شاتكه‌ شێت

كه‌لا،‭ ‬هه‌ندێ‭ ‬كه‌لا‭ ‬سووركردنه‌وه‌ی‭ ‬ده‌ویست،‭ ‬ده‌یانگوت‭ ‬ناسك‭ ‬ده‌بێ‭ ‬و‭ ‬زوو‭ ‬ده‌شكێ،‭ ‬به‌ڵام‭ ‬ئه‌گه‌ر‭ ‬به‌رده‌كه‌‭ ‬سوور‭ ‬با،‭ ‬كه‌لاكه‌‭ ‬جوانتر‭ ‬ده‌بوو،‭ ‬ده‌بریقایه‌وه‌،‭ ‬كه‌ویار‭ ‬به‌‭ ‬كه‌لای‭ ‬منه‌وه‌‭ ‬ماندوو‭ ‬ده‌بوو،‭ ‬به‌ڵام‭ ‬منیش‭ ‬نه‌مده‌هێشت‭ ‬ماندووبوونه‌كه‌ی‭ ‬به‌لاش‭ ‬بچێ،‭ ‬شتێك‭ ‬له‌‭ ‬پاره‌ی‭ ‬كه‌لام‭ ‬ده‌دایێ،‭ ‬هه‌ر‭ ‬نا‭ ‬بنێشتێكی‭ ‬ئینگلیزیم‭ ‬بۆی‭ ‬ده‌كڕی،‭ ‬تا‭ ‬پێشمه‌رگه‌‭ ‬نه‌چووبوونه‌وه‌‭ ‬چیا،‭ ‬هه‌ڕمێنی‭ ‬كه‌لا‭ ‬باش‭ ‬بوو،‭ ‬حه‌فته‌ی‭ ‬یه‌ك‭ ‬دوو‭ ‬كه‌لام‭ ‬ده‌فرۆشت،‭ ‬رۆژانه‌ی‭ ‬خۆم‭ ‬ده‌رده‌هێنا،‭ ‬له‌و‭ ‬سێ‭ ‬چوار‭ ‬ساڵه‌ی‭ ‬ئاشته‌وایی‭ - ‬من‭ ‬ده‌مبیست‭ ‬ناویان‭ ‬نابوو‭ ‬سه‌رده‌می‭ ‬ئاشته‌وایی‭- ‬به‌‭ ‬تایبه‌تی‭ ‬ساڵی‭ ‬حه‌فتاوسێ،‭ ‬ئه‌و‭ ‬ساڵه‌ی‭ ‬باپیرم‭ ‬چاوه‌كانی‭ ‬له‌ده‌ست‭ ‬دا،‭ ‬پێشمه‌رگه‌كانی‭ ‬به‌لاشاوه‌،‭ ‬كه‌‭ ‬كه‌م‭ ‬ماڵ‭ ‬هه‌بوو‭ ‬پێشمه‌رگه‌یه‌كی‭ ‬نه‌بێ،‭ ‬زۆریان‭ ‬ده‌مه‌و‭ ‬عه‌سران‭ ‬له‌‭ ‬پشت‭ ‬حه‌ساره‌‭ ‬گه‌وره‌كه‌،‭ ‬كه‌مێك‭ ‬سه‌رتر،‭ ‬گۆڕاییه‌كی‭ ‬گه‌وره‌ی‭ ‬لووس‭ ‬بوو،‭ ‬لووس‭ ‬وه‌ك‭ ‬پشتی‭ ‬سینی،‭ ‬خڕده‌بوونه‌وه‌‭ ‬به‌‭ ‬تفه‌نگ‭ ‬و‭ ‬ده‌مانچه‌وه‌،‭ ‬كه‌لایانێیان‭ ‬داده‌مه‌زراند،‭ ‬له‌سه‌ر‭ ‬ده‌‭ ‬فلس‭ ‬پێنج‭ ‬فلس‭ ‬كه‌لایانێیان‭ ‬ده‌كرد،‭ ‬من‭ ‬حه‌زم‭ ‬ده‌كرد‭ ‬هه‌رچی‭ ‬پێشمه‌رگه‌ی‭ ‬دنیایه‌‭ ‬بێنه‌‭ ‬كه‌لایانێ‭ ‬و‭ ‬كه‌لاكانیشیان‭ ‬زوو‭ ‬بشكێ‭ ‬یان‭ ‬بزر‭ ‬بێ،‭ ‬من‭ ‬به‌رده‌وام‭ ‬دوو‭ ‬سێ‭ ‬كه‌لام‭ ‬به‌‭ ‬ده‌سته‌وه‌‭ ‬بوو،‭ ‬به‌ڵام‭  ‬ئه‌وه‌ی‭ ‬له‌‭ ‬دڵم‭ ‬بوو،‭ ‬شه‌رمم‭ ‬ده‌كرد‭ ‬بیخه‌مه‌‭ ‬سه‌ر‭ ‬زار‭:‬

