سیاسەتمەدارێکی کوردستان جەختی لە گرنگیی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاشکرای کرد کە دونیای دەرەوە دەزانێت سەرۆک بارزانی ڕۆڵی ژمارە یەک لە کوردستاندا دەگێڕێت، بەڵام ”بەداخەوە کوردەکە خۆی لەوە تێناگات“.
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری ناسراوی کوردستان، لە بارەی سەردانەکەی دوێنێ چوارشەممە ٩ی ١ی ٢٠١٩ی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باشە، قسەیان لەگەڵ کردووە و گوتیان گفتوگۆکان ئەرێنی بووە، بەڵام پێویستیشمان بەوەیە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بکەین کە چی بۆ کورد دەکات و لە ڕووی سیاسییەوە چی هەیە و لە ڕۆژئاوا چی دەکات“.
ئەو سیاسەتمەدارە پێیوایە کە پێویستە کورد گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ ئەمریکا بکات و ڕێککەوتنێکی لەگەڵدا ببەستێت کە بەهۆیەوە هەندێک گەرەنتی بە کورد بدرێت. هۆکاری ئەمەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەرچەندە ئەمریکا لە هەندێک قۆناغدا هاوکاریی کوردی کردووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغیشدا هاوکاری نەکردووە.
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەحموود عوسمان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”کاک مەسعود ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و ئەوانەی دەرەوە هەمووی دەزانن ڕۆڵی ڕەقەم یەکی هەیە لەم بابەتەدا، بەداخەوە کوردەکە خۆی تێی ناگات لەو شتانە، ئەو ناکۆکیی حزبەکان و دژایەتیی یەکتر و ئەمانە، بەڵام سەرۆکی گەورەترین حزبە و کوڕی مەلا مستەفایە و سەرۆکی هەرێم بووە ماوەیەکی درێژ، ڕۆڵی هەیە“.
لە کۆتاییشدا ئەوەی دووپات کردەوە کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ”هەنگاوێکی گرنگە“.