ئەمڕۆ چوارشەممە 13/11/2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێکی دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاک وخەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە خستە ڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لێژنەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتیی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێک بهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
پاشان خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیهى دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی راپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی 3 و 12 و 16 و 17 لە یاسای فیدراڵی ژمارە 4ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018 و دوا پەرەسەندنەکانی لیژنەی پێکهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە دەستووری عێراق و یەکەمین کۆنووسی لیژنەکە، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەلبژاردنەکانی عێراق کرد.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەک سازشیان لەسەر ناکرێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێک بهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.