ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی بە نێوەندگیریی میسر، ئاگربەستی نێوانیان جێبەجێ دەکەن.
لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، بزووتنەوەی جیهاد لە غەززەوە بە چەندین مووشەک، ناوچەکانی باشووری ئیسرائیلی تۆپباران کرد و دواتریش ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، چەندین هێرشی کردە سەر کەرتی غەززەی فەلەستین.
لەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل سەرکردەیەکی باڵی چەکداریی بزووتنەوەی جیهادی فەلەستینی بە ناوی بەها ئەبو عەتا و هاوسەرەکەی، کوشت.
دوای توندبوونی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بزووتنەوەی جیهاد لەڕێی میسرەوە داوای راگرتنی هێرشەکانی کرد و لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست، رێک کەوتن.
ئەگربەستەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-11-2019ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن و هەردوولا هێرشەکانیان راگرت.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، 32 کەس لە غەززە گیانیان لەدەست دا.