دروستبوونی ده‌وڵه‌ت ئیراده‌ی نه‌ترسی ده‌وێ

 
ئاو كه‌ وه‌ستا و له‌به‌ری نه‌ڕۆیشت، تام و ڕه‌نگ و بۆنی ده‌گۆڕێ و كه‌س له‌ ده‌وری كۆ نابێته‌وه‌ و نایخواته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ قێزه‌وه‌ سه‌یری ده‌كرێ. له‌ باشووری كوردستان له‌ یازده‌ی ئه‌یلوولی ساڵی 1961 تا 21ی 3ی 2016 (شه‌ش شۆڕش) به‌ ئیراده‌ی نه‌ترس دروست بوون و میلله‌تی كورد لێیان سوودمه‌ند بووه‌:
1. شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن
2. شۆڕشی گوڵان
3. شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان
4. شۆڕشی به‌ره‌ی كوردستانی و ڕاپه‌ڕین
5. شۆڕشی وازهێنان له‌ براكوژی و ئاشتبوونه‌وه‌
6. شۆڕشی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش و تێكشاندنی
 
دوای ئه‌و هه‌موو نه‌به‌ردی و ئازایه‌تی و نه‌ترسییه‌ی كه‌ ڕاتان نواند، به‌ برسیه‌تی و هه‌ژاری سینگتان به‌ گولله‌وه‌ نا و خۆتان به‌ هه‌موو خه‌ڵكی ڕووی زه‌مین ناساند، ئیتر بۆچی ئێستا له‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت ده‌ترسن! دڵنیا بن ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا تێكڕای حكوومه‌ته‌كانی دونیا چاویان بڕیوه‌ته‌ ئازایه‌تیتان و پێویستیان به‌ ئێوه‌یه‌، ده‌نگی ئیراده‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت به‌رز نه‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌وڵه‌ت ئیعلان نه‌كه‌ن، ئیدی ڕیسه‌كه‌تان ده‌بێته‌وه‌ خوڕی، كه‌ كۆتایی به‌ داعش هات كه‌س گوێتان بۆ ناگرێت، هه‌رێمه‌كه‌شتان پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر هه‌مووتان (عیلمانی و ئیسلامی) به‌ گۆڕانیشتانه‌وه‌، ڕووبه‌رووی كاره‌سات ده‌بنه‌وه‌ و دۆزه‌خه‌كه‌تان (كه‌مال ئه‌تاتورك و سه‌دام حوسێن) بۆ ئێوه‌ و میلله‌تتان دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌، كه‌سیش له‌ سه‌رمان به‌جواب نایه‌ و دوایی ده‌ڵێن: كورد له‌ هه‌لومه‌رج تێناگا خه‌تا له‌ ملی خۆیه‌تی!
 
عه‌لی پشده‌ری، مێژوونووس و موفه‌سیری (ته‌فسیری قورئان بۆ وشیاربوونه‌وه‌مان)