھەرچییەک بێت. کوردانی ئێزدی بۆ ئەوانەی کە نایانناسن، شەرعییەت بە کوشتنی ھیچ مرۆڤ و گیانلەبەرێک نادەن. بۆیە ھەرچی گوتراوە و دەگوترێت، لەبارەی کوشتنی دوعا و غەیری دوعاوە، بە سووتاندنی تەڕووشک پێکەوە تێدەگەم، بە سووکایەتیکردن بە ئێزدیان و ئایینەکەمانی دەزانم، بیانووی نووسەر و خاوەن ھەڵوێستەکە ھەرچی بێت.

 

دووەم، لەو کوردە ئێزدییانەم، کە بە قەناعەتی تەواوەوە، ئێزدی، بە ڕەسەنترین توێژی کوردەواری دەزانم و شنگال و ئێزدخانیش بە ڕۆحی کوردستان. ھەموو کار و  ھەوڵێکیشم لەو پێناوەدایە. ھەر کەس و تاقمێکیش، جا ئێزدی بن، یان غەیرە ئێزدی، گومان لە کوردبوونی ئێزدیان و کوردستانیبوونی ئێزدخان بکەن، بە لادەر و گومانباریان دەناسم.

 

حەقیقەتی سێیەم، بەھۆی پیشە و کارەکەمەوە، وا بۆ پێنج شەش ساڵ دەچێت لە نێوان شنگال و ھەولێر و دھۆکدا دەژیم، لەوەش زیاتر، ھەر بەھۆی تەبیعەتی پیشەکەمەوە، زۆر بە وردی ئاگادارم لە ڕووداوەکانی کوردستان، کەسایەتی و حزبە سیاسییەکان و ھەڵوێستەکانیان، تێڕوانینیان بۆ ژیان و کۆمەڵگە و ئافرەتان، ھەروەھا ھەڵوێستیان دھەمبەر نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان، بەتایبەتی دەرھەقی کوردانی ئێزدی.

 

چوارەمیش، وەک ئێزدییەک، ھەڵوێستی پێشوەختەم لەبارەی ھیچ حزب و کەسایەتی و ئایدیۆلۆجیا و ئاینێکەوە نیە، تەنیا و تەنیا لە سۆنگەی ھەڵوێستیان دھەمبەر ئێزدیان و ئایینەکەیان و کوردستانەوە دەیانناسم.

 

حەقیقەتی پێنجەم، زۆر کەس و لایەن و حزب لە کوردستاندا ویستیان و کاری زۆریان کرد، تا کارەساتی شنگال و فەرمانی داعش بۆ سەر ئێزدیان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و موزایەدەی سیاسی بقۆزنەوە. ھەموو ئەوانەی ئەمەیان کرد، نە خەمی شنگالیان بوو، نە کوردانی ئێزدی. ئێزدیانیان بۆ مونافەسەی حزبی و کەسێنی بەکارھێنا و دەھێنن.

 

پاش ئەم حەقیقەتانە کە پێویست بوون بۆ ڕێگرتن لە موزایەدە و خراپ لێکدانەوە، دێینە سەر ئەسڵی مەبەست: نووسینەکەی خاتوو ئاڵا تاڵەبانی و کاک مەلا بەختیار، کە گوایە لە یادی کوژرانی دوعادا نوسیوویانە. لەم بابەتەدا کۆمەڵێک پرسیاری سادە و سانا لەو دوو بەڕێزە و ھەموو ئەوانەش دەکەم کە وەک ئەوان بیر دەکەنەوە، بەو ھیوایەی ببێتە زەنگێک و ئیدی واز لە موزایەدەی بە پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێنن، خۆ ئەگەر ئەوەش ناکەن و کاریان پێیەتی، کەیفی خۆیانە، بەڵام تکایە دەست لە یەخەی ئێزدیان ھەژار و بەلەنگاز و بریندار و لێقەوماو بێنن و مەیانکەنە کەرەسەیەک بۆ مونافەسەی شەخسی و حزبی، چیدی خەڵکیان لێ ھان مەدەن، وەک ئەوەی تیرۆریستانی داعش و پێش داعشیش بەعسی ڕووخاو کەمی پێ کردبێتن.

