بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات کە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە، ئێستا کارکردن لەسەر یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و کارەکە دراوە بە جێگرای سەرۆکی هەرێم.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند:ْ"هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ھەرێم یەکەم دانیشتنی پەیوەست بە ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد، ھەربۆیە ئەم بابەتە دراوە بە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و لیژنەیەکش دروست بووە، کە کاری ئەو لیژنەیە چاکسازیی زیاتر دەربارەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پیشمەرگە و دانانی ھێزێکی نیشتمانییە، بۆیە کۆبوونەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن".
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، لیژنەکە لە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ پێکھێنراوە و سەرۆکی ھەرێم، خۆی سەرپەرشتیی لیژنەکە دەکات.
لیوا بابەکر فەقێ ڕاشیگەیاند: "ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرا، ئەم بەڕێوەبەرایەتییەش زیاتر بۆ چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراو و،ھاوکات ھەوڵێکیش بوو بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەم پرۆژەیەش لە لایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئامانجیشیان یەکگرتنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ یە".