هه‌ده‌په‌ و په‌كه‌كه‌ چی ده‌ڵێن له‌ باره‌ی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌وه‌؟

دیدی په‌كه‌كه‌ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی روون و ئاشكرایه‌، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجیان دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو خه‌باتی په‌كه‌كه‌ و هه‌ده‌په‌ و یه‌په‌گه‌ بۆ درستبوونی كانتۆنه‌، ئه‌مه‌شیان له‌ رێگه‌ی میدیاكان و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا ئاشكرا كردوه‌.
كاتێك كه‌سایه‌تی سیاسی به‌ناوبانگی په‌كه‌كه‌ (خه‌تیب دیجله‌) له‌ زیندان هاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ ئاشكرا گوتی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ لای ئێمه‌وه‌ بۆ زبڵخانه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌ بۆچوونی ئۆجه‌لانیش كرد، كه‌ به‌ ئاشكرا له‌ كتێبه‌ تازه‌كه‌یدا زیاتر تیشكی كردوه‌ته‌ سه‌ر كانتۆن و، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌.
هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ (سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش) له‌ هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یراندا به‌ ئاشكرا گوتی ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردیمان ناوێت له‌ناو توركیادا، یاخود هه‌وڵ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ناده‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی رایگشتی توركیایش بڕوای پێبكه‌ن، به‌ ده‌نگی به‌رز گوتی هه‌ده‌په‌ پارتێكی توركیاییه‌ نه‌ك كوردی. ئه‌و گوتی وا سه‌یری ئێمه‌ مه‌كه‌ن كه‌ پارتێكی كوردین، ئێمه‌ پارتێكی توركیایین و رێز له‌ یه‌كپارچه‌یی توركیا ده‌گرین، وا بزانم په‌یامه‌كه‌ی روونه‌.
رۆژنامه‌نووس (محه‌ممه‌د ئاكسه‌كال) ده‌ڵێت خه‌تیب دیجله‌ گوته‌یه‌كی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "كورد ئه‌گه‌ر تێر بێت، یان مرۆڤێك ده‌كوژێت، یان ژنی دووه‌م ده‌هێنێت" من بۆ خۆم ئه‌م گوته‌یه‌ی دیجله‌م گوێ لێ نه‌بوه‌، به‌ڵام ئاكسه‌كاڵ ده‌ڵێت ده‌توانن له‌ یوتوب بیبینن و ئه‌گه‌ر پێویست بكات من بۆ كه‌ناڵه‌كانی ده‌نێرم.
ئاكسه‌كال ئه‌و گوته‌یه‌ی دیجله‌ی به‌و مه‌به‌سته‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ تاكه‌ كه‌سێك كه‌ هه‌وڵ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بدات (مه‌سعوود بارزانی)ـیه‌، بۆیه‌ دیجله‌ وه‌كو توانجێك ئه‌و گوته‌یه‌ی بۆ بارزانی به‌كارهێناوه‌ به‌كارهێناوه‌.
ئێستا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ده‌په‌ بپرسیت ئامانجی په‌كه‌كه‌ چییه‌ له‌ هه‌ڵگه‌ندنی خه‌نده‌ق؟ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامێكی روونت ناداته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌زانن كه‌ په‌كه‌كه‌ مه‌به‌ستی له‌ دروستكرنی خه‌نده‌ق كانتۆنه‌ نه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردی.
ئێستا زیاتر له‌ 5 هه‌زار هه‌رزه‌كار كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵییه‌وه‌یه‌، له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون به‌وه‌ی هه‌موو خه‌باتێكی په‌كه‌كه‌ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردییه‌. هه‌روه‌كو ده‌زانین ئێستا ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوور به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یكات، ئه‌و توێژه‌ن واته‌ ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ كه‌ ژماره‌یان رۆژ به‌ رۆژ له‌ زیادبوونه‌.
ئاكسه‌كال ده‌ڵێت له‌ سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ زانیومه‌، كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ی گوتوه‌، ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت باكوور وێران بكات و، كورد له‌ناو ببات، بۆیه‌ ئێستا كوردستان پێویستی به‌ ئێوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌ ده‌ستی توركیا رزگار بكه‌ین و پاشان ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نین. ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌یش هه‌موو خه‌باتێكیان بۆ ده‌وڵه‌تی كوردییه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئامانجی په‌كه‌كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی كوردی نییه‌، به‌ڵكو هه‌روه‌كو چۆن له‌ رۆژئاوا له‌ رێگه‌ی كانتۆنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان په‌یدا كردوه‌، له‌ باكووریش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌وڵی كانتۆن ده‌ده‌ن، له‌ راستیدا كانتۆنیان دروست كردوه‌، وه‌لێ ده‌وڵه‌تی توركیا رێگرییه‌كی سه‌ختیان لێ ده‌كات.
سه‌رۆكی هۆدا پار (زه‌كه‌ریا یاپئۆغلو) له‌ دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سی ئێن ئێنی توركیدا، ئاماژه‌ی دا كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌وڵی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌دات و، به‌ ئاشكرایش هه‌وڵی بۆ ده‌دات (مه‌سعوود بارزانی)ـیه‌، په‌كه‌كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌ستی له‌و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵگرتوه‌.
كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی له‌ باكوور و باشوور كه‌وتونه‌ته‌ دوای په‌كه‌كه‌ به‌و ئامانجه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانیان بۆ دروست ده‌كات، هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون چونكه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ كردار سه‌لماندویه‌تی ده‌وڵه‌تی كوردستانی ناوێت. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێت ئه‌وانه‌ی تامه‌زرۆی ده‌وڵه‌تی كوردین، پێویسته‌ بكه‌ونه‌ دوای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ( مه‌سعوود بارزانی)، چونكه‌ ئه‌و به‌ ده‌نگی به‌رز داوای ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات.