سەرکردەیەکی باڵای عێراقی داوای گۆڕینی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی سێ پارێزگا دەکات، کە پەیوەندیی بە بەشێکی باشووری کوردستانیشەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 12-1-2019، باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق و سەرکردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە چەند ناوچەیەک سەریان هەڵداوەتەوە.
باقر جەبر زوبەیدی هەروەها رایگەیاندووە، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دەکرێ و پشتیوانی دەکرێن.
ئەو سەرکردە عێراقییە داوای گۆڕینی هەموو فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرسێ پارێزگای ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوای کردووە، بۆ رێگرتن لە مەترسیی دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش.
چەند ناوچەیەکی کوردستانی دەکەونە سنووری هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین، کە دیارترینیان بریتین لە خورماتوو لە سەڵاحەدین و مەخموور، شنگال و دەشتی نەینەوا لە پارێزگای نەینەوا.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ئەو ناوچە کوردستانییانە لەلایەن هێز و میلیشیا عێراقییەکان داگیرکران و بەهۆی ناکارایی ئەو هێزانەوەش، داعش لەو ناوجە کوردستانییانە سەریان هەڵداوەتەوە و رۆژانە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.