بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، هەر ماڵێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، مانگانە بە بڕی سەد هەزار دینار سزا دەدرێت.
سالار عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەر ماڵێك پێوەری ئاوی نەبەستبێت، لەبری وەرگرتنی بڕی 7500 دینار، مانگانە بڕی 100 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت".
هەروەها گوتیشی: "وەرگرتنی بڕی 100 هەزار دیناری مانگانە لەو ماڵانەی پێوەریان نەبەستووە، بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی پابەند دەبێت بە بەستی پێوەرەكەوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "هەر ماڵێك كێشە و گرفتی لە بەستنی پێوەرەكەدا هەیە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەورووبەری گەرمیان، یان فەرمانگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە شار و شارۆچكەكان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكەیان".
ڕوونیشی كردەوە: "لە سەرەتای ساڵی نوێوە كاركردن بە پێوەرەكان دەست پێدەكات".