كه‌لا،‭ ‬یالا‭ ‬كه‌لا،‭ ‬كه‌لای‭ ‬خاڵدار‭..‬

هه‌بوو‭ ‬كه‌لاكانی‭ ‬وه‌ك‭ ‬كه‌لای‭ ‬من‭ ‬باش‭ ‬نه‌بوون،‭ ‬به‌ڵام‭ ‬له‌به‌رئه‌وه‌ی‭ ‬خۆی‭ ‬ده‌برده‌‭ ‬پێش‭ ‬له‌‭ ‬كڕیار،‭ ‬بازاڕی‭ ‬باشتر‭ ‬بوو،‭ ‬هی‭ ‬منیش‭ ‬خراپ‭ ‬نه‌بوو‭! ‬ئاخر‭ ‬رۆژ‭ ‬به‌رۆژ‭ ‬گه‌مه‌زانانی‭ ‬كه‌لا،‭ ‬پێشمه‌رگه‌ی‭ ‬كه‌لا‭ ‬ژماره‌یان‭ ‬پتر‭ ‬ده‌بوو،‭ ‬دێته‌‭ ‬بیرم‭ ‬قادر‭ ‬شۆڕه‌بی،‭ ‬كه‌‭ ‬دوژمنی‭ ‬كه‌لایانێ‭ ‬بوو،‭ ‬ناوی‭ ‬پیاوێكی‭ ‬هێنا،‭ ‬نازانم‭ ( ‬تیتۆ‭) ‬بوو‭ ‬یان‭ ‬ناوێكیدی،‭ ‬وای‭ ‬دانێ‭ ‬تیتۆ‭ ‬بوو،‭ ‬گوتی‭:‬

تیتۆ،‭ ‬به‌‭ ‬سه‌رۆكی‭ ‬شۆڕشی‭ ‬گوتووه‌،‭ ‬پێشمه‌رگه‌كانت‭ ‬با‭ ‬هه‌میشه‌‭ ‬له‌‭ ‬مه‌شق‭ ‬و‭ ‬جووڵه‌دا‭ ‬بن،‭ ‬با‭ ‬نه‌یده‌نه‌‭ ‬ته‌مبه‌ڵی،‭ ‬ده‌نا‭ ‬شه‌ڕیان‭ ‬پێ‭ ‬ناكرێ‭..‬

