سەری ھارومار.. خەمەکانی بەیان و خەلۆ

"وازم لە سەمونخانە ھێنا و حەیدەری کارێکی تازەی بۆ دۆزیمەوە"

وێڵ و سەرگەردان، بە جادە و کۆڵاناندا دەسووڕامەوە، ھیچ ئومێدێکم بە ژیان و پاشەڕۆژ نەمابوو، دەیان بیرۆکەی سەیر بە مێشکمدا دەھاتن، لە ھەمووان سەیرتر ئەوە بوو حەزم دەکرد سەری خۆم ھەڵگرم، خۆم بگەینمە رەشماڵی ماڵە رەوەندان، پێیان بڵێم: ”لەگەڵ ئێوە گەرمیان و کوێستان دەکەم، بە خۆڕایی دەرس بە منداڵەکانتان دەڵێم، تەنیا سێ ژەمە نانم بدەنێ“، بەڵام دوایی بە خۆم دەگوت (لەم رۆژگارە تووشەدا، کە داروبەرد بووەتە رەبایە و سەرباز، چۆن دەگەمە بنگەی ماڵە رەوەندان).


شەوان زۆر درەنگ دەنووستم، خەریکی خوێندنەوە و نووسین بووم، چێشتەنگاوێکی درەنگ بە خەبەر دەھاتم، لە بازاڕ چێشتم دەخوارد، دەچوومە کتێبخانەی گشتی، تا بەرەبەری نیوەڕۆ دەمخوێندەوە و دەگەڕامەوە ماڵ، دوای فراڤین دەبووایە سەرخەوێک بشکێنم، ئەو خەوەی نیوەڕوان ئەگەر بۆ پێنج دەقیقەش بێت، ھەر دەبێت بنووم، دوای فراڤین لە شوێنی خۆم پەلەواژ دەبمەوە.


پاش عەسر دەھاتمە بازاڕ، رووم لە چایەخانەی مەچکۆ دەکرد، لەگەڵ برادەران چاوەنواڕی مەحموود زامدارمان دەکرد، پاش مەغریب روومان لە یانەیەک دەکرد و کۆڕ گەرم دەبوو، ئازاد مەولوودی ھونەرمەند ئەو کاتە لە سەمونخانەکەی قادری برای کاری دەکرد، سەمونخانەکە کەوتبووە تەنیشت بانکی رافیدەین، ئەو شەوە پێی گوتم:
ــ وەرە لەگەڵ من لە سەمونخانە کار بکە.


گوتم:
ــ ئاخر ھیچ لەو کارە نازانم.
گوتی:
ــ تەنیا سەموون بفرۆشە.
مەحموود زامدار، کە گوێی لەو قسانەی نێوانمان بوو، گوتی:
ــ ئێ دەئەوەش تەجروبەیە، ئینجا شیعری پرۆلیتاری بنووسە.


سەعات چواری سەرلەبەیانی بە خەبەر دەھاتم، دەچوومە شوێنی کارەکەم و دەستم بە سەمون فرۆشتن دەکرد، سەعات ھەشت لەگەڵ ئازاد چێشتمان دەخوارد، سەعات دوازدەی نیوەڕۆ کاری من تەواو دەبوو، رۆژانەم سێ دینار و دە سەموون بوو، دەچوومە ماڵەوە تا بەرەبەری عەسر دەنووستم.
مام قادری خاوەن سەمونخانە، کە برای ئازاد مەولوود بوو، تاکە عەیبی ئەوە بوو زوو ھەڵدەچوو، دەبوایە کەس قسەی لەگەڵدا نەکات و لە شوێنی خۆی ھێور دەبۆوە، گاڵتەی بە ھونەر و شانۆ و شیعر دەھات، جارجار پەلاری لە من و ئازاد دەگرت و دەیگوت:
ــ تەڕەسان، ھەزار تەمسیل و مەمسیل ناگەنە سەمونێکی سووتاو.


ئەگەر قەرەباڵغی دروست ببا، مام قادر سڕەی رێک دەخست، نەدەبوایە کەس نۆرەبڕی بکات، یەکێک بیویستاییە رێزەکە تێکبدات، پەلی دەگرت و دەری دەکرد، چەندان جار خزم و برادەرانی خۆی لەسەر نۆرەی سەمون دڵگیر دەکرد.


شێت و بێ دەرتانەکان، پێشی خەڵک و دوای بانگی سبەینی دەھاتنە بەردەمی سەمونخانەکە، مام قادر زۆر یارمەتیی دەدان و بەخۆڕایی سەمونی دەدانێ، یەکێک لەوانە ناوی (خەلۆ) بوو، چلەی زستان لەناو قەیسەری و لە پەنایەک، بەبێ لێفە دەنووست، ھەرکە دەرگای سەمونخانە دەکرایەوە دەھات، مام قادر دەیھێنایە ژوورەوە گەرمی دەکردەوە، لەفەی پەنیر و ھێلکەی بۆ دەکرد، خەلۆ بە ر ِادەیەک عەقلی لەدەست دابوو نەیدەزانی وا لە شار دەژی، ھەر وای دەزانی لە گوندەکەی خۆیانە و جارجار ھاواری دەکرد: ــ گاڕان رۆیی، گاڕان ھەرەتە بوو.
مام قادریش وەرامی دەدایەوە:


ــ ھەی دۆشاو بە گونت خەلۆ، کوا گاڕان.
خەلۆش دەیگوت:
ــ وا لە ھەنداو زوورگییە!
خەڵکی بازاڕ، سەریان لەوە سوورمابوو، کە چۆن بەو شەختەیە خەلۆ رەق نابێتەوە، بەتانی و لێفەیان بۆ دەینا کەچی فڕێی دەدا، خێرومەندێک لەناو مزگەوت شوێنێکی بۆ رێک خست، کەچی خەلۆ بە ڕاکردن ھاتە ناو قەیسەری و ھاواری کرد:
گاڕان ڕۆیی، گاڕان ھەرەتە بوو.
نۆبەتدار و پاسەوانانی ناو قەیسەری شەوان ئاگریان دەکردەوە و چایان لێ دەنا، خەلۆیان بانگ دەکرد، دەیان ویست خۆی گەرم بکاتەوە، بە پەلە چایەکی فڕدەکرد ھاواری دەکرد:


ــ ئاچمۆ، گاڕان رۆیی، گاڕان ھەرەتە بوو.
پۆلیسی نەجدە و مەفرەزەی ھاوبەش، بەتایبەتی عەرەبەکان شارەزای خەلۆ بووبوون، جارجار ئەمنێکی عەرەب پێی دەگوت:
خەلۆ...گاڕان...گاڕان.


(بەیان) یەکێک بوو لەو ژنانەی، کە ئەقڵی لەدەست دابوو، تا بڵێی شۆخ و شەنگ بوو، زۆر سبەینان دەھاتە بەردەمی سەمونخانە، لە دوو سەموون زیاتری نەدەویست، جارجار پێ دەکەنی و لەناکاو لە پڕمەی گریانی دەدا، بەیان، زۆر رقی لە لافیتە بوو، ھەر دنیا تاریک دادەھات دەستی دەکرد بە لافیتە دڕاندن، مەراقم بوو بزانم ئەو ژنە بۆ وا کەوتۆتە سەر جادە، کەسوکاری چۆن دڵیان دێت ئەو شۆخە بەڕەڵڵا بکەن، ھەندێک دەیانگوت لە رقی مێردەکەی، وای لێھاتووە.


سبەینەیەک بەیان ھاتە بەردەمی سەمونخانە، لافیتەیەکی رەشی کردبوو بە سەرپۆش و یەکێکی سپیشی لە خۆی لوول دابوو، دوو سەمونم دایە دەستی و گوتی:


ــ حەزم لە چایە.
شاگردەکان بەردەوام چایان لەسەر ئاگر بوو، چایەکم بۆ تێ کرد، لە دەرگای پشتەوە ھاتە ناو سەمونخانە و لەسەر فەردە ئاردەکان دانیشت، شاگردێک وێنەی منداڵێکی (کە لام وایە ریکلام بوو بۆ شیری نیدۆ) ھەڵواسیبوو، بەیان فڕێکی لە چایەکە دا و ھەڵسایە سەر پێ و بەرامبەر وێنەکە راوەستا، لەبەرەخۆیەوە چەند ورتەیەکی لێوە ھات و پاشان ھۆن ھۆن فرمێسکی ھاتە خوارەوە، پێم گوت:
ــ چایەکەت بخۆرەوە، مەگری.
وەرامی دامەوە:


ــ کوڕە کوو نەگریێم، کوو؟
کە بەیان چووە دەرەوە، وێنەی منداڵەکەم لە دیوار کردەوە، رۆژی پاشتر ھاتەوە، دوو سەمونەکەی وەرگرت و چاوێکی گێڕا، دڵنیابووم، کە بە دوای وێنەی منداڵەکەدا دەگەڕا، دەموچاوی گرژ کرد و گوتی:
ــ وەی دایە، چوویتە گەمان.


نزیکەی دوو مانگ لەو سەمونخانەیەدا کارم کرد، لە پڕ ھەستم بە بێزاری کرد، ئەگەرچی رۆژانەکەم بەشی جگەرە و وردە مەسرووفاتی دەکرد، بەڵام لە رووی جەستەییەوە ھەستم دەکرد زۆر ھیلاکم، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە ئیش و کار توانای بیرکردنەوە و خوێندن و نووسین لای مرۆڤ دەکوژێت، رۆژێک بە ئامادەبوونی مام قادر گوتم:
ــ سوپاستان دەکەم، چیتر ناتوانم کار بکەم.


مام قادر، بەدەم پێچانەوەی جەمەدانیەکەی زەردەخەنەیەکی تەڵخی ھاتێ و گوتی:


ــ وەڵڵا بابە، ھەینی تەڕ کاسبی کرد، کوڕم ئەوە ئیشە، جەریدە و تەمسیل نییە، قوونم دەوێ کوزری بکوتێ.
لە سەمونخانەکە ھاتمە دەرەوە و ھەستم کرد تەواو ئازاد بووم، لای کتێبخانەی خۆماڵی، تووشی کاک مومتاز حەیدەری بووم، حار و مەسەلەی کارکردنم لە سەمونخانە بۆ گێرایەوە، گوتی:


ــ ئەو ئیشانە بە تۆ ناکرێت، بەڵام ئیشێک ھەیە، کە پسپۆڕیی خۆتە، ئەگەر بیکەیت پارەیەکی باشت دەدەنێ.
گوتم:
ــ ئیشەکە چییە؟


ــ دکتۆر عەبدولرەحمان سولێمان، کتێبێکی ھەزار لاپەڕەیی دەربارەی نەخۆشییەکانی پێست نووسیوە، ئەگەر بۆی پاکنووس بکەیت، دەسھەقێکی باشت دەداتێ.


کتێبەکەم لە دکتۆر عەبدولرەحمان وەرگرت، دەستم بە پاکنووس کرد، مانگی ٧٠ ـ ٨٠ دیناری دەدامێ.