بەرپرسێکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕای گەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی ”بە مۆڵەتی هێزەکانی عێراق“، هەوڵە شکستخواردووەکەی بۆ لادانی ڕێبوار تاڵەبانی دادەپۆشێت.
رەسول رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەپێی دەستووری عێراق، ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دەبێ ئاسایی بێت و پێشتریش ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگی بۆ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان داوە، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان قەدەخە کراوە و پێم وابێ برادەرانی یەکێتی ئیزنیان لەدەزگا ئەمنییەکانی عێراق وەرگرتووە بۆ ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان، واتا ئەوەشی کە کراوە بە رەزامەندیی ئەو لایەنانە کراوە، بۆیە بابەتێکی زۆر گرنگ نییە".
بە بڕوای بەرپرسەکەی سۆسیالیست لە کەرکووک، ناوچەکە بە کەرکووکیشەوە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە و ھاتنی بەشێک لە ھێزە ئەمریکا بۆ سنوورەکە وادەکات ئەو ھێزەی کە شیعە ھەیەتی لە ناوچەکەدا، بەرەو لاوازی بچێت و کوردیش بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو ھەلە بقۆزێتەوە، ”ئەوکاتە باش دەبێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”پارتی دەڵێت ئەگەر بگەڕێنەوە بە ئاڵای کوردستانەوە دەگەڕێنەوە و ئێستاش یەکێتی ئاڵای ھەڵکردووە، ئەوەشی یەکێتی کردوویەتی، بۆ راستکردنەوەی ورەی جەماوەر و کادیرانی خۆیانە و کادیرانی خۆیان لەو دۆخەی ئێستای کەرکووک زۆر ناڕازین“.
رەسوڵ ڕەئوف لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) باسی لە هۆکارێکی دیکەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی یەکێتی لە کەرکووک کرد و گوتی: ”دوێنێ سێشەممە ئەو ھەوڵە سەری نەگرت کە ھەوڵ درا دەسەڵات لە رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وەربگرنەوە، بۆیە بەھۆی ھەڵکردنی ئاڵاوە، ئەو ھەوڵەی یەکێتی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داپۆشرا و ھەڵکردنی ئاڵا لەلایەن یەکێتییەوە ئەوەندەی بۆ راگەیاندنە، بۆ خەڵکی کەرکووک نییە، چونکە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک لە ھەموو شتێک گرنگترە“.
پێشتر حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە لە ئایندەدا ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەربکەوێت، یەکێتیش ئەوەی زانیوە، بۆیە کەوتووەتە پەلەکردن لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان.