لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سیمیناری هۆشیاری هاتوچۆ لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵەوە دەگوترێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/11/2019، شێرزاد محەمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ساڵانە ئەو سمینارانەی كە دەربارەی هۆشیاریی هاتوچۆیە لە سنوری چەمچەماڵ و بۆ قوتابیانی قوتابخانەكانی سنوورەكە هەمان بووە و ئەمساڵیش دەستمان پێكردووە و وانە دەڵێنەوە هەر سەبارەت بە هۆشیاریی هاتوچۆ، بەتایبەت ئەو كاتانەی كە پێش تاقیكردنەوەكانە، ئێستاش خشتەمان بۆ قوتابخانەكان داناوە و دەمانەوێت سەرجەم قوتابخانەكان بگرێتەوە و ئێمە خۆمان دەچینە قوتابخانەكان و لە نزیكەوە رێناماییەكانی هاتوچۆ بە قوتابیان دەڵێینەوە، هەروەها بەیاساكانی هاتوچۆ ئاشنایان دەكەین".
گوتیشی: "بەپێی قۆناخەكانی خوێندن، وانەكان دەڵێینەوە، بۆ نموونە ئەگەر بۆ سەرەتایی بێت، ئەوا ئاگاداریان دەكەینەوە كە نابێت لە لەسەر شەقامی سەرەكی یاری بكە، هەروەها سەر لە جامی ئۆتۆمبێلەوە دەربكەن و هاوكات نابێ لە دوای پیكابەوە سەربكەون و ئیتر بۆ قۆناخی ئامادەییش رێنمایی ئەوەیان دەكەین كە نابێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و زۆر بابەتی دیكە هەر بەپێوەست بە هاتوچۆ دەخرێنە بەرباس".
بەرپرسەكەی بەشی راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ، ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە ئەم كارەمان زانكۆ و پەیمانگاكانیش دەگرێتەوە، لەو ناوەندانەی خوێندنیش زیاتر ئاشنایان دەكەین بە یاساكانی هاتوچۆ و رێزگرگرتن لە كارمەندانی هاتوچۆ و یاساكانی چۆنیەتیی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و زۆر شتی تر دەگوترێتەوە.