سەرکردەیەکی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە دەیان ملیۆن دۆلاری عێراق بۆ میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی و رژێمی سووریا دەنێردرێت.
میسال ئالوسی، سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقی و پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە بە کەناڵی (ئەلبەغدادییە)ی راگەیاندووە، سوپای پاسدارانی ئێران ”رێکخراوێکی تیرۆریستیی پلە یەکە، هیچ خێرێکی بۆ عێراق پێ نییە و رەنگە بەهۆی ئەو لێدوانەشەمەوە ژیانم بکەوێتە بەر مەترسی“.
میسال ئالوسی پێیوایە ئەو ”تیرۆریست“انەی راوچییە قەتەرییەکانیان رفاندبوو سەر بە ویلایەتی فەقیهی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سوپای پاسداران دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەر دەدات و رەخنەش لە لێدوانی بەرسپرانی عێراق دەگرێت، کە فەرماندە ئێرانییەکان بە دۆستی عێراق دەزانن و رایدەگەیەنێت، ”ئەوان دۆستی ئێوەن نەک عێراق“.
میسال ئالوسی ئاماژەی بەوە کردووە، کە میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی و رژێمی سووریا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەدار دەکرێن و ”چەندین ملیۆن دۆلاریان بۆ دەنێردرێت“، بۆ بەردەوامبوونیان لە شەڕی دژی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا.
ئالوسی پێشیوایە سعـودیە و قەتەریش چەندین ملیۆن دۆلار بۆ ئەو کەسانە لە عێراق دەنێرن، کە بەشێکن لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کار بۆ ناسەقامگیریی لەو وڵاتە دەکەن.