لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی بۆ ئاهەنگێکی گەورە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت)، کە بە مەولود ناسراوە، کراوە.
ئامادەکارییەکە لەلایەن پارێزگای هەولێر و دانیشتووانی شار کراوە، کە خۆی لە خاوێنکردنەوەی دیوارەکانی قەڵای هەولێر و شەقامەکانی دەوروبەری دەبینێتەوە، جگە لە رازاندنەوەی دوکان.
بڕیارە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 9-11-2019، لە باغی شار و دەوروبەری قەڵای هەولێر، کەرناڤەاڵێکی گەورەی جەماوەری بەبۆنەی یادی مەولودی پێغەمبەر، بە بەشداریی دەیان هەزار هاووڵاتی، ساز بکرێت.
ساڵانە خەڵکی کوردستان جیاواز لە هەموو جیهانی ئیسلامی، بە جوانترین شێوە یادی مەولود دەکەنەوە و لە بازاڕ و گەڕەکەکان، شیرینی بەسەر یەکتر دابەش دەکەن.
لە کوردستان، مەولود تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، کە تێیدا مەسیحی، کوردانی ئێزدی و هەموو ئاینەکانی دیکە بەشداری دەکەن و پیرۆزبایی لە مسوڵمانان دەکەن.
یادی مەولودی پێغەمبەر لەسەردەمی سوڵتان مزەفەرەدین گۆگبەری (1153- 1232)، حاکمی هەولێر سەری هەڵدا و لەو کاتەوە تا ئێستا، لە هەولێر، کوردستان و جیهانی ئیسلامی، ساڵانە لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕدرێ و وتارەکانی ئەو پێغەمبەرە، زیندوو دەکرێنەوە.