بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیییەکانی بەڕێوپەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، ئافرەتێک لەنێو باخێکدا دەستبەسەر کراوە، چوار تۆمەتباریش بەھۆی ئەو ڕووداوەوە دەستگیر کراون".
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیییەکانی بەڕێوپەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند:" ئافرەتێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیار نەمابوو، دوای بەدواداچوونی ھێزەکانی پۆلیس دەرکەوت ئەو ئافرەتە لە شارۆچکەی پیرەمەگروون لەناو باخێکدا بووە، بە بڕیاری دادوەر ھێزەکانی پۆلیس ھەڵیانکوتایە سەر باخەکە و پاش دۆزینەوەی ئافرەتەکە، چوار تۆمەتبار دەستگیر کران و بڕی نیو کیلۆ مادەی تلیاک و کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا".
ھەر لەبارەی ئەو ڕووداوەوە ڕوونیشی کردەوە: "ئەو ئافرەتە لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە بۆ ئەو باخە براوە، بەڵام کە ئافرەتەکە زانیویەتی لەوێ مادەی ھۆشبەری لێیە، تۆمەتبارەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕێگرییان لێ کردووە کە بگەڕێتەوە ماڵەوە، تۆمەتبارێکیان خاوەنی باخەکەیە، تۆمەتباری دووەک خۆشەویستی ئافرەتەکەیە، تۆمەتباری سێیەمیش پاسەوانی باخەکەیە، تۆمەتباری چوارەمیش لەڕانیەوە بۆ باخەکە ھاتووە، بۆ ئەوەی مادەی ھۆشبەر بەکار بھێنێت".
نەقیب سەرکەوت گوتیشی: "ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی شەوانە بە مەبەستی بنبڕکردنی تەقەکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی سلێمانی شەڕ دەکەن، بڵاو دەبنەوە، لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسیشەوە 10 تۆمەتبار دەستگیر کراون، کە شەڕیان کردووە و پشێوییان ناوەتەوە، ئێستاش ئەو تۆمەتبارانە بەبڕیاری دادوەر بەند کراون".
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندیییەکانی بەڕێوپەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەش کرد: "ھەر چەندە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنی چەکی قورسی داوە، بەڵام ئێمە بەردەوام ھەوڵی بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەتمان داوە و بەپێی بڕایارەکەی وەزارەتی ناوخۆ نابێپ چەکی قورس لەھیچ ماڵێکدا ھەبێت، بەڵام خەڵکی وایە ھەیە دۆشکەی بۆ فرۆشتن داناوە، بۆیە ئەوەی چەکی قورس و چەکی بێ مۆڵەتی ھەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت".