بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئیدارەی ڕاپەڕین ئاشکرای دەکات،ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان بە شێوازی مۆدێرن لە سنوورەکە دەچنە باری جێبەجێکردنەوە.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئیدارەی ڕاپەڕین بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە وەکو پێویست گرنگی بە ڕێگاوبانەکان بدات و نۆژەنیان بکاتەوە ئەمەش وایکردووە ساڵ بە ساڵ ڕێگا و بانەکان زیاتر تێک بچن، بەڵام خۆشبەختانە ،دوو ساڵە کۆتایی بە قەیرانی دارایی هاتووە و هەڵمەتێکی باشی نۆژەنکردنەوەی ڕێگا و بانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە".
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێک پارەی تەرخان کردووە بۆ چەندین پڕۆژەی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری کە لەم پڕۆژانەش 4 پڕۆژەیان دەکەونە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین".
ڕاشیگەیاند: "پڕۆژەکان پێکهاتوون لە هەریەک لە پڕۆژەی ڕێگای نێوان دووکان- چوارقورنە، سەروچاوە- بالیسان و ڕانیە-دەربەند و چاککردنەوەی هەردوو پردەکانی سەنگەسەر و ژاراوە، کە ئەمانە لەو پڕۆژانەن کە لە هەڵمەتی ئەمجارەدا توانراوە نۆژەن بکرێنەوە، کە ئەمەش بریتی دەبێت لە قۆناخی یەکەمی نۆژەنکردنەوە و قۆناغی دووەمیش نۆژەنکردنەوەی هەموو ڕێگا خراپەکان دەبێت".