3ئیسوپۆس مامۆستاى فەیلەسووفه‌ مه‌زنه‌كانى یۆنان

 
ئیسوپۆس، حه‌كیم و داناى یۆنانى، كه‌ له‌ ساڵه‌كانى نێوان سه‌ده‌ى شه‌شه‌م و حه‌وته‌مى پێش زاییندا ژیاوه‌، هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤێكی كۆیله‌ و ژیانێكی پڕ هه‌ژاری و به‌دبه‌ختى و سه‌ختى به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام له‌ بوارى ناساندنى به‌هاكانى ئه‌خلاقى و ڕاستگۆیى و مافى ئازادى به‌ مامۆستاى فەیلەسووفه‌ مه‌ز​نه‌كانى یۆنانى وه‌كو سۆكراتیس و ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆتالیس ده‌زانرێت و بێ گومان هه‌ر ئه‌م ڕاستگۆیى و قسه‌ پڕ مانا و هه‌ڵوێسته‌ ئازایانه‌ى له‌دواییدا بوونه‌ هۆى گیان له‌ده‌ستدانى.
یه‌كێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م حه‌كیمه‌ داهێنانى مه‌ته‌ڵى پڕ مانا بوو، كه‌ به‌ زمان و هه‌ڵسوكه‌وتى ئاژه‌ڵ ده‌یگێڕایه‌وه‌ و له‌دواى كوشتنى، مه‌ته‌ڵه‌كانى به‌ زمانی یۆنانی له‌ كتێبێكدا كۆ كرانه‌وه‌ و پاشان وه‌رگێڕدرانه‌ سه‌ر چه‌ند زمانێك، زۆربه‌ى ئه‌و مه‌ته‌ڵانه‌ى كه‌ ئیسوپۆس دایهێنان، ئێستا له‌ناو كولتوور و مه‌ته‌ڵى ئه‌م زه‌مانه‌ماندا باون و زۆریشى به‌ پاڵ كاره‌كته‌رى دیكه‌ لكێندراون، وه‌كو مه‌لاى مه‌شور و جه‌حا و ..تد.
رۆژێكیان له‌ ئیسوپۆس داوا كرا چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌یه‌كى نێوان سێ سیاسه‌تمه‌دارى ئه‌وكاتى یۆنان بدۆزێته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌سه‌له‌ى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌بوو، ئیسوپۆس بیرێكى كرده‌وه‌ و گوتى:
وا ڕێكه‌وت جارێكیان شێرێك و ڕێوییه‌ك و كه‌رێك بڕیاریان دا به‌یه‌كه‌وه‌ ڕاو بكه‌ن، ڕێوى پێشنیارى كرد له‌ كاتى ڕاوكردندا ئه‌م و كه‌ر له‌ دوو لاوه‌ ئابلووقه‌ى شكاره‌كه‌ بده‌ن و شێریش په‌لاماردانه‌كه‌ ئه‌نجام بدات، شێر گوتى زۆر باشه‌ و زۆرى پێ نه‌چوو گیانله‌به‌رێكیان كه‌وته‌ به‌ر چاو، وه‌كو چۆن پلانیان دانابوو گرتیان و كوشتیان، ئینجا شێر به‌ كه‌ره‌كه‌ى گوت: بڕۆ شكاره‌كه‌ ببه‌ ناو ئه‌شكه‌وتى خۆم و له‌وێ به‌ عادیلانه‌ لاشه‌كه‌ى دابه‌ش بكه‌ بۆ سێ به‌ش. كه‌ر به‌ قسه‌ى شێر لاشه‌كه‌ى برده‌ ناو ئه‌شكه‌وت و به‌سه‌ر سێ به‌شى یه‌كساندا دابه‌شی كرد و به‌شكۆوه‌ بانگى شێرى كرد بچێته‌ ژووره‌وه‌ و بفه‌رموێت، به‌ڵام كاتى شێر چووه‌ ژووره‌وه‌ و بینى چۆن دابه‌ش كراوه‌ زۆر تووڕه‌ بوو، به‌سه‌ر كه‌ریدا نه‌ڕاند و گوتى كه‌ینێ ئه‌مه‌ عه‌داله‌ته‌، هه‌موو به‌شه‌كان وه‌ك یه‌كترن؟ شێر یه‌كسه‌ر له‌پێكى له‌ ملى كه‌ره‌كه‌ دا و سه‌رى له‌ لاشه‌دا قرتاند. ئینجا به‌ تووڕه‌یى هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ ڕێویى گوت: بڕۆ تۆ لاشه‌كه‌ دابه‌ش بكه‌، كه‌ ڕێوی چووه‌ ژووره‌وه‌ و سه‌ره‌ قرتێنراوه‌كه‌ى كه‌رى دیت، یه‌كسه‌ر زانی مه‌سه‌له‌كه‌ چىیه‌ و خێرا لاشه‌ى شكاره‌كه‌ى به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش كرد و بانگى شێرى كرد كه‌ بفه‌رموێت، كاتێ شێر چووه‌ ژووره‌وه‌ و بینى چۆن لاشه‌كه‌ دابه‌ش كراوه‌ زۆر دڵى خۆش بوو و به‌ ڕێویى گوت: ئافه‌رین، ئه‌م حیكمه‌ت و عه‌داله‌ته‌ له‌ كێ فێر بوویت؟ ڕێوى وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و گوتى: گه‌وره‌م له‌ سه‌رى ئه‌م كه‌ره‌وه‌ فێر بووم! ڕێوى هه‌موو لاشه‌كه‌ى بۆ شێر دانابوو و تەنیا كلكه‌كه‌ى بۆ خۆى جێ هێشتبوو. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ مه‌ته‌ڵى (حصه‌ الاسد) به‌ عه‌ره‌بى، یا به‌ ئینگلیزى lion share) واته‌ (پشكى شێر) ناوبانگى ده‌ركرد.
لێره‌دا چ له‌ سیاسه‌ت و چ له‌ ژیاندا هه‌ر كه‌سێ ئه‌بێت پایه‌ و شوێن و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى بزانێت، مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ عه‌داله‌ته‌وه‌ نییه‌، شێر به‌ گاڵته‌ نه‌بووه‌ته‌ پادشاى جه‌نگه‌ڵ، به‌ڵكو به‌ پرۆسه‌یه‌كى درێژخایه‌نى پڕ له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵا و ئازار و گرتنى ڕێگایه‌كى پڕ له‌ هه‌وراز و نشێو به‌م پایه‌ گه‌یشتووه‌ و ئه‌وه‌ى زیره‌كیش بێت ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ باش تێ ده‌گات.