ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-4-2019 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەڕال "سێر جۆن لۆریمەر" گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا، کە بە ئامادەبوونی "جۆن ویلکس" باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بەڕێوە چوو، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پاڵپشتییەکانی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی، رۆڵی حکوومەت و راوێژکارانی سەربازيی بەریتانیای لە راهێنان و مەشقکردن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و کارکردنی جددی بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە بە پێویست زانی.
لە بەرامبەردا گەورە راوێژکاری وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانيی جیهانيی لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبێت تا سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر تیرۆریستانەوە، هەروەها ئاماژەی بە بایەخی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق لەو ناوچانە کرد، کە جموجوڵەکانی داعش لە پەرەسەندن دان.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سووریا گفتوگۆیان لەسەر کرا، پەیوەست بەو بابەتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسییانەی رەوشەکە و گەرەنتی ماف و ئاسایشی گشت پێکهاتەکانی سووریا، بەتایبەتی پێکهاتەی گەلی کورد لەو وڵاتەدا کردەوە.