دوای ئەوەی دوێنێ ژمارەیەک گەشتیاری هەرێمی كوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا هێرشیان كرایە سەر و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كران، ئەمڕۆ دوای دەركردنی راگەیاندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئازاد كران.
دوێنێ پێنجشەممە ژمارەیەك گەشتیاری كورد بە ئاڵای کوردستان لە شاری ترابزۆن وێنەیان گرت و لەلایەن ژمارەیەک تورکەوە ھێرشیان کرایە سەر، دواتر پۆلیس دەستگیری كردن، ئەمڕۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكەی كرد.
کەسێکی نزیک لە گەشتیارەکان بە (باسنیوز)ی راگەیاند دوای بەیاننامەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی تورکیا گەشتیارەکانی ھەرێمی کوردستانی ئازاد کرد.
بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵگەی ئیبراھیم خەلیل ئاگەدار کراوەتەوە کە ئێوارەی ئەمرۆ گەشتیارەکان دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.
ژمارەی ئەو گەشتیارانەی دەستگیر كرابوون، 9 كەسن و ژنیشیان لەنێودایە.
لە راگەیاندراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتبوو "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن".