بەهۆی ئەوەی سەرۆكی باكووری قوبرس هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا دەربڕیوە و ئەو هەڵوێستەشی بە دڵی توركیا نەبووە، بۆیە داوا دەكرێت لەناو پەرلەمانی توركیاوە هەوڵ بۆ لابردنی بدرێت.
مستەفا ئاكنجی، سەرۆكی باكووری قوبرس كە بە (قوبرسی توركیا) ناسراوە، ٢ رۆژ بەرلە ئێستا لە پێگەی خۆی لە تویتەر دژایەتیی خۆی بۆ شەڕ دەربڕی و ئاماژەی دا كە ئۆپەراسیۆنی (كانی ئاشتی) هیچ پەیوەندییەكی بە ئاشتییەوە نییە، بەڵكوو شەڕە و لە شەڕیشدا خوێن دەرژێت نەك ئاو. ئەو داوای كرد توركیا و كورد لەڕێگەی دیالۆگەوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، نەك شەڕ.
ئەم هەڵوێستەی ئاكنجی زۆربەی بەرپرسانی حكوومەتی توركیا و ئاكەپەی هێنایە دەنگ و بە توندترین شێوە وەڵامیان دایەوە.
محەممەد مەتینەر ئەندام پەرلەمانی ئەكەپە و ئەندامی سەركردایەتی ئەو پارتە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی (CNN)ی توركی، داوای كرد بە پەلە پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و دادگایی بكرێت.
مەتینەر هێرشی توندی كردە سەر ئاكنجی و بە بێ رەوشت ناوی برد، هەروەها ئاشكرای كرد كە لەناو پەرلەمانی توركیا ئۆپۆزسیۆنیش لەگەڵ ئەوە دایە ئاكنجی لە پۆستی سەرۆكایەتی لا بدرێت.
بە بۆچوونی هەندێك سیاسی و شرۆڤەكاری توركیا، ئاكنجی ویستوویەتی ئەو پەیامە بداتە توركیا، كە ئەوانیش وەكو قوبرس دەیانەوێت لەگەڵ (رومەكان) كە كە قوبرسی یۆنانە گفتوگۆ بكەن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئیدی توركیا چاودێرییان نەكات.
جەهەپە لە رێگەی چەند سەركردەیەكییەوە دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەڵوێستەی ئاكنجی دەربڕی و بە توندی هێرشیان كردە سەر، ئەمەش دەریدەخات كە ئەگەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئاكنجی لەناو پەرلەمانی توركیا بخرێتە دەنگدانەوە، ئاكنجی دادگایی دەكرێت و ئەگەر زۆرە زیندانیش بكرێت.