پارێزەری سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لە نووسینێكدا بۆ رای گشتی توركیا، باسی لە خراپیی رەوشی تەندروستی سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان دەکات و دەڵێت سەرەڕای خراپیی رەوشی تەندروستی، بەڵام رێگەیان نەداوە بنێردرێتە نەخۆشخانە.
ئایگول دەمیرتاش، خوشكی سەلاحەدین دەمیرتاش و پارێزەری تایبەتیی سەلاحەدین دەمیرتاش، لە پێگەی خۆی لە تویتەر چەند زانیارییەكی لەسەر رەوشی تەندروستیی دەمیرتاش خستە ڕوو.
ئایگول ئاشكرای دەكات، لە ٢٦ی١١ی٢٠١٩ و لە سەعات ٥:٣٠ دا، دەمیرتاش سینگی ژان دەكات و ناتوانێت بە جوانی هەناسە بدات، بۆیە بیركردنەوەشی لاواز بووە.
ئەو دەنووسێت: "بۆ ماوەیەكی زۆر دەمیرتاش نەیتوانیوە بە جوانی هەناسە بدات و بیر بكاتەوە، بۆیە یەكەم كەس كە هاوكاریی كردوە عەبدوڵا زەیدانی هاوڕێی بووە لە زیندان. لە زیندان بە هیچ شێوەیەك گرنگیان پێی نەداوە و تەنیا پزیشكیان بانگ كردووە تا چارەسەری بكات، بەڵام خراپیی رەوشی دەمیرتاش پێویستی بە بردنیەتی بۆ نەخۆشخانە".
ئایگول لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا، دەڵێت داوامان لە ئیدارەی زیندان كردووە بە پەلە بیبەنە نەخۆشخانە، بەڵام ٧ رۆژ بەسەر ئەو نەخۆشیەیدا تێپەڕیوە، كەچی نەبراوەتە نەخۆشخانە و هەر لە زیندان ماوەتەوە.
باس لەوەش دەكات كە ژیانی دەمیرتاش لە مەترسییە، چونكە ناتوانێت بیر بكاتەوە و هەناسەش بە جوانی نادات، ئیدارەی زیندانیش ئەمە دەزانن، بۆیە مەبەستیان نییە بیبەنە نەخۆشخانە و چارەسەری باشی بۆ وەربگیرێت.