ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن گوتەبێژێكی ئاسایشەوە، دەستبەسەرداگرتنی شەش كیلۆگرام هێرۆیین لە شاری وانی باكووری كوردستان راگەیاندرا.
بە پێی راگەیاندراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان، لە شارۆچکەی ئیپەکیۆڵوی وان، لە ناو بارهەڵگرێکدا شەش کیلۆ و ٦٠ گرام هێرۆیین دەستی بەسەردا گیرا و کەسێکیش دەستبەسەر کرا.
ئاسایش رایگەیاندووە کارەکانیان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە بازرگانی و گواستنەوە و کۆگاکردنێكی مادەی هۆشبەر بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا تیمەکانی یەکەی بەرەنگاریی تاوانی هۆشبەر، لە گەڕەکی جمهوریەت گەڕان و پشکنینیان بۆ بارهەڵگرێک کرد کە بە شێوەیەکی گوماناوی وەستابوو.
ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی بڵاوی كردەوە كە دوای ئەوەی سەگی تایبەت بە ئاشکراکردنی مادەی هۆشبەر بەکار هات لە کاتی گەڕان و پشکنیندا، لەنێو پشتی بارهەڵگرێکدا هێرۆیینەكە لە ١١ پاکەتدا دۆزراوەتەوە، لەو بارەیەوە کەسێک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و گواستنەوەی دەستگیر کرا.