دوای 87 ساڵ لە بوون بە دەوڵەت، ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ لە شەقامەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق قەدەغە دەکرێت.
عەمید عەمار وەلید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، تابلۆی ئۆتۆمبێل و کاغەزی ساڵانە (سەنەوی)یان دابین کردووە بۆ ئۆتۆمبێل و شۆفێران.
عەمید عەمار وەلید هۆشداریی داوەتە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان لەوەی لە رۆژی چوارشممە 13-11-2019ـەوە هەر ئۆتۆمبێلێک تابلۆی پێوەنەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێ.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ داوای لە شۆفێران کردووە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ بکەن و تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن.
عێراق ل ساڵی 1932 بووەتە دەوڵەت و ئێستا ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی ئەو وڵاتەش لە ساڵی 2003، بە ملیۆنان ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هاوردەی وڵاتەکە کران و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەک، ئەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکار دەهێنرێن.