 

بەڕاست، بیرھێنانەوەی کوشتنی دوعا کە پێش ١٠ ساڵ رووی داوە، لەپێناو پێشکەوتنی کۆمەڵگادایە یان بۆ تانەدان لەم وڵاتە و دامودەزگەکانی؟ لەپێناو دووبارەنەبوونەوەیدایە یان پێچەوانەکەی؟ بۆ سووکایەتیکردنە بە ئێزدیان یان دیفاع لێکردنیان؟ بۆ ھاندانی خەڵکە لە دژیان یان ھاوکاریکردنیان؟ بۆ تۆلەرانس و تەساموحی ئایینییە یان جیاکاریی ئایینی دژی ئێزدییەکان و تێکبەردانی ئایینەکانی کوردستانە؟

 

ئایا لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، سەدان ئافرەت لە کوردستاندا بە ھۆکار و بیانووی جیاواز نەکوژاون، ئەدی بۆچی ئەو بەڕێزانە، یادیان ناکەنەوە؟ وا دیارە بەلایانەوە تەنیا کوشتنی دوعا تاوانە و ھی ئافرەتانی دیکە ئاساییە!

 

دوا پرسیار، ھیوادارم ئەو دوو بەڕێزە و ھاوبیرانیان بە گیانێکی لێبووردەوە، ئەگەر ھەیانبێت، لێمانی قبوڵ بکەن: ئەگەر دوعا کچ و خوشکی ئەم بەڕێزانە بوایە، ھەڵوێستیان چ دەبوو؟ ئەوەی ھەموو کوردێکی ئێزدی لێی دڵنیایە و زۆر ئازاری دەدا ئەو حەقیقەتەیە، کۆمەڵێک ئێزدی شتێکی وایان پێش دە ساڵ لە دەست قەوماوە، ئێستاش ھیچ ئێزدیەک شانازیی پێوە ناکات، بەڵام بەس خوا دەیزانێت، دەبێت چەند کوڕی ئەم وڵاتە بە (ڕووداوی گوماناوی) یان (حادیسەی سەیارە) ڕۆیشتبێت، تەنیا لەبەر ئەوەی حەزی لە کچ یان خوشکی بەرپرسێک کردووە؟ ئێزدیان، چونکە نەگبەت و بەلەنگازن، کارەکەی خۆیان بە بەرچاوی کامێراکانەوە کرد، لێ موزایەدەچییەکان و ئەوانەی دژی ئێزدیانن شەولەناو کەس نازانێت، چۆن دڵخوازی کچ و خوشکەکانیان بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە لەنێو دەبەن.

 

ھێنانەوە بەرباسی مەسەلەی دوعا لەم کاتەدا، یەک مانای ھەیە: دژایەتیی ئێزدیان و ھەڵدانەوەی برینی ئەو سێ چوار ھەزار ئافرەتە ئێزدییەی تیرۆریستانی داعش ڕفاندوویانن. بە ھەردوو بەڕێز خاتوو ئاڵا تاڵەبانی و کاک مەلا بەختیاریش دەڵێم: ھەر چیتان بۆ خۆتان پێ ڕەوایە، بۆ ئێزدیانیشتان پێ ڕەوا بێت. ئەوەی لە کوردانی ئێزدی داوا دەکەن، خۆتان جێبەجێی بکەن. ئیتر بە ناوی دوعا و بە ناوی مەدەنییەت و پێشکەوتن و بە دروشمی بریقەدار، بریندارمان مەکەن و سووکایەتیمان پێ مەکەن و ھانی خەڵکیش مەدەن دژمان.