ئەمڕۆ سێشەممە 8-10-2019، شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانی کوردستان و عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.
بەپێ زانیاریەکان، شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک دێت و لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق و دەستەی گشتی ئاماری عێراق، کۆ دەبێتەوە.
ئەم سەردان و کۆبوونەوانە، دەبێتە چوارەمین کۆبوونەوەی ھەولێر و بەغدا، کە ئەمساڵ لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان ئەنجامیان داوە، کە بڕیارە سەرژمێرییەکە لە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێ.
لە کۆبوونەوەکاندا، ھەردوولا گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێری، فۆرم و بودجە و لایەنە تەکنیکییەکانی سەرژمێرییەکە دەکەن.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەزیری پلاندانانی عێراقی راگەیاندبوو، نابێت ئەنجامی سەرژمێری بۆ مەبەستی سیاسی بەکار بهێندرێت و دەبێت پێش ئەنجامدانی سەرژمێری دۆخی ناوچەکوردستانییەکان ئاسایی بکرێتەوە.