بابم‭ ‬گوتی‭: ‬

ئه‌و‭ ‬پیاوه‌‭ ‬قسه‌ی‭ ‬دڵی‭ ‬من‭ ‬ده‌كات،‭ ‬ئاخر‭ ‬ته‌ماشاكه‌‭ ‬هه‌رچی‭ ‬پێشمه‌رگه‌یه‌‭ ‬یان‭ ‬لاق‭ ‬له‌سه‌ر‭ ‬لاق‭ ‬بۆته‌‭ ‬قۆنته‌راتچی،‭ ‬یان‭ ‬كه‌لایانێ،‭ ‬یان‭ ‬جڕتوفڕتیانه‌‭ ‬به‌ناو‭ ‬ژناندا،‭ ‬زرم‭ ‬فیشه‌كێك‭ ‬ده‌نێن‭ ‬به‌‭ ‬ئاسماندا،‭ ‬هه‌ر‭ ‬ورگ‭ ‬گه‌وره‌‭ ‬ده‌كه‌ن،‭ ‬وه‌ك‭ ‬رۆژ‭ ‬لێم‭ ‬روونه‌‭ ‬ئه‌وانه‌ی‭ ‬له‌‭ ‬سه‌یران‭ ‬و‭ ‬ناو‭ ‬ژنان‭ ‬ته‌قه‌‭ ‬ده‌كه‌ن،‭ ‬ئه‌گه‌ر‭ ‬جاش‭ ‬و‭ ‬جێژ‭ ‬بێن،‭ ‬كلكیان‭ ‬له‌‭ ‬قوونیان‭ ‬ده‌نێن‭ ‬و‭ ‬تا‭ ‬ئه‌ودیوی‭ ‬سه‌فین‭ ‬گیر‭ ‬نابن‭.‬

ئا،‭ ‬به‌هاران،‭ ‬له‌‭ ‬پێش‭ ‬ماڵی‭ ‬ئێمه‌وه‌،‭ ‬ئه‌وبه‌ری‭ ‬كه‌ندێ،‭ ‬تا‭ ‬بن‭ ‬جۆت‭ ‬عاموودان،‭ ‬تا‭ ‬چاو‭ ‬بڕی‭ ‬ده‌كرد،‭ ‬كه‌سكایی‭ ‬بوو،‭ ‬گوڵیڵكه‌‭ ‬نیسان‭ ‬و‭ ‬حاجیله‌‭ ‬و‭ ‬خه‌زێمه‌‭ ‬جوانییە‌كیان‭ ‬دابووه‌‭ ‬ئه‌و‭ ‬ده‌شته‌،‭ ‬هه‌ولێریان‭ ‬كه‌مه‌ندكێش‭ ‬ده‌كرد،‭ ‬خه‌ڵك‭ ‬له‌‭ ‬گه‌ڕه‌كه‌‭ ‬دووره‌كانه‌وه‌،‭ ‬حه‌سیر‭ ‬به‌‭ ‬شان،‭ ‬مه‌نجه‌ڵ‭ ‬به‌‭ ‬ده‌سته‌وه‌‭ ‬ده‌هاتن‭ ‬و‭ ‬له‌‭ ‬به‌هاردا‭ ‬هه‌ڵیان‭ ‬ده‌دا‭ ‬و‭ ‬بۆنی‭ ‬یاپراخ‭ ‬و‭ ‬گۆشت‭ ‬ده‌گه‌یشته‌‭ ‬حه‌وشه‌ی‭ ‬مه‌،‭ ‬بابم،‭ ‬كه‌‭ ‬هه‌ستی‭ ‬ده‌كرد،‭ ‬ئێمه‌‭ ‬خۆمان‭ ‬له‌به‌ر‭ ‬بۆنی‭ ‬گۆشت‭ ‬راناگرین،‭ ‬یه‌كسه‌ر‭ ‬بێ‭ ‬پرسی‭  ‬دایكم‭ ‬مریشكێكی‭ ‬ده‌كوشته‌وه‌،‭ ‬دایكم‭ ‬ده‌یگوت‭:‬

له‌و‭ ‬پڕئیشیه‌،‭ ‬وا‭ ‬ناتوانم‭ ‬سه‌ری‭ ‬خۆم‭ ‬بخورێنم،‭ ‬مریشكم‭ ‬پێچا‭ ‬ده‌كرێ‭!‬

من‭ ‬هه‌ندێ‭ ‬نیوه‌ڕۆیان‭ ‬قاپه‌‭ ‬شیوی‭ ‬خۆم‭ ‬هه‌ڵده‌گرت‭ ‬و‭ ‬له‌‭ ‬كه‌ند‭ ‬كه‌‭ ‬باریكه‌‭ ‬ئاوێكی‭ ‬شه‌رمنی‭ ‬پێدا‭ ‬ده‌ڕۆیشت‭ ‬ده‌په‌ڕیمه‌وه‌،‭ ‬فازیل‭ ‬رێحانه‌‭ ‬و‭ ‬كه‌ویار‭ ‬و‭ ‬زۆریدیش‭ ‬په‌یدا‭ ‬ده‌بوون،‭ ‬له‌‭ ‬نزیك‭ ‬حه‌شاماته‌كه‌‭ ‬له‌سه‌ر‭ ‬رایه‌خی‭ ‬خودا‭ ‬داده‌نیشتین،‭ ‬نه‌نكم‭ ‬به‌‭ ‬گیاوگۆڵی‭ ‬ده‌گوت‭:‬

رایه‌خی‭ ‬خودا‭ ‬له‌‭ ‬رایه‌خی‭ ‬پاشا‭ ‬و‭ ‬میرانیش‭ ‬جوانتره‌‭.‬

من‭ ‬له‌وێ‭ ‬گوێم‭ ‬له‌‭ ‬وشه‌ی‭ (‬عه‌لمۆده‌‭) ‬ده‌بوو،‭ ‬گۆرانییە‌كه‌‭ ‬نا،‭ ‬خه‌ڵك‭ ‬ده‌یانگوت‭:‬

ئه‌ها‭ ‬ئه‌و‭ ‬ژنه‌‭ ‬عه‌لمۆدانه‌‭..‬

دره‌نگ‭ ‬پێكه‌وتم‭ ‬عه‌لمۆده‌‭ ‬چییه‌،‭ ‬زۆربه‌ی‭ ‬ژنان،‭ ‬كچان،‭ ‬جلكی‭ ‬وه‌ك‭ ‬نه‌نكم‭ ‬و‭ ‬دایكم‭ ‬و‭ ‬خوشكمیان‭ ‬له‌به‌ر‭ ‬بوو،‭ ‬ئه‌وانیدیش‭ ‬عه‌لمۆده‌،‭ ‬لنگ‭ ‬رووت،‭ ‬سه‌ر‭ ‬كۆت،‭ ‬هه‌ندێ‭ ‬پێشمه‌رگه‌‭ ‬له‌وانه‌‭ ‬نزیك‭ ‬ده‌بوونه‌وه‌،‭ ‬له‌‭ ‬نزیكه‌‭ ‬وان‭ ‬شاییان‭ ‬داده‌به‌ست‭ ‬و‭ ‬گولله‌یان‭ ‬به‌‭ ‬ئاسمانه‌وه‌‭ ‬ده‌نا،‭ ‬دێته‌وه‌‭ ‬بیرم‭ ‬گولله‌یه‌ك‭ ‬له‌و‭ ‬گوللانه‌‭ ‬له‌‭ ‬باتی‭ ‬رێی‭ ‬ئاسمانێ‭ ‬بگرێت،‭ ‬رێی‭ ‬سینگی‭ ‬پیاوێكی‭ ‬به‌ساڵاچووی‭ ‬گرت،‭ ‬ناوی‭ (...) ‬بوو،‭  ‬ده‌مانناسی،‭ ‬پێنج‭ ‬شه‌ش‭ ‬كوڕی‭ ‬هه‌بوو،‭ ‬دوو‭ ‬ژنیان‭ ‬وه‌رگرت‭ ‬و‭ ‬مه‌سره‌تی‭ ‬كرا،‭ ‬دواتر‭ ‬بیستمان‭ ‬كوڕێكیان‭ ‬له‌‭ ‬سه‌ر‭ ‬گۆڕی‭ ‬بابی‭ ‬گوتبووی‭:‬

جێت‭ ‬ناوه‌ندی‭ ‬به‌هه‌شت‭ ‬بێت‭ ‬بابه‌،‭ ‬ئه‌وها‭ ‬نه‌با،‭ ‬ده‌بوو‭ ‬به‌‭ ‬ره‌به‌نی‭ ‬سه‌ر‭ ‬بنێمه‌وه‌‭!‬

باپیرم‭ ‬له‌باره‌ی‭ ‬مه‌سره‌تیه‌كه‌وه‌‭ ‬رسته‌یه‌كی‭ ‬گۆ،‭ ‬هێند‭ ‬ترسناك‭ ‬كه‌س‭ ‬نه‌یده‌وێرا‭ ‬بیڵێته‌وه‌،‭ ‬منیش‭ ‬دوای‭ ‬هێنده‌‭ ‬ساڵه‌‭ ‬ناوێرم‭ ‬بیڵێمه‌وه‌،‭ ‬ئاخر‭ ‬رسته‌كه‌‭ ‬ناوه‌كانی‭ ‬تێدایه‌،‭ ‬گوتنه‌وه‌ی‭ ‬رسته‌كه‌‭ ‬بێ‭ ‬ناوه‌كان‭ ‬تامی‭  ‬پیرخه‌نی‭ ‬بێ‭ ‬خوێ‭ ‬ده‌دات،‭ ‬بۆیه‌‭ ‬له‌‭ ‬رسته‌كه‌‭ ‬گه‌ڕێ،‭ ‬شتێكم‭ ‬بیركه‌وته‌وه‌،‭ ‬وێنه‌ی‭ ‬ناو‭ ‬چاوی‭ ‬كه‌رێ،‭ ‬له‌ویشه‌وه‌‭ ‬كه‌ری‭ ‬قوڕێ،‭ ‬له‌‭ ‬كه‌ری‭ ‬قوڕێشه‌وه‌‭ ‬بۆ‭ ‬شتیدی‭.. ‬به‌ڵام‭ ‬سه‌رهاتێكی‭ ‬ناو‭ ‬ئاشێ‭  ‬هاته‌‭ ‬پێشێ‭ ‬نۆره‌بڕی‭ ‬ده‌كات،‭ ‬لێگه‌ڕێن‭ ‬با‭ ‬خۆی‭ ‬خۆی‭ ‬بگێڕێته‌وه‌‭:‬

‭((‬هیچ‭ ‬سووندتان‭ ‬له‌‭ ‬سه‌رم‭ ‬نییه‌،‭ ‬به‌و‭ ‬نانه‌‭ ‬ناسكه‌ی‭ ‬وا‭ ‬له‌سه‌ر‭ ‬سێرێیه‌،‭ ‬به‌و‭ ‬ئاگره‌گه‌شه‌ی‭ ‬له‌‭ ‬بن‭ ‬سێرێیه‌،‭ ‬كووی‭ ‬ده‌گێڕمه‌وه‌‭ ‬ئه‌وهایه‌،‭ ‬رووبه‌ڕوو‭ ‬گۆتمه‌‭ ‬ئه‌و‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێته‌‭ ‬شێت‭ ‬و‭ ‬شووره‌‭:‬

‭ ‬تۆ‭ ‬شێتی،‭ ‬تۆ‭ ‬بێ‭ ‬ده‌رپێی،‭ ‬حه‌یات‭ ‬له‌‭ ‬كۆڵانێ‭ ‬رژاو‭ ‬كه‌وته‌‭ ‬جۆگه‌ی‭ ‬چڵكاوێ،‭ ‬تۆ‭ ‬له‌‭ ‬قاحپه‌كانی‭ ‬مووسرێ‭ (‬مووسڵ‭) ‬كه‌متری‭...)) ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬له‌باره‌ی‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێته‌وه‌‭ ‬زۆری‭ ‬گۆت،‭ ‬لێ‭ ‬یادگه‌ی‭ ‬من‭ ‬هه‌ر‭ ‬هێندی‭ ‬تێدا‭ ‬مایه‌،‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬له‌مێژ‭ ‬نه‌بوو،‭ ‬له‌‭ ‬گونده‌وه‌‭ ‬هاتبوون،‭ ‬ره‌فته‌ی‭ ‬سه‌ری‭ ‬كه‌مێك‭ ‬لار‭ ‬ده‌به‌ست،‭ ‬بۆیه‌‭ ‬بووه‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار،‭ ‬ناوه‌كه‌ی‭ ‬خۆی‭ ‬له‌بیر‭ ‬چووبۆوه‌،‭ ‬مێرده‌كه‌شی‭ ‬هه‌ر‭ ‬به‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬بانگی‭ ‬ده‌كرد،‭ ‬ئێ‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬رقی‭ ‬دنیای‭ ‬له‌‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭ ‬ده‌بۆوه‌،‭ ‬زۆر‭ ‬لێشی‭ ‬ده‌ترسا،‭ ‬بۆ‭ ‬كه‌س‭ ‬هه‌بوو‭ ‬له‌‭ ‬شاتكه‌‭ ‬نه‌ترسێ‭! ‬به‌ڵام‭ ‬وه‌ك‭ ‬تێگه‌یشتبم‭ ‬ترسی‭ ‬خه‌ڵك‭ ‬تێكه‌ڵی‭ ‬رق‭ ‬نه‌بووبوو،‭ ‬وا‭ ‬بزانم‭ ‬كه‌س‭ ‬رقی‭ ‬له‌‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭ ‬نه‌ده‌بۆوه‌،‭ ‬ته‌نێ‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬نه‌بێت،‭ ‬دوور‭ ‬نییه‌‭ ‬رقه‌كه‌ش‭ ‬هه‌ر‭ ‬له‌و‭ ‬رسته‌یه‌ی‭ ‬شاتكه‌وه‌‭ ‬هاتبێت،‭ ‬كه‌‭ ‬له‌ناو‭ ‬ژنان‭ ‬به‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لاری‭ ‬گوتبوو‭:‬

هه‌ر‭ ‬ژنێك‭ ‬هه‌وریی‭ ‬لار‭ ‬بێ،‭ ....‬یشی‭ ‬لاره‌‭...‬

دیاره‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬ده‌زانێ‭ ‬كه‌س‭ ‬ناوێرێ‭ ‬قسه‌‭ ‬له‌‭ ‬قسه‌ی‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭ ‬بكات،‭ ‬ئه‌ویش‭ ‬قسه‌‭ ‬ناكات‭ ‬و‭ ‬هه‌ڵی‭ ‬ده‌گرێ،‭ ‬من‭ ‬زۆر‭ ‬جار‭ ‬له‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لاره‌وه‌‭ ‬ده‌مبیست‭ ‬هه‌رچی‭ ‬قسه‌ی‭ ‬ناشیرینه‌‭ ‬پاشمله‌‭ ‬به‌‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭ ‬ده‌دات،‭ ‬زوو‭ ‬زووش‭ ‬ئاوڕی‭ ‬ده‌داوه‌‭ ‬نه‌وه‌ك‭ ‬له‌پڕ‭ ‬په‌یدا‭ ‬بێت‭ ‬و‭ ‬جوێنه‌كان‭ ‬ببیستێ‭.‬

باشه‌‭ ‬ئه‌و‭ ‬جاره‌‭ ‬چۆن‭ ‬وێراویه‌تی‭ ‬له‌‭ ‬روو‭ ‬قسه‌ی‭ ‬پێ‭ ‬بڵێ،‭ ‬دیاره‌‭ ‬هه‌وریی‭ ‬لار‭ ‬له‌و‭ ‬ژنانه‌‭ ‬بوو‭ ‬له‌‭ ‬سه‌ری‭ ‬بده‌یت‭ ‬درۆ‭ ‬ناكات،‭ ‬كۆڵان‭ ‬و‭ ‬گه‌ڕه‌ك‭ ‬ئه‌وه‌یان‭ ‬باش‭ ‬ده‌زانی،‭ ‬بۆیه‌‭ ‬وه‌ك‭ ‬مه‌ته‌ڵێكی‭ ‬قورسی‭ ‬لێهاتبوو‭ ‬به‌‭ ‬كه‌س‭ ‬هه‌ڵنه‌ده‌هات،‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬روو‭ ‬به‌ڕوو‭ ‬ئه‌و‭ ‬هه‌موو‭ ‬جوێنه‌‭ ‬مزره‌‭ ‬به‌‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭ ‬بدات،‭ ‬له‌‭ ‬هه‌موو‭ ‬جوێنانیش‭ ‬جوێنتر،شاتكه‌ی‭ ‬به‌‭ ‬شێته‌كه‌وه‌‭ ‬گوتووه‌،‭ ‬ده‌بێت‭ ‬بزانین،‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێت،‭ ‬بڕوا‭ ‬ناكه‌م‭ ‬له‌‭ ‬كه‌سه‌وه‌‭ (‬شێت‭)‬ه‌كه‌ی‭ ‬بیستبێت،‭ ‬حه‌مه‌د‭ ‬مه‌ستان‭ ‬ناڵێم‭! ‬چما‭ ‬هه‌ر‭ ‬كه‌سێ‭ ‬له‌‭ ‬نزیكه‌‭ ‬وی‭ ‬شێته‌ی‭ ‬به‌سه‌ر‭ ‬زاریدا‭ ‬هاتبێ،‭ ‬شاتكه‌‭ ‬نه‌یكردووه‌ته‌‭ ‬سینه‌ما‭! ‬به‌ڵام‭( ‬شاتكه‌‭)‬ی‭ ‬رووت‭ ‬و‭ ‬بێ‭( ‬شێت‭)‬ی‭ ‬لا‭ ‬ئاسایی‭ ‬بوو،‭ ‬له‌‭ ‬هه‌مووی‭ ‬خۆشتر‭ ‬یه‌ك‭ ‬كه‌س‭ ‬هه‌بوو‭ ‬به‌‭ (‬شاتكه‌‭ ‬شێت‭) ‬ناوی‭ ‬دێنا،‭ ‬ئه‌ویش‭ ‬خۆی‭ ‬بوو‭!..‬

ئێ‭ ‬مه‌ته‌ڵه‌كه‌‭ ‬به‌‭ ‬كه‌س‭ ‬هه‌ڵنه‌ده‌هات،‭ ‬هه‌بوو‭ ‬ده‌یگوته‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭:‬

‭ ‬قسه‌كه‌ت‭ ‬راسته‌،‭ ‬به‌ڵام‭ ‬له‌‭ ‬خه‌ون،‭ ‬وا‭ ‬نییە‌؟

هه‌وری‭ ‬لاری‭ ‬سوێندی‭ ‬به‌‭ ‬ئاگر‭ ‬و‭ ‬قورئان‭ ‬ده‌خوارد،‭ ‬كه‌‭ ‬خه‌ون‭ ‬نه‌بووه‌‭ ‬و‭ ‬راستی‭..‬

هه‌بوو‭ ‬ده‌یگوته‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭:‬

خه‌ون‭ ‬نه‌بووه‌،‭ ‬به‌ڵام‭ ‬خه‌یاڵ‭ ‬بوو،‭ ‬به‌‭ ‬خه‌یاڵ‭ ‬هێناوتته‌‭ ‬به‌ر‭ ‬ده‌مت‭ ‬و‭ ‬كه‌ف‭ ‬و‭ ‬كوڵی‭ ‬خۆتت‭ ‬پێهه‌ڵڕشتووه‌،‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭: ‬سوێندی‭ ‬به‌‭ ‬نان‭ ‬و‭ ‬خوا‭ ‬ده‌خوارد،‭ ‬كه‌‭ ‬نه‌‭ ‬خه‌ون‭ ‬بووه‌‭ ‬و‭ ‬نه‌‭ ‬خه‌یاڵ،‭ ‬راسته‌‭ ‬و‭ ‬راست‭..‬

