هێمن هەورامی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاشکرای کردووە: "ئامادەکارییەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکەی ۱۸ ی ۲ ی پەرلەمان درێژەیان هەیە و ئەمڕۆ سێشەممە 2019.2.12 وەکوو شاندی فراکسیۆنی پارتی، سەردانی فراکسیۆنی یەکگرتوو, پیکهاتەی تورکمان، پیکهاتەی کلدان، سریان و ئاشوورمان کرد و پێشوازیمان لە شاندی فراکسیۆنی یەکیتی کرد".
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا فراکسیۆنی پارتی سەردانی زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردووە و لەلایەکی دیکەشەوە شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و کابینەی نوێی حکوومەت، سەردانی حزب و پێکهاتەکانی تورکمان، کلدان و ئاشوور و سریانیان کردووە.