کچێکی خەڵکی بۆکان لە خۆپێشاندانەکانی دوێنێ لەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ یەکشەممە ١٧ی ١١ی ٢٠١٩ هێزەکانی سوپای پاسداران لە شاری بۆکان خەڵکی ناڕازییان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا ٥ خۆپێشاندەر گیانیان لە دەست داوە کە یەکیان کچێکە.
بەپێی هەمان سەرچاوە کە لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، کچێک بە ناوی "شلێر دادوەند" گیانی لە دەست داوە.
ناسنامەی دوو کەسی دیکە لە گیانبەختکردوانی بۆکان بریتین "هیوا و ئیدریس".
ئەمڕۆ خەڵکی بۆکان هاتوونەتە سەرشەقام و بەپێی هێزە ئەمنییەکان لە چەند شوێنەوە تەقە لە خەڵک دەکەن.
بەپێی دوایین ئامار و داتاکان تاکوو ئێستا ژمارەی کوژروانی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووەتە 35 کەس
زۆربەی کوژراوەکان لە شارەکانی (جوانڕۆ، کرماشان، مەریوان، سنە و بۆکان) بوون و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون و خەڵکێکی زۆریش دەستگیر کراون.
بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران ئاماری ڕاستەقینەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زیاتر بێت.
بەپێی زانیارییەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی شیراز، تاران و تەورێز بەردەوامە و ئێستاش دۆخی شاری بۆکان و کرماشان ئاڵۆزە و شەڕ و پێکدادکان لە نیوان خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران بەردەوامە.
ماوەی سێ ڕۆژە بەهۆی گرانبوونی بەهای بەنزین لە سەتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دەستی پێکردووە و هەتا دێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتر دەبن و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕاستەوخۆ دەستڕێژ لە خەڵک دەکەن.