ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و هەواڵگریییەکانی بەریتانیا زانایەکی ئەتۆميی ئێرانییان لەڕێگەی قاچاخەوە بەرەو ئەمریکا دەرباز کردووە.
چەند سەرچاوەیەکی بەریتانی ئاشکرایان کردووە، دەزگای "مۆساد"ی ئیسرائیلی، بە قاچاخ زانایەکی ئەتۆميی ئێرانييان لە ئێرانەوە لەڕێگەی تورکیاوە بەرەو بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا(CIA) و دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (MI6) دەرباز کردووە.
رۆژنامەی "سەندهی ئێکسپرێس"ی بەریتانی لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم زانا ئێرانییە کە تەمەنی 47 ساڵە سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران زانیاریی پێیە، هەروەها دەستی هەبووە لە كوشتنى زانایەکی ئەتۆمی ئێرانی دیکە بەناوی مستەفا ئەحمەد رۆشان، کە لەساڵی 2012 لەڕێگەی تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلەکەیەوە كوژرا.
رۆژنامەکە ئەوەشی زیاد کردووە، پلانی دەربازکردنی ئەو زانایە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا ئەنجام دراوە، ئەویش به پشتبەستن بە کێشەی پەنابەران، ئەو زانایە لەگەڵ 12 پەنابەری دیکەی ئێرانی به بەلەمێکی چوپی بەرەو تورکیا و پاشان بۆ فەرەنسا و لەوێوە بەرەو بەریتانیا بەقاچاخ دەرباز کراوە.
رۆژنامەکە ئاشکرای کرد، ئەو زانایە پێش ئەوەی به فڕۆکە بگوازرێتەوە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی بەریتانیاوە لە لەندەن لێكۆڵينهوهى لەگەڵ کراوە.