پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لە بەرامبەر ئەو بانگەشانەی عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێدەنگن کە دەڵێت ژەهرخواردکراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەگەری ژەهرخواردکردنەکەی یەکلا نەبووبێتەوە و میدیاکانی ئەو حزبەش هەواڵەکەی بڵاو ناکەنەوە.
دوێنێ یەکشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠١٩، عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی و پاشان لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە ئەوەی ڕاگەیاند کە ژەهرخوارد کراوە و بە دووریشی زانی کە لە نێو خودی یەکێتیدا هەوڵی کوشتنی درابێت.
ئەم قسانەی سەراوی، لە بەشێکی هەرە زۆری میدیاکانی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کرایەوە، بەڵام میدیا فەرمی و سێبەرەکانی سەر بە یەکێتی ئەو بانگەشانەی عەتا سەراوییان بڵاو نەکردەوە و بایەخێکی ئەوتۆشیان پێ نەدا.
(باسنیوز) هەوڵی دا لەمبارەیەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ڕاگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی زانیاری وەربگرێت کە ئاخۆ هۆکاری ئەو بایەخپێنەدانە بۆ ناڕاستیی بانگەشەکانی عەتا سەراوی یاخود بۆ هۆکاری دیکە دەگەڕێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز)، عەتا سەراوی داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردبوو، ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە لە ڕێگەی ژەهرخواردکردنەوە هەوڵی کوشتنیان داوە.
لە بەرامبەر ئەو داواکارییەی عەتا سەراوی، تاوەکوو ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بێدەنگییان هەڵبژاردووە و لەمبارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان ڕانەگەیاندووە.