بەپێی زانیاریی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری (ئەیوان)ی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە خۆپێشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لاوێکی خەڵکی شاری ئەیوان بە ناوی "سەجاد ئیسماعیلی" کوڕی ئایەتوڵڵا لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست داوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەجاد ئیسماعیلی لە خۆپێشاندانەکانی شاری ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستگیر کرابوو.
بەپێی هەمان سەرچاوە: "ڕۆژی یەکشەممە 2019.12.1 تەرمی سەجاد ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەڕەشەیان لێکراوە کە نابێت ئەو هەواڵە میدیایی بکرێتەوە. ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی سەجادیان گوتوو دەبێ لای خەڵک بڵێن کوڕەکەمان خۆی کوشتووە".