سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەبێ لایەنە سایسییەکان لەبارەی بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە زووترین کات خۆیان یەکلا بکەنەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە رایگەیاندووە، پێویستە بە زووترین کات سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت.
فازڵ میرانی هەروەها رایگەیاندووە، دەبێ ئەو حزبانەی دەیانەوێ بەشداریی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بکەن، ”لەکاتێکی کورتدا خۆیان یەکلا بکەنەوە“.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە لایەنە سیاسییەکانیش کردووە، دەست بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردتان، بکەنەوە.
ئەو گوتانەی فازڵ میرانی لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ هاکان کاراجای، کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەولێردا هاتووە.
هەروەک ماڵپەڕەکە باسی کردووە، هاکان کاراجای بە مەبەستی پتەوکردنی ”پەیوەندییە مێژوویی و زۆر باش“ـەکانی نێوان گەل و حکوومەتی وڵاتەکەی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە.
رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان و پەسەندکردنی لەلایەن دادگای باڵاوە، پارتی بە بەدەستهێنانی 45 کورسی، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست هێنا.
رۆژی دووشەممە 3/12/2018، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاندید کرد.