‭ ‬مه‌ته‌ڵ‭ ‬قورسه‌‭ ‬و‭ ‬به‌‭ ‬كه‌س‭ ‬هه‌ڵنایه‌،‭ ‬ئه‌گه‌ر‭ ‬پلكه‌‭ ‬شایه‌ر‭ ‬هه‌ڵینه‌هێنابا،‭ ‬ئێستاش‭ ‬كه‌س‭ ‬بیری‭ ‬بۆ‭ ‬ئاشه‌كه‌‭ ‬نه‌ده‌چوو،‭ ‬ئاشی‭ ‬به‌لاشاوه‌‭ ‬له‌‭ ‬هه‌موو‭ ‬ئاشان‭ ‬به‌‭ ‬هاڕه‌هاڕتر،‭ ‬ئاشه‌كه‌ی‭ ‬مام‭ ‬عه‌باس‭ ‬ئه‌وه‌ی‭ ‬سه‌ر‭ ‬شه‌ستمه‌تری‭  ‬رێزی‭ ‬كۆشكی‭ ‬باكوور‭ ‬له‌‭ ‬چاو‭ ‬ئاشه‌كه‌ی‭ ‬به‌لاشاوه‌‭ ‬له‌‭ ‬ناو‭ ‬پۆل‭ ‬ده‌چوو،‭ ‬له‌‭ ‬ناو‭ ‬ئاشی‭ ‬به‌لاشاوه‌‭ ‬زار‭ ‬به‌‭ ‬گوێی‭ ‬مشكه‌وه‌‭ ‬بنێ‭ ‬و‭ ‬به‌‭ ‬قوڕگی‭ ‬نێره‌كه‌ر‭ ‬هاوار‭ ‬بكه‌،‭ ‬ده‌نگت‭ ‬ناگات‭ ‬و‭ ‬نابیستێت،‭ ‬بزانه‌‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬چه‌ند‭ ‬زانایه‌،‭ ‬له‌‭ ‬ناو‭ ‬ئاشێ‭ ‬و‭ ‬له‌‭ ‬ته‌نیشت‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێتێ‭ ‬جوێنی‭ ‬دنیای‭ ‬پێداوه‌‭ ‬و‭ ‬شاتكه‌ش‭ ‬مته‌قی‭ ‬نه‌كردووه‌،‭ ‬هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬له‌و‭ ‬رۆژه‌وه‌ی‭ ‬شاتكه‌‭ ‬شێتی‭ ‬پڕ‭ ‬جوێن‭ ‬كردبوو،‭ ‬دڵی‭ ‬داكه‌وتبوو،‭ ‬ده‌یگوت‭: ‬ئۆخه‌ی‭ ‬نه‌مردم‭ ‬له‌‭ ‬نزیكه‌وه‌‭ ‬ئه‌وه‌ی‭ ‬له‌‭ ‬دڵم‭ ‬بوو‭ ‬پێم‭ ‬هه‌ڵڕشت

هه‌وری‭ ‬لار‭ ‬ئه‌وه‌شی‭ ‬گوتبوو‭:‬

به‌‭ ‬قوربانتان‭ ‬بم،‭ ‬با‭ ‬ئه‌و‭ ‬قسه‌یه‌‭ ‬نه‌گاته‌وه‌‭ ‬شاتكه‌،‭ ‬ده‌نا‭ ‬به‌‭ ‬تیتك‭ ‬رامده‌كێشێ‭ ‬و‭ ‬هه‌ڵمده‌داته‌‭ ‬سه‌ر‭ ‬كه‌ژیی‭ ‬ئاشێ‭..‬