پەرلەمانتارێکی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرای کرد رەشنووسی بودجەی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی بخرێتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراقەوە.
شێروان میرزا پەرلەمانتاری عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند دەبوو پێش کۆتایی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی ناردبایە پەرلەمان بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر بڕگەکانی کرابا، بەڵام بە ھۆی خۆپێشاندانەکانەوە کارەکان دواکەوتوون و تا ئێستە بۆیان نەنێردراوە.
گوتیشی بە پێی زانیارییەکانیان، رەشنووسی بودجەی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی جێگەی لەناو پڕۆژە یاساکە بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی پڕۆژەکەیان نەگەیشتووەتە دەست، نازانن ناوەڕۆک و داواکاری و بڕی بودجەی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان چەندە.
شێروان میرزا باسی لەوەش کرد كە ئەو بەڵێنانەی بە خۆپێشاندەران دراوە دەبێت بودجەیان بۆ دابین بکرێت ئەوەش دەبێت لەناو پڕۆژ یاسای بودجە جێگەی بۆ بکرێتەوە، بۆیە لەوانەیە ئەوەش ھۆکارێکی دواکەوتنی ناردنی پڕۆژە یاساکە بێت بۆ پەرلەمان.
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق باسی ئەوەشی کردووە ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە پەسندیش نەکرێت ئەوا بودجەکە لەسەر پێوەری بودجەی ٢٠١٩وە ڕێک دەخرێتەوە بەوەش کورد بە ھەمان بڕی ئەمساڵ مانگانە پارەی بۆ دەنێردرێت.