ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سیاسیی ھاوپەیمانیی نیشتمانی لە روونكردنەوەیەكدا دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق كرد لە بەرانبەر بریاری هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، راشیگەیاند بە زووترین كات وەك قەوارەی ھاوپەیمانی نیشتمانی خۆیان لە كۆمسیۆن تۆمار دەكەن.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "ئێمە لە ھاوپەیمانیی نیشتمانی دەستخۆشی لە کۆمیسۆن و ئەو کەسانە دەکەین کە هەستان بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و کۆتاییهێنان بەگرفت و کێشە یاساییەکان. هاوپەیمانیی نیشتمانی لە (٢٠١٨/١١/٩) بە زۆرینەی دەنگی ھاودیدان لە هەولێری پایتەخت بڕیاری دا بە گۆڕینی ناوی "ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی دادپەروەری" بۆ ناوی "ھاوپەیمانیی نیشتمانی"، هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی کرد و سەرۆکێکی نوێی بۆ ھەڵبژارد، ھەر لەو کۆنگرەیەدا بڕیاری بەردەوامبوون لەسەر کار و دیدگای ھاوپەیمانی درا و ھاوپەیمانی رۆیشتە قۆناخێکی نوێ و راستەوخۆ ھەستا بە تۆمارکردنی خۆی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوو بە مێژوو".
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوپهیمانیی نیشتمانی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق خۆی تۆمار دەکات.
هاوپەیمانیی نیشتمانی داوای لەو هاودید و هاوکار و دەنگدەرانەی كردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا چاوەڕێی چارەنووسی ئەو ناوەیان کردووە، دەتوانن درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن لە ناو هاوپەیمانیی نیشیتمانی، تا هەموو پێکەوە کار بکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی ھاوپەیمانیەكە لەپێناویدا راگەیاندراوە و بریتیە لە گێڕانەوەی ئومێد بۆ هاووڵاتیان و نیشتیمان.